ئاژانس
ئەمساڵ ئەدیبانی کەنەدا دەبنە میوانی پێشانگەکە و بەم هۆیەوە ٣٠ نووسەری کەنەدایی بۆ ناساندنی ئەدەبیات و بەرهەمەکانیان دەچنە پێشانگەی کوبا و لە دەوری گابریێل گارسیا مارکیز کۆ دەبنەوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی ئەسۆشیتدپرێس بڵاویکردەوە، کە سەرۆکی پێشانگەی کتێبی کوبا ئاشکرایکردووە، گرنگترین نووسەری کەنەدایی، کە بەشداریی ئەم ڕووداوە فەرهەنگییە دەکات و ئامادە دەبێت مارگرێت ئاتوودە؛ ئاتوود زیاتر لە ٤٠ ڕۆمان، کۆمەڵەشیعر و کۆمەڵەوتاری بڵاو کردووەتەوە.
ئاتوود لەم پێشانگەیەدا بڕیارە کۆمەڵەچیرۆکی کورتی ٢٣ نووسەری کەنەدایی لە نێوانیان ئالیس مۆنرۆ، میوێس گاڵین، کارۆل شیدز و هەندێکی دیکە بناسێنێت.
پێشانگەی کتێبی کوبا تا ١٩/٢/٢٠١٧ کراوەیە و لە کوبا ٢٠٠ نووسەر و ٧٠ دامەزراوەی بڵاوکاریی لەم پێشانگەیەدا ئامادەیییان هەیە. بڵاوکاران لە ٤٦ وڵاتی جیاجیاوە هاتوونەتە ئەم پێشانگەیە.
چاوەڕێ دەکرێت، کە زیاتر لە ٥ هەزار کەس سەردانی ئەم پێشانگەیە بکەن.
ئاژانسی هەواڵیی کوبا پرێنسا لاتینا هەروەها ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە بڕیارە لە درێژەی بەردەوامیی پێشانگەی کتێبی کوبا، مەراسیمێکی ڕێزلێنان بۆ فیدڵ کاسترۆ سەرۆکی کۆچکردووی کوبا، بە هۆی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی ڕێژەی خوێندەواریی لەو وڵاتە ساز بکرێت.
ڕێژەی خوێندەواریی لە ساڵانی پێش کودەتا نزیکەی لە سەدا ٦٠ بوو، بەڵام دوای کودەتاکەی کاسترۆ ڕێژەکە بەرز بووەوە بۆ سەرووی لەسەدا ٩٥.
هەروەها بەڕێوەبەرانی پێشانگەی کتێبی کوبا پەیکەری گابریێل گارسیا مارکیز، نووسەری کۆڵۆمبیایی و براوەی خەڵاتی نۆبێڵ، لە ناوەڕاستی پێشانگەکەدا نمایش دەکەن.
شایەنی وتنە، ئامادەسازیی ئەم پەیکەرە بە بۆنەی نەوەدەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی گارسیا مارکیز و هەروەها پەنجایەمین ساڵەی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی ״سەدساڵ تەنیایی״یەوە بووە.
گابریێل گارسیا مارکیز لە ١٧ـی ٤ ـی ٢٠١٤ لە مەکسیکۆسیتی کۆچی دوایی کرد و وەسیەتی کردبوو، کە دوای مەرگی لاشەکەی بسووتێنن و بەشێک لە خۆڵەمێشەکەی بە کۆڵۆمبیادا بڵاو بکەنەوە.
شایەنی باسە پەیکەری ئەم نووسەرە کۆڵۆمبیایییە، کە لە ئێستادا لە هاوانا نمایش دەکرێت لە کۆڵۆمبیا پارێزگاریی لێ دەکرێت.