لێکتێگەیشتنێک لە نێوانیاندا درووست بووە
ئاژانس
هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نزیککردنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا چەند کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە نێوان هەردوولا بە نێوەندگیریی ئەمەریکا بەڕێوە چووە، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستانیش پێشوازیی لە هەر هەوڵێک دەکەن لەو ڕووەوە.
لە مانگی ڕابردووەوە تاکو ئێستا هەریەکە لە جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و جەیمس جێفری باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا لە یەکتر نزیک بکەنەوە.
ئامانجی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریکا دوورخستنەوەی باکوری سوریایە لە شەڕێکی تر کە تورکیا دەیەوێت لە دژی کورد لەو سنوورە هەڵیگرسێنێت، بۆ ئەوەش هەردوو بەرپرسەکە دەیانەوێت کورد و تورکیا ئاشت بکەنەوە و پەیوەندییەکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لە نێوانیاندا درووست ببێت.
هەریەکە لە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریتی ئەمەریکی و ئەلمۆنیتەری بەریتانی دوو بابەتیان لەسەر نزیکبوونەوەی کورد و تورکیا کردووە بە نێوەندگیریی جەیمس جێفری، بۆ ئەو مەبەستە چەند دانیشتن و کۆبوونەوەیەک لە نێوان چەند بەرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا بەڕێوە چووە.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە بڵاوی کردووەتەوە کە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو دواتریش لەم مانگەدا دوو کۆبوونەوە لە نێوان دەزگای هەواڵگریی میت و مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە بەڕێوە چووە و تیایدا لەبارەی پەیوەندییەکان گفتوگۆیان کردووە.
لەو دیدارانەدا باس لە دیدی ئۆجەلان کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا و ئاڵۆزییەکانی نێوان کورد و تورکیا، بۆ ئەو مەبەستە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕێگەدان بە سەردانی پارێزەرەکانی ئۆجەلان بۆ ئیمرالی وەرگرتنی ڕای ئۆجەلان بووە کە چارەیەک بخاتە ڕوو.
مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆبوونەوەی لەگەڵ هەندێ بەرپرسی تورک بە نێوەندگیریی ئەمەریکییەکان بۆ ڕۆژنامە بەریتانییەکە پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ تورکیا هەبێت.
حیکمەت حەبیب، ئەندامی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات «مەسەدە» ئاماژەی بەوە دەکات ئەوان ئاگاداری هیچ کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر و دەوڵەتی تورک نین، بەڵام بە وتەی خۆی ئامادەن بۆ هەر گفتوگۆیەک کە ئاشتی بە دوای خۆیدا بهێنێت.
مانگی ڕابردوو جەیمس جێفری لە ڕاپۆرتێکدا بۆچوونی خۆی دەربڕیوە كە دەبێت لە نێوان پەیەدەو توركیادا پەیوەندی هەبێت نەک شەڕ و ئاڵۆزی، جێفری بۆ درووستکردنی پەیوەندی لە نێوان کوردی ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا نموونەی بە کوردستانی عێراق هێناوەتەوە، کە ئەمەریکا ساڵی ١٩٩١ بەرگریی لە کوردەکان کردووە و لەم چەند ساڵەی دواییدا پەیوەندیی باشی لەگەڵ تورکیا درووست کردووە ئەوەش بە ئامانجی ئێستای ئیدارەی ترەمپ زانیوە.
بە پێی زانیارییەکانی «ئاژانس» کە لە سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە دەستی کەوتووە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا چەند دیدار و گفتوگۆیەکی تر لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری و تورکیادا بەڕێوە بچێت و تیایدا لەبارەی نەهێشتنی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان گفتوگۆ بکەن.
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەیە شاندەکەی ئیدارەی خۆسەری کە هەسەدە سەرۆکایەتیی دەکات بە نهێنی سەردانی تورکیا بکەن، ئەگەر سەردانەکەش نەکرا ئەوا لە شاری کۆبانی یان منبەج بە نێوەندگیریی ئەمەریکا کۆ دەبنەوە.
بەدران سعود، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات باس لەوە دەکات هەر دانیشتن و گفتوگۆیەک بکەن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریاو پاراستنی کوردە لە باکوری سوریا، بەڵام بێئاگایی خۆی لەو کۆبوونەوانە ڕادەگەیەنێت.
ئەو فەرماندەیەی هەسەدەئاشکراشی دەکات گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمەریکا و ڕوسیا هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان لەگەڵ شام و ئەنقەرە چارەسەر بکەن.
ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە کوردەکانی سوریا دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە سوریا دەکەن و هەوڵی نەهێشتنی گرژییەکان دەدەن.
ئادەم دەروێش، چاودێری سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت، ئەمەریکا هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە تورکیا و کورد بە یەکەوە لەسەر مێزێک دابنیشێنێت ئەوەش خواستێکە لە شەقامی تورکی و ڕۆژئاوای کوردستانیش پشتگیری دەکرێت.