به‌غدا ده‌رمانی كه‌م ڕه‌وانه ده‌كات و ته‌ندرووستیی هه‌رێمیش قه‌رزاره‌و كۆمپانیاكانیش ده‌رمان ناده‌نه وه‌زاره‌ت
ئاژانس
قه‌یرانێكى تر ڕوو له هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، كه‌میى ده‌رمان و نه‌ناردنى بڕى پێویست له لایه‌ن حكوومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه پێكه‌وه ترسى خستووه‌ته دڵى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستی و نه‌خۆشه‌كانه‌وه، به هۆى نه‌بوونى پاره‌ى كاشیش به‌شێك له كۆمپانیاكان ئاماده نین چیتر ده‌رمان بده‌ن به وه‌زاره‌ت.
له ئێستادا له به‌شێك له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كاندا ده‌رمانى پێویست نییه‌و هاووڵاتییان ناچارن له ده‌رمانخانه‌كانى ده‌ره‌وه‌دا ده‌رمان بۆ نه‌خۆشییه‌كانیان بكڕن.
گرفتێكى تر‌ى كه‌میى ده‌رمان زیاتر به‌رۆكى هه‌رێم ده‌گرێت، ئه‌وه‌ش به هۆى ئه‌وه‌ى له بودجه‌ى حاكیمهى عێراقدا، هه‌رێمى كوردستان بڕى 15%ی پێداویستییه پزیشكییه‌كان و ده‌رمانى بۆ دیارى كراوه كه له‌سه‌ر بنه‌ماى پارێزگاكانى هه‌رێم ڕه‌وانه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ له بودجه‌ى 2017ی عێراقدا بودجه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستیى عێراق، به ڕێژه‌ى 50% كه‌م كراوه‌ته‌وه، له‌وه‌دا هه‌رێم زیانى زۆرى به‌ر ده‌كه‌وێت.
مه‌ریه‌م سه‌مه‌د، جێگرى لیژنه‌ى ته‌ندرووستى له په‌رله‌مانى كوردستان، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند ئاگادارن ده‌رمان و پێداویستییه پزیشكییه‌كان له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كان كه‌م بووەتهوهو هاووڵاتییان كاتێك ده‌چنه نه‌خۆشخانه‌كان، به ناچارى ده‌رمان له ده‌ره‌وه ده‌كڕن ئه‌مه‌ش بارگرانییهكى گه‌وره‌یه.
مه‌ریه‌م سه‌مه‌د، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد پشكى هه‌رێم له لایه‌ن عێراقه‌وه ده‌بوو 15%ى هه‌موو عێراق بێت، به‌ڵام زۆر كه‌متره‌و ناگاته 8%، وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستیى حكوومه‌تى هه‌رێم به‌شى زۆرى پێداویستییه پزیشكییه‌كان و ده‌رمان له كۆمپانیاكانى ده‌رمان ده‌كڕێت، به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه كشاونه‌ته‌وه و ده‌رمان بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى ناهێنن.
وتیشی: ״قه‌یرانى داراییه‌و كۆمپانیاكانیش پاره‌یان ده‌وێت، به‌ڵام به به‌راورد به وه‌زاره‌ته‌كانى تر وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى له‌م قه‌یرانى داراییه‌دا به هۆى ده‌رمانه‌وه توانیویه‌تى به‌رگه بگرێت و ئیداره‌ى خۆى بدات״.
جێگرى لیژنه‌ى ته‌ندرووستى له په‌رله‌مانى كوردستان، به پێویستى زانى حكوومه‌تى هه‌رێم چۆن قه‌رزى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌داته‌وه مانگانه له پاره‌و داهاتى نه‌وت به هه‌مان شێوه ڕێژه‌یه‌ك له‌و داهاته ته‌رخان بكرێت بۆ قه‌رزى كۆمپانیاكانى ده‌رمان بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كه‌میى ده‌رمان چاره‌سه‌ر بكرێت له نه‌خۆشخانه گشتییه‌كاندا.
كۆتایى مانگى ڕابردوو، وه‌زیرى ته‌ندرووستیى عێراق سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كرد، ڕێكه‌وت ڕه‌شید وه‌زیرى ته‌ندرووستیى هه‌رێم وتى: ״ڕاشكاوانه به وه‌زیری ته‌ندرووستیی عێراقم وتووه چیتر ناتوانین ڕۆژانه پێشوازیی له هه‌زار بریندار و نه‌خۆش بكه‌ین له پارێزگای موسڵه‌وه و پێویستمان به ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و به یارمه‌تیی داراییه بۆ پزیشكان و كارمه‌ندانیان״.
خالس قادر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستیى حكوومه‌تى هه‌رێم، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند مانگانه له به‌غداوه ده‌رمان ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت به‌ڵام پێداویستییه‌كانى هه‌رێم به‌وه پڕ ناكرێته‌وه، 45%ی پێداویستییه‌كان له به‌غداوه دێت و ئه‌وه‌ى تر خۆیان له ڕێگه‌ى كۆمپانیاكانى ده‌رمانه‌وه ده‌یكڕن.
ناوبراو باسى له‌وه‌ش كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئاواره‌یه‌كى زۆر له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌و پێداویستیى پزیشكى و ده‌رمانیان ده‌وێت، هه‌ر له‌و بڕه‌ى به‌غدا ده‌ینێرێت بۆ هه‌رێم به‌شى ئاواره‌كانیش ده‌درێت.
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستیى حكوومه‌تى هه‌رێم، ئاشكرای كرد وه‌زاره‌ته‌كه بڕى 100 ملیار دینارى كۆمپانیاكانى ده‌رمان قه‌رزاره و به‌و هۆیه‌وه پاره‌ى ئاماده‌یان نییه بیده‌نه كۆمپانیاكانى ده‌رمان، به‌شێك له‌و كۆمپانیایانه كشاونه‌ته‌وه‌و ئاماده نین ده‌رمانیان بۆ بهێنن.
خاڵس قادر، وتیشى: ״هه‌موو هه‌وڵێكى وه‌زاره‌ت بۆ ئه‌وه‌یه كه به‌غدا ده‌رمانى زیاتر ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات و په‌یوه‌ندیى باشیش له نێوان وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستیى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، ده‌رمانى نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كان له هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌یه به‌ڵام زۆر نییه״.
به پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی له سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی داراییه‌وه تا مانگى 9ى ساڵى ڕابردوو، زیاتر له دوو هه‌زار و 500 پزیشك و فه‌رمانبه‌ری ته‌ندرووستی مۆڵه‌تی بێمووچه‌یان وه‌رگرتووه، له‌و ژماره‌یه‌ش 895یان پزیشكن.
هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندرووستی سلێمانی‌و هه‌ولێر باس له كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌رمان ده‌كه‌ن له نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كاندا.
میران محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندرووستیی سلێمانی، ڕایگه‌یاند:״كێشه‌ی كه‌می ده‌رمان ناو به‌ناو له پارێزگای سلێمانیدا هه‌یه‌و به‌رده‌وامیش ئه‌و كێشه‌یه له هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه״.
میران محه‌مه‌د به ئاژانسی وت: ״كۆمپانیاكانی ده‌رمان وه‌ك ساڵانی پێشوو ده‌رمانمان پێ نافرۆشن به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه، قه‌رزاری كۆمپانیاكانی ده‌رمانین و ئه‌و پرسه‌شمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستیدا باسكردووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی״.
هاوكات، سامان به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندرووستیی پارێزگای هه‌ولێر، به ئاژانسی ڕاگه‌یاند له ماوه‌ی نزیكه‌ی 90 ڕۆژی ڕابردوودا به‌هۆی بریندارانی شه‌ڕی موسڵ و ئاواره‌كانه‌وه به‌شی یه‌ك ساڵ ده‌رمانیان سه‌رف كردووه.
وتی״كێشه‌ی كه‌می هه‌موو جۆره‌كانی ده‌رمانمان هه‌یه، به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ی له سه‌ر نه‌خۆشخانه حكوومییه‌كان هه‌یه״.
له بودجه‌ى 2016ى عێراقدا، بڕى دوو ملیار دۆلار ته‌رخان كرابوو بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى، به‌ڵام له‌مساڵدا كه‌م كراوه‌ته‌وه بۆ یه‌ك ملیار دۆلار، ئه‌مه‌ش به ماناى ئه‌وه‌ى 50%ی ده‌رمان كه‌م ده‌كرێته‌وه بۆ هه‌موو پارێزگاكانى عێراق به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه.
به‌ختیار شاوه‌یس، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ته‌ندرووستى له په‌رله‌مانى عێراق، به״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند ڕاسته ده‌رمانى پێویست بۆ هه‌رێمى كوردستان نایه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها په‌یوه‌ندیى به هه‌رێمى كوردستانه‌وه نییه و سه‌رجه‌م پارێزگاكانى عێراقى گرتووەته‌وه.
به‌ختیار شاوه‌یس وتیشى: ״پشكى ده‌رمانى ئاواره‌كان كه به هۆى شه‌ڕى داعشه‌وه ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه به‌شێكى له لایه‌ن ڕێكخراوى ته‌ندرووستى (WHO) دابین ده‌كرێت، به‌شێكیشى له لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه״.