ئاژانس:
زۆربەی چیرۆكەكان هاوشێوەن: سەرەتا چاوەڕێ دەكەن تاكو یاریزانەكە ماڵ جێدەهێڵێت بۆ بەشداریكردن لە یارییەكی گرنگدا، پاشان هەڵدەكوتنە سەر ماڵەكەی و تاڵانی دەكەن. دزەكان تاكو ئێستایش ئەم شێوازە بەكاردێنن بۆ هەڵكوتانە سەر ماڵی ئەستێرەكانی تۆپی پێ.
نوێترین ئەستێرەی تۆپی پێ لە لیستی قوربانییەكاندا، كەریم بنزیمەی فەرەنسی هێرشبەری یانەی ریاڵ مەدریدە، كاتێك لە كلاسیكۆی جامی شای ئیسپانیادا، دزەكان هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی و تاڵانیان كرد.
ئەو شەوە لەبنەڕەتەوە شەوێكی ناخۆش بوو بۆ بنزیمە، چونكە لەنێو یاریگایشدا نەیتوانی هاوكاریی یانەكەی بكات و پاش دۆڕاندنیان بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر، لە پاڵەوانێتییەكە كرانە دەرەوە.
بەر لەم رووداوەیش، كەسانێكی نەناسراو دزییان لە ماڵی كیڤن پرینس بواتینگی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە كردبوو، كاتێك ئەستێرەكەی یانە كەتەلۆنییەكە بەشداریی لە یاریی یانەكەی دەكرد بەرامبەر ڤەلەد وەلید لە خولی ئیسپانیادا.
لە سەرەتای وەرزیشدا هەمان كار دژی جۆردی ئالبای ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە كرا. لەكاتێكدا ئالبا لە میلانۆ بوو بەهۆی ئەوەی بەشداریی لە یاریی یانەكەی دەكرد بەرامبەر ئینتەرمیلان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا.
ئەم دیاردەیە تەنها ئیسپانیای نەگرتۆتەوە، بەڵكو تەنها لەماوەیەكی كورتی سەرەتای ئەمساڵیشدا لە فەرەنسا دزی لە ماڵی چوار یاریزان كرا.
كاتێك پاریس سانجێرمان بەرامبەر مۆنپیلێ یاریی دەكرد لە خولی فەرەنسادا، ماڵی دانی ئەلڤێسی بەرازیلی ئەستێرەی یانە پاریسییەكە تاڵان كرا. دزەكان چەندین كاڵای گرانبەها و دەیان هەزار دۆلاریان لە ماڵی بەرگریكارە بەرازیلییەكە دزی بوو.
لەكاتێكیشدا یانەی لیۆن بەرامبەر بەرشەلۆنە یاریی دەكرد لە چامپیۆنس لیگدا، سێ یاریزانی یانە فەرەنسییەكە دز چۆتە سەر ماڵیان و تاڵان كراون، ئەوانیش بریتی بوون لە مەمفیس دیبای، لوكاس تۆزارت و بابی شێخ دیوب.
ئەم دیاردەیە لە ئینگلتەرایش دیاردەیەكی نوێ نییە، بەڵكو هەر كاتێك بۆیان هەڵكەوتبێ هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ئەستێرەكانی تۆپی پێ.
بۆ نمونە لە ماوەی نێوان 2006 تاكو 2009 لە ئینگلتەرا 21 یاریزانی تۆپی پێ ماڵەكانیان تاڵان كراون.
لەنوێترین رووداویشدا ماڵی سادیۆ مانی سەنیگالی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپول تاڵان كراوە. ئەوكاتەی سادیۆ مانی لە چامپیۆنس لیگ بەرامبەر بایرن میونشن یاریی دەكرد، دزەكان لەماڵەكەیدا كاتژمێر و مۆبایل و سویچی ئۆتۆمبێەكەیان دزیوە.
ئەمە یەكەمجار نەبوو مانی دزی لێ بكرێت، ئەو لە ساڵی 2017 هەمان كاری بەرامبەر كرا. مانی لەنێو ئەو لیستە 20 كەسییەی پریمەرلیگدایە كە لە 15 ساڵی رابردوودا ماڵەكانیان تاڵان كراون.