ئەرسەلان چەلەبی
پیناسە و ڕووانین بۆ هەموو شتیک هەتایی نییە، ئەگەر هەتایی بێت بۆگەن دەکا. بۆیە ڕەنگە وا باش بێت مرۆڤ بەردەوام لە ئاڵوگۆڕدا بێت لە ناو ژینگەی خۆیدا و هەروەها لە هەموان گرینگتر پڕزەین بێت!
״جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە״ ناوی کۆمەڵە شیعرێکە کە ئەم ساڵ و لەم ماوەیەدا خوێندمەوە. ڕاستییەکەی ناوی کتێبەکە زۆرتر هانی دام بیخوێنمەوە هەتا هاوڕێیەتیی من و شاعیرەکەی و تەنانەت ناوەڕۆکی کتێبەکە! لەبەر ئەوەی شاعیر لە یەکەم لاپەڕەی کتێبەکەیدا بە کوڕەکەی دەڵێ هیوادارم پیشەی ژیان بیت، بۆیە منیش لەو باوەڕەدام جەنگاوەر دەبێت پیشەی ژیان بێت نەک مردن! ئەو ناوە خۆی قسە زۆر هەڵدەگرێت و دەتوانرێ لە زۆر لایەنەوە شی بکەینەوە، بەڵام وەک سەرەتا باسم کرد ئاڵوگۆڕییەک بە سەر ڕووانینی مندا هاتووە بۆ شیعر نەک هەر هی ئالان، بەڵکوو بۆ شیعر بە گشتی، کۆن کارەکانی ئالانم زۆر پێ خۆش نەبوون، هەندێکیان نەبێت، ئەویش هی ئەوە بووە من تازە هاتبوومە ئەورووپا و هەر لە هەوای کوردەواریدا شیعرم نووسیبوو و ناسیبووم!
لە پاش تێپەڕینی سێ ساڵ بڕیارم دا کارەکانی ئالان زیاتر بخوێنمەوە و بە دڵنیاییەوە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو من ئێستا لەگەڵ شیعری ئالان زۆر ڕاحەت و خۆمانەم! ئالان لەم کتێبەیدا زۆر سادە و بێ ئاڵۆزی قسە و پەیامی خۆی دەگەیەنێ! دیمەنگەلێکی سادە و جوان! هەندێک جار بە هەندێک وشەی زۆر سادە شتی جوان دەردێنێ، بۆ نموونە:
״هەمیشە پەلەپیتکەیان لەسەر تفەنگی دڵیانە و ناخەون.״ ل. 26
فۆڕمی کاری ئالان تەواو گۆڕدراوە، ئالان پەری بە شوێن گەمەی زمان و ناوەڕۆکەوە نییە، کەڵکەڵەی ئەویش فۆڕمە! کە فۆڕمێکی جوان ببینێتەوە و هەورەها زۆرتر خۆی بە دەربڕینەکان ماندوو کردووە، کە باشی کردووە و هەر ئەوە بووەتە هۆی سەرکەوتنی کارەکانی ناو ئەم کتێبە، لانی کەم لە لای من وای دەبینم.
لەم دەقانە نەیویستووە زۆر بە شوێن چێژەوە بڕوات، ئەو زۆرتر خۆی بە چێژی وشەکانەوە ماندوو کردووە، هەڵبەت لە مەبەست و کرۆکی وشە بەکارهێنراوەکانی ئالان دەدوێم! دەیەوێ لە ڕێگەی ئەوانەوە بزانێ ژیان چییە؟ هونەر چییە؟ ئەو زۆرتر هەوڵی داوە خۆی چێژ لە وشە وەرگرێت لە پانتایی زماندا.
״ژیان و خەون لە چێشتخانەیەکدا״ یەک لە شیعرەکانی ئەو کتێبەیە، کە من تەنیا لەو یاداشتە خێرایەدا هەوڵ دەدەم باسێکی لە سەر بکەم هەتا بە گڕاندێک لە کاری ئالان بخەمە ڕوو و ئیتر باسی فۆڕمی کارەکە ناکەم با خوێنەر خۆی بیبینێتەوە و هەستی پێ بکا!
״شوێنم گۆڕیوە، چوومەتە چێشتخانەی نووسینەوە.״ ل 71
ئەوە سەرەتای ئەو شیعرەیە و مۆتیڤێکی جوانی شیعری بە دەستەوەیە و لە بەر فەزا و فۆڕمێکی جیاواز باسی کارهکتەرێکە، کە چووهتە چێشتخانەیەکی ئەدەبییەوە، بۆ وێنە!
کۆی کارەکەی ئالان گەڕانە بە شوێن فۆڕم و ستایلی تایبەت، ڕەنگە لای وا بێت زمان لە شیعری ئەودا ماندوو بووبێت و خەریکە جێگایان بۆ فراوان دەکاتەوە! ئەزموونی نزیک بە چل ساڵەی ژیانی خۆی کە نیوەی وەکو کورد و نیوەی وەکو شاعیرێکی کورد لە دانیمارکی خزاندووهتە ناو دووتوێی کتێبێکەوە و لەبەر دیدی خوێنە دا بڵاوی کردووهتەوە.
بە بێ ئەوەی بڵێین ئەو شتەی باش کردووە یا نا، لەو کتێبەدا دەتوانین وردەکاریی ژیان و ڕۆحی دیاسپۆڕا و تاکی کورد ببینن، ژیانی، تێفکرینی، ژینگەکەی، هەروەها هەڵسوکەوت لەگەڵ زمان و فۆڕم و واتادا. لە پاش خوێندنەوەی بە ئارامی خۆتان دەتوانن لە ڕووانگەی خوێندنەوەی خۆتان ئەرزشگوزاری بۆ دەق و کارەکانی بکەن. ئەم کتێبە چەندین وردەکاریی تری تیایە کە لێرەدا من باسی لێوە ناکەم، بە تایبەت لە بواری ڕازاندنەوەی کتێبەکەیە لە دیوی ناوەوەی.
ئەم کتێبە بیستوشەش شیعری درێژی لە خۆ گرتووە. ئەحمهدی مەلا پێشەکییەکی کورتی لە بارەیەوە نووسیوە. بەرهەمی بڵاوکراوەکانی نووسیار لە کۆپنهاگن و لە چاپخانەی کارۆی شاری سلێمانی لە چاپ دراوە.