بێستون حسێن عارف
کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى ئێران کە بڕیارە لە 19ی ئایارى 2017 ئەنجام بدرێت. بۆ ئەو پڕۆسەیەش 1636 کەس خۆیان تۆمارکردبوو بۆ ئەوەى ببن بەکاندیدى سەرۆکایەتى بەڵام تەنها شەش کەس لەو ژمارەیە لە لایەن مەجلیسى سیانەى دەستوورەوە پەسەندکران ئەوانیش (سەرۆکى ئێستای ئێران حەسەن ڕووحانى، ئیبراهیم ڕەیسى محافزکار و پیاوى ئایینى نزیک لە ڕابەرى باڵا، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکى شارەوانى تاران، ئیسحاق جیهانگیرى جێگرى سەرۆکى ئێستاى ئێران، موستەفا میرسەلیم و مستەفا هاشمى تەبا). سەرۆکى پێشووى ئێران ئەحمەدى نەژاد لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە ڕەتکرایەوە و بە ناشایستە بۆ خۆکاندیکردن لە قەڵەمدرا، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ساڵى ڕابردوو ڕابەرى باڵاى ئێران (ئایەتوڵڵا عەلى خامنەئیى) ئەحمەدى نەژادى ئاگادار کردبووەوە کە خۆى تۆمار نەکات بۆ کاندیدى سەرۆکایەتى. پشتگوێخستنى ئامۆژگارییەکەى ڕابەڕى باڵا بووە هۆى شۆککردنى زۆرێک لە ناوخۆ و دەرەوەى ئێران کاتێک ئەحمەدى نەژاد بڕیارى دا خۆى ناونووس بکات بۆ کاندیدى سەرۆکایەتى بە بیانووى پشتگیریى کردنى جێگرەکەى پێشووى خۆى لە سەردەمى سەرۆکایەتیدا (حەمید بەقایى). لێرەدا گرنگ نییە مەبەستەکانى ئەحمەدى نەژاد لە پشت ناونووسکردنەکەیەوە بخرێتە ڕوو، ئەوەى جێگەى پرسیارە ئایا بۆچى ئەحمەدى نەژاد بە کەسێکى ناشایستە بۆ خۆکاندیدکردن لە قەڵەمدرا.
دیارە لە ئێران ڕابەڕى باڵا قسەى کۆتایى لە هەموو کاروبارەکاندا هەیە بە سیاسەتى دەرەوەى ئێرانیشەوە، پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ئەحمەدى نەژاد بە گوێى ڕابەرى باڵاى ئێرانى نەکرد. لە دەرەنجامدا ئەنجوومەنى ێیانەى دەستور کە دەسەڵاتى دیاریکردنى کاندیدەکانى سەرۆکایەتى هەیە بە شێوەیەک لەشێوەکان لەژێر فەرمانى ڕابەرى باڵادایە لەبەرئەوەى ئەندامەکانى ئەم ئەنجومەنە بەشێوەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە لایەن ڕابەڕى باڵاوە هەڵدەبژێریت. ئەمە جگە لەوەى ئەحمەدى نەژاد لە ماوەى سەرۆکایەتیدا (2005-2013) چەندین جار بەشێوەى ناڕاستەوخۆ ڕووبەڕووى دەسەڵاتى ئایینى بووەتەوە لە ئێران، ئاماژەى بە پێویستى سیستەمێکى نوێ فەرمانڕەوایى کردووە بە شێوەیەک کە دەسەڵاتى ئایینى تەنیا ڕۆڵى ڕاوێژکارى هەبێت تیایدا. لەبەرئەوە ئەحمەدى نەژاد کە زیاتر وەک سەرکردەیەکى تووند و پۆپۆلیست ناسراوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دامەزراوە سیاسى و ئایینییەکانى ئێران تەماشا دەکرێت.
ئەمە جگە لەوەى ئێران لە ماوەى سەرۆکایەتى ئەحمەدى نەژاد ڕووبەڕووى چەندین سزاى ئابوورى بووەوە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە و ئابوورى ئێران بەرەو داڕووخان چوو و ڕێژەى بێکاریى لەو وڵاتە بە شێوەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە. لەبەر ئەوە ڕەنگە ڕابەرى باڵا لە ئێستادا نەیەوێت کەسێکى تووندگیرى وەک ئەحمەدى نەژاد دەسەڵات بگرێتە دەست، بە تایبەتى دواى ئەو کرانەوەیەى کە ئێران بە ڕووى وڵاتانى دراوسێ و جیهان لە ڕووى دیبلۆماسى و ئابوورییەوە بە دەستى هێناوە، ئەمە سەڕەراى گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر پڕۆگرامى ئەتۆمى ئێران کە ئەحمەدى نەژاد بەردەوام سوور بوو لەسەر پەرەپێدانى. کۆتاخاڵ ڕەنگە ڕابەڕى باڵا بیەوێت بە شێوەیەکى تر پشتگیرى لە ئیبراهیم ڕەیسى بکات کە کاندیدى مخافزکارەکانە بۆ هەڵبژاردنەکان و پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ ڕابەرى باڵا هەیە، تەنانەت هەندێک کەس لە ئێران ئیبراهیم ڕەیسیان وەک جێگرەوەیەک بۆ ڕابەڕى باڵا لە داهاتوودا پێشبینی کردووە. ئیبراهیم ڕەیسیش هەروەک ئەحمەدى نەژاد ڕایگەیاندووە کە بەرگریى لە مافى چینى خوارەوەى هاووڵاتیان دەکات و کار لەسەر باشترکردنى ژیانیان لە ڕووى ئابوورییەوە دەکات. بۆیە بە وەدەرنانى ئەحمەدى نەژاد لە گەمەکە، مەترسى پەرتەوازەیى دەنگدەر و لایەنگرانى محافزکارەکان کەمتر کراوەتەوە، ئەو دەنگانەى کە بۆ ئەحمەدى نەژاد دەچوو لە کاتى کاندیدبوونى، ئێستا ئەگەرى زۆرە کە بۆ ئیبراهیم ڕەیسى بچێت.
لە کۆتاییدا ئەمە دەرخەرى ئەو ڕاستییەیە کە هەرکەسێک مەترسى بۆ سەر دامەزراوەى ئایینى درووست بکات لە ئێران، ئەوا ناتوانێت بە فلتەرى دامەزراوە ئایینییەکاندا تێپەڕ ببێت کە بە شێوەى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕابەڕى باڵاوە سەرپەرشتى دەکرێت.