ساڵی بایی 600 ملیۆن دینار پەمپ لە هەرێم دەفرۆشرێت
ئاژانس –شیروان محەمەد ئەمین
كچان لە هەرێمی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە خۆیان له ئەگەری دەستدرێژی و گێچەڵی پیاوان، پەمپی بیبەر بە كار دەهێنن، كە ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار دانە بە بەهای زیاتر لە 600 ملیۆن دینار بە شێوەی تاك دەفرۆشرێت، پزیشكێك وێڕای ئاماژەدان بە كاریگەریی خراپی ئەو ماددەیە، هانی كچانیش دەدات تووندترین سپرای بیبەر دژ بە دەستدرێژیكاران بە كار بهێنن.
شۆخان مەمەند، كە پیشەی مامۆستایە لە ناوچەی قەرەداغ، یەكێكە لەو ژنانەی چەكێكی شاراوە كە پەمپی بیبەری توونە لە جانتاكەیدایە و چیرۆكێكی بەكارهێنانی ئەو پەمپەی هەیە كە لە دەست شۆفێرێكی تاكسی پاراستوویەتی.
شۆخان لە بارەی ئەو ڕووداوەوە بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״جارێك من و سێ هاوپیشەی هاوڕێم، لە هەولێرەوە بە تهكسی دەگەڕاینەوە بۆ ڕانیە، شۆفێرەكەش پیاوێكی تەمەن 40 ساڵ بوو، هاوڕێكانم زووتر لە من دابەزین، شۆفێرەكە وتی كچە جوان حەز دەكەم بێیتە پێشەوە، خۆمم گێل كرد هێندەی پێ نەچوو چەند قسەیەكی زۆر نەشیاوی كرد، ترسی ئەوەم هەبوو بەرەو شوێنێكی چۆڵەوانی بڕوات، منیش دەسەڵاتی ئەوم نییە، بۆیە بە دەم پێكەنینەوە وتم: باشە دێمە پێشەوە، كە ئۆتۆمبێلەكەی ڕاگرت كەمێك سپرای بیبەرم كرد بە دەموچاویدا، بەو جۆرە خۆمم لە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ڕزگار كرد، ئەم چیرۆكەم بۆ زۆر لە كەسوكار و هاوڕێكانم باس كردووە، ئەوانیش بە هۆی منەوە فێری هەڵگرتنی چەكی سپرای بیبەر بوون.״
بە پێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەرێم كە لەبەر دەستی ״ئاژانس״ە، لە دە مانگی ئەمساڵ (8) هەزار و (509) سكاڵا تۆمار كراون، (42) ژن خۆیان كوشتووە و (30) ژنی دیكەش كوژران، (93) حاڵەتی تووندوتیژیی سێكسییش تۆمار كراون.
ئەمە لە كاتێكدایە بەراورد بە دە مانگی ساڵی 2018 تووندوتیژی و كوشتن كەمتر بووە، بە جۆرێك (8138) سكاڵا تۆمار كراوە، (39) حاڵەتی كوشتی ژنان و (51) حاڵەتی خۆكوشتن و 85 حاڵەتی تووندوتیژیی سێكسی تۆمار كراون.
واحید عەباس، تەمەن 54 ساڵ، كە پیشەی چەكفرۆشتنە لە بازاڕی چەكفرۆشان لە سلێمانی بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״چەند ساڵێكە كچان بە شێوەی نهێنی لە بازاڕی چەكفرۆشان خواستیان لەسەر كڕینی سپرای بیبەر (فلفل) هەیە، كە بە گازی (O.C) دەناسرێتەوە، ئەمەش زیاتر لە 15 جۆری هەیە، كە هەموویان لە قەبارەدا جیاوازن لە پێكهاتەشدا تێكەڵەیەكی گاز و ماددهیهكی ترشیان تێدایە.״
״كچان سپرای بیبەر وەك چەكێك بە كار دەهێنن بۆ بەرگریكردن لە خۆیان لە كاتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێكسی، كە بۆ بەرامبەر دەبێتە هۆی گێژبوون و لێڵبوونی بینین و ئازاری چاو، ئەگەر ڕێژەی بەركەوتنیش زۆر بێت دەبێتە هۆی سوتاندنی جەستە״.
״لەسەر ئاستی هەرێم ساڵانە زیاتر لە 30 هەزار دانە بە بەهای زیاتر لە 600 ملیۆن دینار بە شێوەی تاك دەفرۆشرێت״، ئەو بازرگانه سەرەكییەی سپرای بیبەر وای وت.
سپرای بیبەر، لەبەر ئەوەی وەك كەرەستەیەكی بەرگریكردن بە كار دێت و لەو جێگایەنەش دەفرۆشرێت كە كەرەستەی سەربازیی دەفرۆشن و بە گوێرەی بەدواداچوونی ״ئاژانس״، نرخی هەرزانترین سپرا بە 20 بۆ 55 هەزار دینارە״.
كۆچەر عەبدوڵڵا، لە بازاڕی چەكفرۆشانی شاری هەولێر كار دەكات، ئەو بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״ئەوەی داوای سپرای بیبەر بكات، ئەگەر نەیناسین داوا دەكەین نووسراوێك لە وەزارەتی ناوخۆ یان قائیمقامییەتی هەولێر بهێنێت بۆمان، بۆ ئەوەی تووشی كێشەی یاسایی نەبین، بەڵام هەركەسێك بناسین دەتوانین بۆی دابین بكەین״.
״ڕۆژانە لانیكەم 5 تاكو 10 سپرای بیبەر دەفرۆشم بە كچان، كە بەردەوام خواستی كچانیش بۆ بەكارهێنانی ئەم سپرایە ڕوو لە هەڵكشان دەكات״، كۆچەر وای وت.
سپرای بیبەر، سەرباری ئەوەی وەك چەكێكی دوورخستنەوەی هەوڵی تاوانكاری و بەرگریكردن بە كار دێت، بەڵام مەترسی بۆ سەر ژیانی ئەو كەسانە درووست دەكات كە تەنگەنەفەسییان لەگەڵدایە.
دكتۆر كامەران قەرەداغی، پشپۆڕی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو ماددەیەی كە دەچێتە ناو چاو تووشی كزانەوەی دەكات، دواتر لە ڕێگەی خوێنەوە كاریگەریی خراپتر جێدەهێڵت، ئەگەر سپراكە بچێتە ناو دەم و لوت ئەوا بۆ بۆریی هەوا و هەناسە مەترسیدارە، بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی حەساسیەت و ڕەبۆیان هەیە، دەبێتە هۆی درووستبوونی كۆكە و تەسكبوونەوەی بۆریی هەوا، لە حاڵی بەركەوتنی ڕێژەیەكی زۆر مردنیشی لێ دەكەوێتەوە.״
״پەمپی بیبەر باشترین چەكی شاراوەی كچان و ژنانە، لە دژی ئەوانەی گێچەڵیان پێ دەكەن، بۆیە باشترە تووندترین جۆر و بۆ ئاڕاستەی چاو بە كاری بهێنن״، دكتۆر كامەران وای وت.