ڕیفراندۆمی هەرێم سیاسییە نەک نەتەوەیی
سازدانی: هێمن حەسەن
سەرحەد ڤارتۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆما جڤاكێن كوردستان ״كەجەكە״ پێی وایە، ڕیفراندۆمی هەرێم سیاسییە و پارتی لە پشتییەوەیەتی نەک بە هەستێکی نەتەوەییانە بکرێت و ڕایگەیاند: ״ئەگەر بڕیار بێت بە پرەنسیپی نەتەوە ڕیفراندۆم بکرێت دەبێت هەر چوارپارچەی کوردستان بیکات نەک تەنها هەرێمی کوردستان.״
سەرحەد ڤارتۆ لە چاوپێكەوتنێکی ״ئاژانس״دا ڕایدەگەیەنێت، پەکەکە وەڵامی هەر هێرشێکی تورکیا یان حکومەتی عێراقی دەداتەوە کە بیکەنە سەر هەرێمی کوردستان یان کەرکوک.״
ئاژانس: با لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەین، ماوەی ڕابردوو پڕۆژەیەکتان پێشکەش کرد، بۆچییە و ئامانجی چییە؟
سەرحەد ڤارتۆ: پڕۆژەكەی ئێمە لەسەر یەكێتیی نەتەوەییە و بە لای ئێمەوە بە پڕۆژە و مەسەلەیەكی هەرە گرنگی كوردی دەزانین، چونكە هەتاكو مەسەلەی یەكێتیی نەتەوەیی چارەسەر نەكرێت هیچ پرسێكی گەلی كوردیش چارەسەر ناكرێن، ئێستا شەڕی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت، چۆن لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی تێدا كرا و كورد بە هۆی پەرتەوازەییەوە نەیانتوانی شوێنی خۆیان بگرن، ئێستاش دوای جەنگی جیهانیی سێیەم گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدات، دەبێت كورد خۆی یەك بخات و یەكێتیی نەتەوەیی پێك بهێنێت، ئەگەر كورد بیەوێت ژێردەستە نەبێتەوە وەك دوای جەنگی جیهانیی دووەم دەبێت خۆی بڕیار بدات، ئەگەر كورد ئەوە بكات ئەوا سەدلەسەد شوێنی خۆی دەگرێت لەو گۆڕانكارییانەی ڕوو دەدەن، ئەگەر كوردیش پارچەپارچە بن ڕەنگە كورد هیچ پێگە و شوێنێكی نەبێت یان پێگەیەكی زۆر لاوازی هەبێت.
ئاژانس: بۆچی یەكێتیی نەتەوەیی درووست نابێت هۆكار چییە؟
سەرحەد ڤارتۆ: هۆكارەكەی ئەوەیە تاكو ئێستا كورد لە ناوخۆی كۆبوونەوەی نەكردووە و نەچوونەتە لای یەكتر پڕۆژە و بەرنامەكان باس بكەن و لەسەری ڕێك بكەون، ئێستا نەتەوەی تورك یان عەرەب یان فارس هێڵێكی سووری هەیە، بەڵام تا ئێستا كورد هێڵێكی سووری دیاری نەكردووە بۆ خۆی، بۆیە پێویستە ئێمەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان یەكەمجار هێڵی سووری خۆمان دیاری بكەین، ئێمە لە پڕۆژكەماندا دوانزە خاڵمان وەك هێڵی سوور دیاری كردووە، بۆ نموونە ئێمە كە دەڵێین كوردستان واتە كوردستان كوێیە، كوێ دەگرێتەوە، كوردستان چوارپارچەی كوردستان دەگرێتەوە كە بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش كراوە، جا لێرەدا هەندێك لایەن هەن دەڵێن كوردستان بەس ئەو پارچەیە حساب دەكات كە خۆی لێی دەژی، ئەگەر ئاوا بیرت كردەوە واتە تۆ ئینكاری سێ پارچەی تری كوردستان دەكەی، بۆیە ئەوە پێویستی بە پێناسەیەك هەیە كە كوردستان كوێیە، ئەگەر ئەمە كرا دەبێتە هێڵی سوور بۆ گەلی كورد، لای ئێمە كوردستان باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە.
ئاژانس: هەندێك لایەن دەڵێن كە هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەمە چۆنە لای پەكەكە؟
سەرحەد ڤارتۆ: ئەوە بەشێكی ڕاستە بەڵام بە مەرجەوە، هەندێك دەڵێن ئێمە كوردستانی خۆمان ئازاد كردووە ئێوەش بڕۆن كوردستانی خۆتان ئازاد بكەن، واتە هەر كەس بۆ كوردستانی خۆی تێكۆشان بكات، بەڕاستی ئەمە بۆچوونێكی هەڵەیە، ئەمە بە واتای ئەوە دێت تۆ قبووڵت كردووە كە كوردستان دابەش كراوە و سنوورەكان سرووشتین نەك دەستكرد، دەبێت هیچ لایەنێكی سیاسی و گرووپێك لەناو گەلی كورد ڕێككەوتنی لۆزان و سایكس بیكۆ بۆ دابەشكردنی كوردستان بە ڕەوا نەزانێت، ئەمە دەبێت بكرێتە هێڵی سوور.
ئاژانس: هەڵوێستی ئەو لایەنانە لەسەر پڕۆژەكەی ئێوە چی بوو؟
سەرحەد ڤارتۆ: ئەو لایەنانەی ئێمە بینیوومانن دەڵێن پڕۆژەكەی ئێوە گفتوگۆی لەسەر دەكەین و بۆچوونی خۆمانی لە بارەوە ڕادەگەیەنین، پێشیان باش بوو كە لەسەر هەندێك پرنسیپی گشتی بۆچوونی خۆیان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن، چونكە مەسەلەی یەكێتیی نەتەوەیی تەنیا مەسەلەیەك نییە تایبەت بێت بە پارت و لایەنەكان، بەڵكو پرسێكی هەموو گەلی كوردە.
ئاژانس: پەكەكە لە كاتێكدا ئەم پڕۆژەیەی ڕاگەیاند كە پرسی ڕیفراندۆم هاتە پێشەوە، ئایا پڕۆژەكەتان هیچ پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە هەیە؟
سەرحەد ڤارتۆ: نەخێر هیچ پەیوەندییەكی نییە، چونكە مەسەلەی یەكێتیی نەتەوەیی مەسەلەیەكی مێژووییە هیی ئێستا نییە و پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە نییە، هەمیشە هەوڵ دراوە ئەو یەكێتییە درووست بكرێت، واتە لە دیدی ئێمەوە ڕیفراندۆم بكرێت یان نەكرێت هەر دەبێت یەكێتیی نەتەوەیی پێك بێت، چونكە ئەمە پرسێكی ڕۆژانە نییە ئەوە پرسێكی ستراتیژییە.
ئاژانس: تا ئێستا بارزانی سووە لەسەر ئەوەی ڕیفراندۆم بكرێت، هەڵوێستی ئێوە چییە؟
سەرحەد ڤارتۆ: ئێمە پێشتریش ئەوەمان وتووە كە ڕیفراندۆم مافێكی دیموكراتیی هەر گەلێكە و هەر میللەت و كۆمەڵگەیەك حەقی خۆی چییە دەتوانێت بە كاری بهێنێت، بەڵام پێویستە ئەو مافە بە ڕێگای نادیموكراتی بەكار نەهێندرێت، ئەگەر ڕێگای نادیموكراتی بەكار هات بۆ ئەو مافە ئەوا گومان دەكەوێتە سەر پڕۆسەكە، ڕیفراندۆم كە مافێكی سرووشتی و جیهانییە پێویستە كورد وەك نەتەوەیەك بە كاری بهێنێت، نەك پارچەیەكی كوردستان، چونكە خۆ كورد تەنیا لە باشوور نییە، پێویستە هەموو كورد لە بەشەكانی كوردستان بەشدار بن لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، كە تۆ لە یەك پارچە ڕیفراندۆمت كرد واتە تۆ دان بەوەدا دەنێیت نەتەوەی كورد تەنیا لە یەك شوێن هەیە، بۆیە پێویستە ئەو مافە لە لایەن هەموو كوردەوە بە كار بهێندرێت، ئەوەی ئێستا لە باشووری كوردستان دەكرێت پڕۆژەیەكی نەتەوەیی نییە، پڕۆژەیەكی سیاسیی چەند لایەنێكە و بە تایبەت پارتی.
ئاژانس: ئێوە هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان چۆن دەبینن پێتان وایە جددین؟
سەرحەد ڤارتۆ: دەبێت كورد باش بزانێت كە دەوڵەتی تورك بەتایبەت دەوڵەتی ئەكەپە كورد لە هیچ شتێكدا قبووڵ ناكات، دەوڵەتی تورك لەسەر ئینكاریكردنی گەلی كورد درووست بووە، كاتێك دەوڵەتی تورك شەڕ دژی كورد یان پەیوەندیی لەگەڵ كورد درووست دەكات بە تاكتیك ئەوە دەكات، توركیا لەناو كوردیشدا پەكەكە وەكو خەتەرترین هێز دەبینێت لە بەرانبەر خۆی، دەڵێت سەرەتا دەمانەوێت پەكەكە تەواو بكەین دواتر یەپەگە و ڕۆژئاوای كوردستان دواتر باشووری كوردستان، جا لەم بەینەدا هەندێك كورد لە دژی هەندێك لە كوردانی تر تێك بەردەدات بۆ ئەوەش لەگەڵ پارتی لە دژی ڕۆژئاوای كوردستان پەیوەندیی درووست كردووە، بەڵام ئەوە شتێكی ڕوونە كە ڕۆژئاوای كوردستان نەما باشووریش نامێنێت.
ئاژانس: لە ئەگەری جووڵاندنی هێز لە دژی هەرێم لە لایەن توركیاوە پەكەكە هەڵوێستی چی دەبێت؟
سەرحەد ڤارتۆ: پەكەكە پرەنسیپێكی هەیە و ڕۆژانە سیاسەت ناكات، ئێمە ستراتیژمان هەیە پرەنسیپی پەكەكە ئەوەیە بەرگری لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، پەكەكە هێزێكی دیموكراسییە و برایەتیی گەلان دەپارێزێت، هەموو گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەپارێزین، میللەتی كورد و عەرەب و تورك و هەمووی دەپارێزین، جا ئێمە لە دژی توركیا لە شەڕێكداین توركیا بۆ هەر كوێ هێرش بكات لە دژی دەوەستینەوە.
ئاژانس: لە ئێستادا مەترسییەك لە كەركوك هەیە كە هێز لە دژی بە كار بهێنرێت، پەكەكە ئامادەیە بەرگری لە كەركوك بكات؟
سەرحەد ڤارتۆ: من باسی ئەوەم كرد كە پەكەكە پرەنسیپی خۆی هەیە كە شەڕكردنە لە دژی داگیركاری، ئەو داگیركارییە لە كەركوك بێت یان هەر جێگەیەكی تر بێت، بۆچوونی ئێمە پاراستنی خەڵكە و هێنانەدی ژیانێكی هاوبەشی دیموكراسیی نەتەوەكانە، لە كەرکوكیش ڕووبەڕووی هەر هەوڵێك دەبینەوە كە بیەوێت ژیانی دیموكراسی خەڵكی لە كەركوك تێك بدات.