سێیەكی داهاتەكەی كەمی كردووە
ئاژانس – دیمەن ئیسماعیل
ئەمساڵ چاندن و بەرهەم و داهاتی گوڵەبەڕۆژە لە هەرێمی كوردستان زۆر كەم بووتەوە بۆ 2 هەزار تۆن لەچاو دوو ساڵی ڕابردوو، كە زیاتر لە 4 هەزار و 500 تۆن بەرهەم هەبووە، لەبەر خەمساردیی حكومەتیش جوتیاران واز لە چاندنی دەهێنن.
بە پێی ئامارێكیش بەرهەمی ئەمساڵ (2) هەزار تۆنە و لەچاو دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ نیوە دابەزیوە، کە زیاتر لە (4630) تۆن بەرهەم هەبووە و داهاتیش لە (3 ملیارەوە بۆ 1 ملیار و نیو) دابەزیوە.
خەسرەو محەمەد، تەمەن 67 ساڵ، جوتیارێكی بە تەمەنی قەزای شارەزوورە و زۆرترین تەمەنی لە كشتوكاڵدا بەسەر بردووە، ئەمساڵ زەوییەكانی نەكرد بە گوڵەبەڕۆژە، كە ساڵانی تر زۆرترین بەرهەمی هەبووە، ئەو بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״لە سنووری شارەزوور یەك بازرگان هەیە گوڵەبەڕۆژەكەمان لێ دەكڕێتەوە، ئەویش بە ویستی خۆی نرخ دادەنێت.״
״حكومەت هاوكارمان نییە لە ڕووی پێدانی سەمادی بنەتۆ و كڕینەوەی بەرهەمەكانمان، ئێمەش ناتوانین بەرهەم و ڕەنجمان بخەینە دەستی یەك بازرگانەوە״، خەسرەو وا دەڵێت.
زەوییە كشتوكاڵییەكانی ئەم جوتیارە لە گوندی بێڕەشكەیە، كە خاكێكی بە پیتی كشتوكاڵیی هەمەجۆری هەیە.
خەسرەو محەمەد دەڵێت: ״ساڵانی تر لە دێی بێڕەشكە (50) تۆن گوڵەبەڕۆژە هەبووە، ئەمساڵ یەك كیلۆش نەبووە و هیچ جوتیارێك لە سنووری شارەزوور بەرهەمی نەبووە.״
بە گوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی پارێزگاكانی هەرێم كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، ئەمساڵ بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە لە هەرێم گەیشتووەتە (2098) تۆن لە كۆی (4) هەزار و (328) دۆنم زەویی تەرخانكراو بۆ گوڵەبەڕۆژە.
هەر بە پێی ئامارەكە لە سلێمانی لەسەر ڕووبەری (2700) دۆنم، (1000) تۆن بەرهەم هەبووە، لە هەولێر لە ڕووبەری (1010) دۆنم، (850) تۆن و لە دهۆك لەسەر ڕووبەری (618) دۆنم (248) تۆن بەرهەم هەبووە.
ئەگەرچی ئەمساڵ بارانێكی زۆر لە هەرێم باری، بەڵام بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی كەمتر كرد، بە وتەی خەسرەو محەمەد: ״زۆرێك لە بنەتۆوی چێندراویان ئاو بردی و حكومەتیش هاوكاریان نییە بۆیە بەرهەم كەمە.״
ڕزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری ئاماری كشتوكاڵی سلێمانی بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״كەمیی چاندنی گوڵەبەڕۆژەی ئەمساڵ بە هۆی بارانی زۆرەوە بووە و كەشوهەواكەی بۆ ئەم بەرهەمە گونجاو نەبوو، بەشێكی بەرهەمەكان فەوتان.״
بە پێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، كە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەی جوتیارانی هەرێمی ئەمساڵ نزیكەی (2098) تۆن بووە، لە (2018) زیاتر لە (3007) تۆن بووە، بەڵام ساڵی (2017) بەرهەمی گوڵەبەڕۆژە زیاتر لە (4630) تۆن بووە و ساڵانە بەرهەم دابەزیوە و بووە بە نیوە.
جۆرەكانی گوڵەبەڕۆژە زۆر و هەمەجۆرن، باوترینیان جۆری بەكرەجۆ، ئەمەریكی و گوڵەبەڕۆژەی ڕەشە كە لە هەرێم دەچێندرێن.
بە پێی ئامارەكە لە ساڵی (٢٠١٨)، سلێمانی (٩٢٨) تۆن، هەولێر ( ١٢٢٠ )تۆن، دهۆك (٤٨٥) تۆن، هەڵەبجە (١٣٧)تۆن، گەرمیان (٢٣٧) تۆن، بەرهەمی گوڵەبەڕۆژەیان هەبووە، بەڵام ساڵی (٢٠١٧) لە سلێمانی (١٣٤٠) تۆن، لە هەولێر (٢٥٤٠) تۆن، لە دهۆك (٤٦٦) تۆن، لە هەڵەبجە (١٤٧) تۆن، لە گەرمیان (١٣٧) تۆن هەبووە.
حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە پێی پێویست هاوكاریی جوتیارمان كردووە، نەمانهێشتووە بەرهەمەكانیان لە بازاڕدا لەناو بچێت.״
״باجی زۆرمان خستووەتە سەر گوڵەبەڕۆژەی هاوردە كە دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان، تاوەكو بەرهەمی ناوخۆ لەناو نەچێت جوتیارانیش تووشی زیان نەبن.״
بە وتەی خەسرەو محەمەد کە جوتیارێکی شارەزوورە، بەرهەمەكەیان هەناردەی دەرەوە ناكرێت و تەنیا بۆ ناوخۆیە، نرخی یەك كلیۆگرامیش بە (750) دینار دەفرۆشن، كە بۆ هەر تۆنێك دەكاتە (750) هەزار دینار، بەو پێیە بەهای بەرهەمی ئەمساڵی گوڵەبەڕۆژەی هەرێم (یەك ملیار و 500 ملیۆن) دینار بووە، و ساڵی پاریش بۆ (3) هەزار تۆن، داهاتەكەی گەیشتووەتە (2 ملیار و 250 ملیۆن دینار) و ساڵی (2017) كە (4630) تۆن هەبووە، ئەوا داهاتەكەی گەیشتووەتە (3 ملیار و 472 ملیۆن و 500) هەزار دینار ئەویش بە خەمڵاندنی یەك تۆن بە (750) هەزار دینار كە نرخی (2019)یە.