شیروان حامد
ڕووداوه‌كانی 16/10ی ئه‌مساڵ نه‌ك هه‌ر خاڵی وه‌رچه‌رخانی درووستكرد له ڕووی سیاسی و سه‌ربازی و باڵانسی هێزه‌وه، به‌ڵكو حه‌قیقه‌تی كاری میدیایی هه‌ندێك كهناڵیشی ده‌رخست كه لافی پیشه‌یی بوون و پێشه‌نگبوونیان لێ ده‌دا.
به درێژایی دوو مانگی ڕابردوو چه‌ند میدیایه‌ك له خولقاندنی حه‌قیقه‌تی ساخته بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مێشكی بینه‌ر پشكی شێریان به‌رده‌كه‌وێت. بۆ نموونه، سه‌وداسه‌ریی تێكه‌ڵاوكردنی ژانری هه‌واڵ (جا هه‌واڵی ڕۆژانه‌ی ناوخۆیی، ئیقلیمی یان جیهانی بووبێت) له‌گه‌ڵ داستان و خورافاتی ئایدۆلۆژیی ئه‌و لایه‌نه سیاسییه‌ی له‌پشت پاره‌داركردنی ئه‌و كهناڵانهوهن، پاشان بوونی لایه‌نگیریی سیاسی له‌داڕشتنی بابه‌ت و هه‌واڵه‌كان یان گواستنه‌وه‌ی به مه‌به‌ست و به سیاسیكراوی ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان له‌و ئامرازانه بوون كه ئه‌و میدیایانه بۆ فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته ساخته‌یه په‌نایان بۆ بردوون.
له ڕاستیدا، داڕشتنه جیاواز و گوماناوییه‌كانی هه‌واڵ له‌و كه‌ناڵانه هیچ بوارێك بۆ بینه‌ر ناهێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناچار به لایه‌نگیریكردن نه‌بێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا ته‌ماشاڤان ناچار ده‌بێت به زوویی بڕوا به خۆشباوه‌ڕیی یان به‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه درووستكراوانه بكات كه ئه‌و كه‌ناڵانه به‌رهه‌می ده‌هێنن. مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی 16/10 له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر، دوو كه‌ره‌سته‌ی باشن بۆ تێگه‌یشتن له پۆپۆلیزمی ئه‌و كه‌ناڵانه. له‌مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمدا ئه‌م كه‌ناڵانه ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌بوو له سنوورداركردنی مه‌ودای لێكدانه‌وه‌كان و گرتنه‌به‌ری قاڵبێكی تاك ڕه‌هه‌ندی له لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا. هه‌ڕه‌شه فوو تێكراوهكانی دوای ڕووداوه‌كانی كه‌ركوكیش بێ ده‌ربه‌ستی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی به‌رامبه‌ر دنیای سیاسی ئێمه پیشاندا كه چۆن له‌رێی پروپاگه‌نده‌ی نابه‌جێوه توانیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌شێكی زۆری هاووڵاتییان دابنێن.
ده‌رخواردانی ئایدۆلۆژیای لایه‌نێكی دیاریكراو له‌ژێر ناوی هه‌واڵدا ئامانجی ئه‌و كه‌ناڵانه زیاتر ڕوون ده‌كاته‌وه. به‌ناوی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، ئه‌و حزبه‌ی له‌پشت ئه‌م كهناڵانهوهیه به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه خۆراكی حزبی ده‌رخواردی ئه‌و بینه‌رانه بدات كه لایه‌نگری ئه‌و حزبه‌ن. تۆوی بڕوانه‌بوون به ئاڕاسته‌ی ناشرینكردن و دوودڵ بوون له نیه‌تی لایه‌نه‌كانی تری له دڵدا چاندوون. بینه‌ره لایه‌نگره‌كانی خۆیانی زیاتر به حزبه‌كه‌یه‌وه به‌ستۆته‌وه‌و له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه هه‌وڵیداوه ئه‌و بینه‌رانه له میدیای ئه‌هلی و له میدیای حزبه‌كانی تر زیاتر دوور بخاته‌وه.
به سیاسیكردن و گواستنه‌وه‌ی به مه‌رامی ڕووداوه‌كان و هه‌واڵه له خشتهبهرهكان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌ناڵانه‌وه له‌خۆوه‌و بێ به‌رنامه نییه. ئه‌گه‌ر به وردی دیقه‌ت بدرێت ده‌بینرێت ئایدۆلۆژیا‌و مه‌یلی سیاسی حزبێكی دیاریكراو سه‌نته‌ری گێڕانهوهكانه. به ئایكۆنكردنی چه‌ند كه‌سێك له‌ناو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ناكۆكی سیاسی ناوخۆییان هه‌یه ئه‌ویش له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و حزبه‌ی له پشت په‌خشكردنی ئه‌و كهناڵانهوهن ڕوون و ئاشكرایه. خولقاندنی كه‌شێك كه هه‌میشه په‌رچه‌كرداری سیاسی ناوخۆی حزبه‌كان و ناوخۆی هه‌رێم به دوای خۆیدا بهێنێت یه‌كێكی تره له خاسیه‌ته‌كانی به‌سیاسیكردنی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كان. قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی حزبه‌كانی تر بۆئه‌وه‌ی نهپهرژێنهسهر باسكردنی كێشه قووڵه سیاسییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه به‌شێكی تره له‌و مانفێسته.
به شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی، هه‌تا پێش مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی تر، به‌شه‌یتانكردنی وڵاتێك و بهفریشتهكردنی وڵاتێكی تر به‌شێك بووه له ستراتیژیی كاری ئه‌و كه‌ناڵانه. بۆ نموونه، زۆرترین وشه كه به‌رگوێمان كه‌وتووه و زه‌ق كراوه‌ته‌وه ئه‌ویش وه‌ك هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن بریتی بوون له وشه و زاراوه‌ی وه‌ك هه‌ژموونی ئێران، حه‌شدی شه‌عبی، عه‌بادی، مالكی، قاسم سولەیمانی، باڵی فڵان و باڵی فیسار، ئه‌وه‌ی ده‌نگ به ڕیفراندۆم نه‌دات خائینه، كه‌ركوك فرۆشرا و چه‌ندین شتی تری له‌م بابه‌ته.
به‌كارهێنانی به مه‌به‌ست و په‌یتا په‌یتای ئه‌و وشه‌و زاراوانه و به‌رده‌وام هه‌واڵ بڵاوكردنه‌وه له‌باره‌یانه‌وه بوار بۆ بینه‌ر ناهێڵێته‌وه جگه له‌وه‌ی كۆی ئه‌و پروپاگه‌ندانه به ڕاست بزانێت و بگره پڕیش بكرێت له ڕق و كینه و هه‌ڵوێستی كوێری توندوتیژانه به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه وه‌ك ئه‌وان بیر نه‌كه‌نه‌وه به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی كه هه‌ڵوێستی جیاوازیان به‌رامبه‌ر پرسه جیاوازه‌كان هه‌یه.
ئه‌م جۆره له‌كاری ڕاگه‌یاندن، به هۆی باڵاده‌ستی ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو‌و به سیاسیكردنی هه‌واڵ و ڕاپۆرتی مه‌یلداری لایه‌نێكی دیاریكراوه‌وه هۆكاری سه‌ره‌كی پشت به دیلكردنی به‌شێك له بینهرهكانه. بینه‌ری دیلكراو به‌هۆی سیاسه‌تی ئاڕاسته‌كراوی كاری میدیایی ئه‌و كه‌ناڵانه‌وه، بۆ نموونه له بابه‌تی ڕیفراندۆمدا، تێفكرینی به‌رامبه‌ر ده‌ره‌نجامی مه‌سه‌له هه‌ستیار و هه‌نووكه‌ییه‌كاندا پێچه‌وانه‌ی ڕاستیی تێده‌گه‌یه‌ندرێت. بینه‌ری دیلكراو وای تێگه‌یه‌ندرابوو ده‌وڵه‌تان به مه‌منوونییه‌وه له درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردییدا به‌شدار ده‌بن. بینه‌ری دیلكراو وا ڕاده‌هێنرێ ئه‌وه‌ی حزبی پشت ئه‌و كه‌ناڵانه به درووستی نه‌زانێت ئه‌وا زیانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی هه‌یه. بینه‌ری دیلكراو ژیانی پڕ ده‌كرێت له سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌و دونیابینی ساخته.
لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو نموونه‌ی به‌رچاوی زۆری تێدایه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چۆن میدیای ئاڕاسته‌كراوو پروپاگه‌نده‌چی به‌هۆی تێكه‌ڵاوكردنی ئه‌فسانه‌ی ئایدۆلۆژیی و لایه‌نگیریی بێ ده‌ربه‌سته‌وه واقیعێكی ساخته‌ی درووستكردووه كه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی به زیانێكی گه‌وره كه‌وتووه‌ته‌وه. شای ئێران به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌یه‌كی خۆرئاوایبوون و مۆدێرن بوونی ساخته‌ی گرتبووه به‌ر سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی بووه هۆی له‌ناوچوونی ڕژێمه‌كه‌ی. ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی گرتبوویه‌به‌ر بزوێنه‌ره‌كه‌ی ماس میدیایه‌ك بوو كه جگه له پروپاگه‌نده‌كردن بۆ ئه‌و ئاڕاسته ساخته‌یه هیچ كه‌ڵكێكی تری بۆ كۆمه‌ڵگه نه‌بوو.
له ڕاستیدا، هێشتا به هۆی سوودمه‌ندبوونی ئه‌و كه‌ناڵانه له لێشاوی پاره، ئاسانی و زوو گه‌یشتنیان به ئه‌كته‌ره سیاسییه‌كان، ڕووماڵه فراوان و پانوپۆڕهكانیان و داڕشتنه‌وه‌ی مه‌جرای ڕووداوه‌كان به‌و جۆره‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت وای كردووه بینه‌رێكی زۆر له ده‌وری خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه. به‌شێكی فراوانی ئه‌و بینه‌رانه‌ش به‌هۆی خۆشباوه‌ڕی و ته‌مبه‌ڵی و زمان نه‌زانینه‌وه به‌شداربوون له‌زیادكردنی بینه‌ری ئه‌و كه‌ناڵانه. تا ڕێبازی ئه‌و كه‌ناڵانه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێ درا ئه‌وا له دیلكردنی به‌شێكی بینه‌راندا ڕۆڵی به‌رچاویان ده‌بێت.