هەڕەشەکردن و پارە بۆ ئەو مەبەستە بە کار دەهێنێت
ئاژانس
تورکیا لە هەوڵى بەردەوامدایە بەشێک لە چەکدارانی داعش کە خۆی مەبەستنی لە زیندانەکانى ڕۆژئاواى کوردستان ڕزگاریان بکات و هاوکات خێزانەکانیشیان لەناو کەمپەکاندا دەرباز بکات، هەسەدەش ڕێوشوێنى زیندانەکان قایمتر دەکات.
لە دواى ڕاگەیاندنى کۆتاییهاتنى شەڕى داعش لە سوریا و بە دیاریکراویش لە دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى پارێزگاى دێرەزوور، حکومەتى تورکیا لە چەندین ڕێگەى جیاوازەوە هەوڵى داوە بەشێک لەو چەکدارانەى خۆى بە لایەوە مەبەست و گرنگە لە چنگى تووڕەیی هەسەدە ڕزگاریان بکات.
بە پێى زانیارییەکانى ״ئاژانس״ کە لە سەرچاوەیەکى بەرپرس لە هەسەدەوە دەستی کەوتووە لە مانگى ڕابردوودا دەزگاى هەواڵگریى میت بە هاوکاریى چەند شەڕڤانێکى عەرەب ژمارەیەک چەکدارى داعشى لەناو زیندان و خێزانەکانیشیان لەناو کەمپى هۆلی ڕزگار بکات و بیانگوازێتەوە بۆ تورکیا.
عەلی حەجۆ، هاوسەرۆکی کۆمیتەی کاروباری ناوخۆیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ״ئاژانس״ى وت: ״ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاواى کوردستان ئەو کات نائارامی لە ناوچەکەدا درووست دەبێت و مەترسیى ئەمنی پەیدا دەبێت، چونکە ڕاگرتن و کۆنتڕۆڵکردنی هەزاران داعش کارێکی ئاسان نابێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دووبارە داعش بکەوێتەوە سەر پێ.״
حەجۆ ئاماژەى بەوەش کرد، تا ئێستا هەسەدە توانیویەتى بە باشى کۆنتڕۆڵى داعشە دیلەکان بکات، بەڵام تورکیا حەز دەکات ڕزگاریان بکات و هەوڵیشی بۆ دەدات.
دەزگاى میت بە دواى ئەو چەکدارانەدا دەگەڕێت کە خەڵکى تورکیان و لەگەڵ ئەوانەى بەرپرس بوون لەناو داعشدا، هەروەها میت بە دواى ئەو چەکدارانەشدا دەگەڕێت کە خۆى پەیوەندیی هەبووە لەگەڵیاندا و دەیەوێت ئەو زانیارییانە ئاشکرا نەکەن لە کاتى لێکۆڵینەوە یان دادگاییکردنیان.
سەرچاوەیەکى هەسەدە بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند، ״تورکیا لە ڕێی کڕین و هەڕەشەکردن لە کەسوکارى شەڕڤانان دەیەوێت داعشە دیلکراوەکان ئازاد بکات و ئەگەر بۆى بچێتە سەر ئەوا کار بۆ ڕزگارکردنى هەموو دیلەکان دەکات.״
ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشى کرد، لە بەرامبەر ڕێگەدان بە ئازادکردنى چەند دیلێکى داعش و خێزانییەکانیان و ڕادەستکردنیان بە میت ژمارەیەک شەڕڤان لە لایەن هەسەدەوە دەستیگر کراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستی پێ کردووە.
شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکى پارتی یەکێتیی دیموکرات ״پەیەدە״ بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند: هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنى ڕۆژئاواى کوردستان مەترسیشە لەسەر دەستگیرکراوەکانی داعش.
هاوسەرۆکى پەیەدە باسى لەوەش کرد، تورکیا بە هەڕەشەکانی بۆ سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەیەوێت جارێکی دیکە چەکدارانى داعش زیندوو بكاتهوه هەروەها هەوڵ دەدەن شانە نووستوەکانی داعش درووست بکەنەوە.
بە پێى ئامارەکانى هەسەدە لە ئێستادا نزیکەى ١٠ هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانى ڕۆژئاواى کوردستاندان زیاتر لە سێ هەزاریان چەکدارى بیانین و لەسەر و ٣٠٠ کەسیشیان چەکدارى تورکیان.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکى ئەمەریکا بەرپرسانى ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان ئەمەریکایان لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە تورکیا لە ڕێگەى جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدات داعشە دیلەکان ڕزگار بکات، بۆیە پێویستە زوو دادگایەکى نێودەوڵەتى پێک بێت.
هیوا حاجۆ، فەرماندەى هێزەکانى هەسەدە، بە ״ئاژانس״ی وت: ״زیندانییەکانى داعش لە زیندانێکى توندوتۆڵدان و شەڕڤانان تواناى پاراستنى ئەوانیان هەیە، بەڵام تورکیا کە دەیەوێت هێرش بکات مەبەستى ڕزگارکردنى داعشەکان و زیندوەکردنەوەى شانە نووستووەکانى داعشە.״
لە ماوەى ڕابردوودا ئیدارەى ڕۆژئاواى کوردستان چەندین جار داواى لە وڵاتانى بیانى کردووە داعشەکانیان وەربگرنەوە یان دادگایەکى نێودەوڵەتى پێک بێت بۆ دادگاییکردنى ئەو چەکدارە دیلانە، بەلام وڵاتانى جیهان چەکدارەکانیان وەرناگرنەوە.
فەرماندەکەى هەسەدە ئەو مەترسییە ناشارێتەوە کە لەسەر ئەو زیندانانە هەیە کە داعشەکانى لێیە، بەڵام جەختی کردەوە شەڕڤانان چۆن توانیویانە ئەوان بگرێت و بیانخاتە زیندانەوە ئاواش دەتوانێت بیانپارێزێت.