ئاژانس
بە ھۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکاندا، عێراق پەنای بۆ کوەیت و ئێران بردووە بۆ ھێنانی لەپێناو چارەسەری نەخۆشانی کۆرۆنا، کە بە وتەی بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەو ھاوردەکردنەش کێشەی تێ کەوتووە.
حازم جومەیلی، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ کاروباری ھونەری بە “ئاژانس”ی وت: “کەمبوونەوەی ئۆکسجین بە ھۆی زۆریی ویست لەسەری و بێتوانایی کارگە ناوخۆییەکانی وەزارەتی تەندروستی و کەرتی تایبەتە”.
جومەیلی وتیشی: “بەردەوام لە کارداین لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کارگەکانی کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی ئۆکسجین و بە ھۆی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆناش گەیشتنی ئۆکسجین لە کوەیتەوە کەمتر بووەتەوە و یەکێک لەو کارگانەی ئێرانیش کە ئۆکسجینمان لێیان ھاوردە دەکرد پەکی کەوتووە”.