ئاژانس:
هەرچەندە ویلیان لە مۆندیالی روسیادا ئاستێکی بەرزی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلدا پێشکەش نەکرد، بەڵام جارێکی دیکە ئەوەی سەلماندەوە کە پارێزگاریی لە خێراییە زۆرەکەی کردووە و لەهەمانکاتیشدا دەتوانێت رۆڵێکی بەرگریکارانەی باش بگێڕێت لەوکاتانەی کە تیپەکەی تۆپ لەدەست دەدات.
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە سەرکردایەتیی بەڕێوەبەری وەرزشیی نوێی یانەکە «ئێریک ئەبیداڵ» دەستیان بە جوڵەکانیان کردووە بۆ ئەوەی کێشەکانی وەرزی رابردووی یانەکە چارەسەر بکەن. ئەو کێشانەی کە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ئەوا چاوەڕواندەکرێت وەرزی داهاتووش روبەڕویان ببێتەوە.
پاش گواستنەوەی ئارسەری بەرازیلی کە بە «چاڤی نوێ یان ئینێستای نوێ» وەسفدەکرێت، یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستی لەگەڵ بەرگریکاری فەرەنسی کلیمێنت لینگلێت-یشدا ئیمزاکرد.
یانە کەتەلۆنییەکە راناوەستێت، بەڵکو دەیەوێت بەر لەوەی بگاتە دوایین رۆژەکانی مێرکاتۆ، گرێبەستێکی گەورە رابگەیەنێت. بەرشەلۆنە دەترسێت لەکۆتا رۆژەکانی مێرکاتۆدا هەمان سیناریۆی فیلیپی کۆتینیۆ دوبارە ببێتەوە «وەکچۆن کڕینی ئەو یاریزانە بەرازیلییە لەهاویندا سەری نەگرت و کەوتە زستانەوە».
ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە لەماوەی هەفتەیەکدا سێ گرێبەستی پێشکەش بە یانەی چێڵسی کردووە بۆ گواستنەوەی ویلیان. سووربوونی بەرشەلۆنە لەسەر کڕینی ویلیان چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە، کەناڵی بین سپۆرت پێنج لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیاری کردووە.
بەر لەهەموو شتێک یەکێک لە کارە تەقلیدییەکانی بەرشەلۆنە ئەوەیە، کە مێژوویەکی درێژیان لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکاندا هەیە. ناوهێنانی رۆماریۆ، رۆناڵدۆ، ریڤاڵدۆ، رۆناڵدینیۆ، نیمار و کۆتینیۆ بەسن بۆ سەلماندنی ئەو خوێنە بەرازیلییەی لەناو کامپ نودا هاتوچۆ دەکات. لەم روانگەیەشەوە گواستنەوەی ویلیان جارێکی دیکە ئەو خوێنە بەرازیلییە زیندوودەکاتەوە.
ئێرنستۆ ڤالڤێردی راهێنەری بەرشەلۆنە بە چاوەکانی خۆی بەهای ویلیانی لەنێو یاریگادا بینیوە و پێی سەرسام بووە، ئەمەیش کاتێک لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگی وەرزی رابردوودا چێڵسی و بەرشەلۆنە روبەڕوی یەکتر بونەوە (ویلیان لە یاریی چووندا گۆڵێکی تۆمارکرد).
هەرچەندە ویلیان ئاستی بەرزی لەمۆندیالدا پێشکەش نەکرد، بەڵام توانی چەند ژمارەیەکی باش تۆماربکات. ویلیانی تەمەن 29 ساڵ لەکۆی 13 هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یاریزانی تیپی بەرامبەر توانیویەتی 11 جار سەرکەوتوو بێت. هەروەها لەماوەی 359 خولەکدا 14 جار تۆپی لە تیپی بەرامبەر پچڕاندووە. ئەم ژمارانەیش بەراورد بە کۆتینیۆ باشتر بوون، بەوپێیەی کۆتینیۆ شەش لێسەندنی هەبووە لە 436 خولەکدا.
رەنگە لەڕووی تۆمارکردنی گۆڵ و رەخساندنی هەلی مەترسیداردا، کۆتینیۆ لە ویلیان باشتر بێت. بەڵام ویلیان خاوەنی تایبەتمەندییەکی دیکەیە ئەویش بریتییە گەڕانەوەی خێرا بۆ نیوە یاریگای خۆیان و هەوڵی پچڕاندنی تۆپی تیپی بەرامبەر، واتە نەزعەیەکی بەرگریکارانەی تێدا زاڵە، هەر ئەمەیشە کە بەرشەلۆنە پێویستییەتی بۆ ئەوەی لەپاڵ بۆسکێتس دا یاری بکات.
پاش ئەزمونە سەرکەوتووەکەی «MSN»، بەرشەلۆنە دەیەوێت هەمیشە لە یارییەکاندا سێگۆشەیەکی هێرشبەری ترسناکی هەبێت، کە لە سێ یاریزان پێکبێت، کە ئاستیان لەیەکترەوە نزیک بێت و هەرسێکیشیان توانای تۆمارکردنی گۆڵ و هاوکاریکردنی یەکتریان هەبێت. ویلیان دەتوانێت لەگەڵ میسی و سوارێز و کۆتینیۆدا پشوو بەیەکتر بدەن و هەمیشە سێگۆشە ترسناکەکە لەکاردا بێت.