عەبدوڵڵا ڕێشاوی
هەتا ماوەیەكیش بەر لە ئێستا دەمانتوانی بڵێین، كوتلەی كوردستانی لە بەغدا وەك یەكگرتووترین كوتلەی پێكهاتەیی لە عێراقدا، دەردەكەوێت .
پارتی و یەكێتیی بڕیاریان دابوو، پێكەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن، هێزەكانی تریش نەویستوویانە و نە بە ئاسانییش دەتوانن ببنە ئەلتەرناتیڤێكی جددیی نوێنەرایەتیكردنی هەرێمی كوردستان لە لایەن پارتی و یەكێتییەوە، ڕاستی ئەوەیە ئەو هێزانە واقیعییانە و بەرپرسیارانەش مامەڵە دەكەن.
وێنەكە لە سەرەتاوە وا بوو، نوێنەرایەتیی كوردستانی یەكگرتووانە دەردەكەون و نایانەوێت ململانێیەكی وا لە بەغدا بكەن، كە زیانی بۆ دەستكەوتەكانی هەرێم هەبێت، سوننە، دابەش بوون و بەزەحمەت توانیان پۆستی سەرۆكی پارلەمان بۆ خۆیان یەكلا بكەنەوە، شیعە لە خراپترین دۆخی دابەشبووندان.
بەڵام ئایا ئەم وێنە یەكپارچەیەی كورد تا سەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە؟ ئایا دۆسیەی پۆستی سەرۆکكۆمار و پۆستی پارێزگاری كەركوك كە هەردوو حزب زۆر بە هەستیارییەوە دەستی بۆ دەبەن، وەك بۆمبێك بەم هاودەنگییەی نێوان پارتی و یەكێتیی و هێزەكانی دیكەشدا ناتەقێتەوە؟
ترسناكیی تەقینەوەكە هەر لە نێوان پارتی و یەكێتییدا نییە، بەڵكو پێدەچێت هێزەكانی دیكەش چیدیكە نەیانەوێ وەك جاران لە بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەكێتیی بكەن، ئەو هێزانە بەو هەموو نیگەرانییەوە كە چوونە بەغدا كەچی لەگەڵ ئەوەشدا پارتی هەڵبژاردنێكی دیكەی بەسەردا سەپاندن لە هەرێم، هەروەك ئەوەی حسابیان بۆ نەكات.
جووڵەكەی كۆمەڵ بەجیا و یەكگرتوو بە جیا، بۆ ڕكابەریی پارتی لەسەر پۆستی جێگری دووەم، یەكێك بوو لە ئاماژەكانی ئەم یاخیبوونە، كە پەیوەست بوو بە دەرهاوێشتەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایار و سەپاندنی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان بەسەر هێزەكانی تردا لە 30ی 9، سەرەڕای دانوستان و دانیشتن و تێگەیشتنی پارتی لەوەی كە ئەم هێزانە ناخازن ئەم هەڵبژاردنە بكەن. سەرەڕای ئەوەش نیشاندانەوەی ئەم ڕاستییانە لە میدیادا وەك وەبەرهێنانێكی سیاسی و هەڵمەتێكی پێشوەختە بۆ شكاندنی ئەو هێزانە.
لە سەرەتاوە دیار بوو كە ئەگەری بەهێز ئەوەیە تەقینەوەی گەورە لەوانەیە لە بابەتی پۆستی سەرۆکكۆمار و پۆستی پارێزگاری كەركوكدا هەموومان بشۆكێنێ، ئەگەر ئەم بابەتە لە لایەن عاقڵمەندانەوە بە ڕێكکەوتن یان بە دەنگدان یەكلا نەكرێتەوە، ئەوە شتێكی باش بوو كە پاڤڵ تاڵەبانی وتی: «ئێمە ئامادەین بە دەنگدان لەناو پەرلەمان ئەمە یەكلا بكەینەوە»، هەرچەندە ڕێككەوتن باشترە.
هەر لە سەرەتاوە بۆ هەر چاودێرێك ڕوون بوو كە پارتی و یەكێتیی هەر یەك بە شێوەیەك تەماشای ئەم كەیسە دەكەن، یەكێتیی هەردوو پۆستەكە بە هیی خۆی دەزانێت و پارتییش پێی وایە لە پاش مام جەلال و لە پاش سڕكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە كوردستان، ئیدی هیچ پاساوێك بۆ ئەوە نەماوەتەوە كە پۆستی سەرۆکكۆمار تاپۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بێت.
ئێستا پارتی و یەكێتیی گەر بیانەوێت نوێنەرێكی ڕاستەقینەی هەرێم بن لە بەغدا بەبێ ڕكابەر، نابێت بێخەم و مەغروور و وەك شامی شەریف تەماشای ئەم نوێنەرایەتییەیان بكەن، ئەوان پێویستیان بە یەكلاكردنەوەی وردەكارییەكانی نێوان خۆیان هەیە، بۆ نموونە دەبوو زووتر بە تەوافوق لەگەڵ هەموو هێزەكان پۆستی سەرۆکكۆمار یەكلا بكەنەوە لە نێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی ناچار نەبن سازش لەگەڵ هێزە عێراقییەكانی دیكە بكەن.
هەروەها پێویستیان بە نواندنی پیشەی سوراحی هەیە، لە بەرامبەر هێزەكانی دیكە و نابێت بە كەم تەماشایان بكەن، چونكە هەر خودی ئەو جووڵەیەی یەكگرتوو كۆمەڵ ئەگەر بە هەماهەنگی بوایە و گۆڕانیشی تیا بوایە و كاری زیاتریشی بۆ بكرایە، دەكرا ببێتە هەڕەشەیەكی جددی لەسەر پۆستی جێگری دووەم، بەڵام ئەو جووڵەیە بەو سادەییە تەنها مهسجێك بوو لە لایەن ئەو هێزانەوە بۆ پارتی.
كورد سەرەڕای ناكۆكییە سیاسییەكان بەڵام پێویستییەكی مێژوویی بە یەكگرتن و پێكەوەبوونە، بۆ ئەمەش پێویستە هەموو بۆمبەكانی بەردەم ئەم یەكدەنگییە پووچەڵ بكرێنەوە.