نرخی نەوت بوو بە دووئەوەندە و پاشەکەوتی مووچەى فەرمانبەران لە جێی خۆیەتی
ئاژانس
حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیارێکى ساڵێک لەمەوبەرى خۆى تایبەت بە پێداچوونەوە بە پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەران پێشێلکردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى نەوت؛ هەرچەندە نرخەکەى بووەتە نزیکەى دوو ئەوەندە.
لەگەڵ دابەزینى نرخى بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانى جیهان لە ساڵى ڕابردوودا، بۆ خوار 30 دۆلار، حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بڕیارێک سیستمى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى خستە بوارى جێ بەجێ کردنەوە، بەمەش مووچەى بەشێک لە مووچەخۆرانى هەرێم بۆ کەمتر لە نیوە دابەزى، هەر بە پێى ئەو بڕیارە، مانگانە لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى نەوتدا، دەبێت پێداچوونەوە بە سیستمى پاشەکەوتکردنى مووچەدا بکرێت، بەڵام نرخى نەوت بووەتە نزیکەى دووە ئەوەندە بێ ئەوەى مووچە زیاد بکرێت.
لە 26-1-2016 نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى ئەمەریکا بوو بە 29 دۆلار و 84 سەنت، حکوومەتى هەرێمى کوردستانیش بە بڕیارى ژمارە 64 لە 3-2-2016 سیستمى پاشەکەوتى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى خستە بوارى جێ بەجێ کردنەوە، بڕیارەکەش لە 1-1-2016 جێ بەجێ کرا، ئەمە لەبەرئەوەى مووچەى چەند مانگێک دواکەوتبوو، بڕى پاشەکەوتەکەش لە 15%وە دەستى پێکرد بۆ75%، ئەمەش ناڕەزایی مووچەخۆرانى هەرێمى بە دواى خۆیدا هێنا.
وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە سەرەتاى ئەمساڵەوە بڕى هەناردە و داهاتى نەوتى ئاشکرا نەکردووە، پەرلەمانتارێکیش دەڵیت: ״لە جیاتى ئەوەى شەفافییەت زیاد بکرێت کەمتر بووە״.
عیزەت سابر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە لیژنهى پیشهسازى و وزه و سهرچاوه سرووشتییهکان بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند، لە کاتى پاشەکەوتى مووچەدا نرخى بەرمیلێک نەوت بە 27 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بە 50 دۆلارە، نرخى نەوت زیادى کردووە و هەناردەش زیادى کردووە، کەواتە داهات زیادى کردووە و دەبووایە حکوومەت بە بڕیارى پاشەکەوتى مووچەدا بچووایەتەوە.
وتیشى: ״ پڕۆسەى نەوت شەفاف نییە لە هەرێمى کوردستاندا، دەلیلیشم ئەوەیە لە سەرەتاى ساڵەوە تا ئێستا وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان ڕاپۆرتى مانگانەى خۆى لە بارەى بڕى هەناردە و داهاتى خۆیەوە ئاشکرا نەکردووە، وەکو ئەوەى لە ڕابردوودا دەیکرد، هیوامان دەخواست شەفافییەت زیادبووایە بەڵام کەمى کرد״.
عیزەت ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، حکوومەت بەبیانووى پێدانەوەى قەرزەکانى دەستکاریى پاشەکەوتى مووچە ناکات.
لە ڕێکەوتى 26-5-2016 نرخى بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانى جیهاندا گەیشتەوە بە 50 دۆلار، بەڵام لەو بەروارەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە پاشەکەوتى مووچەى فەمانبەران لەلایەن حکوومەتى هەرێمەوە نەکراوە.
بە پێى ئەو بڕیارەى حکوومەتى هەرێم، دەبووایە مانگانە، لەبەر ئەوەى نرخى نەوت بەرزبووتەوە و داهاتى زیاتر دەچێتە خەزێنەى وەزارەتى دارایی و ئابوورییەوە، دەبوو بڕى پاشەکەوت کەمبکرایەتەوە و مووچەش زیاد بکرایە.
بڕیارەکەی حکومەت حەوت خاڵە و لە خاڵى پێنجەمدا هاتووە ״خشتەى پاشەکەوتکردنى ڕێژەیەک لە شایستە داراییەکانى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى مانگانە چاوخشاندنەوەى لەسەر دەکرێت، بە ڕژاوکردنى داهاتى مانگانەى وەزارەتى دارایی و ئابوورى بە جۆرێک کەمترین ڕێژەى پاشەکەوت جێ بەجێ بکرێت لەسەر ئەو مووچەخۆرانەى کە بڕى مووچەکانیان کەمە״.
ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەى، پێش سیستمى پاشەکەوت 1 ملیۆن و 74 هەزار و 400 دینار، بووبێت، ئەوا بە پەیڕەوکردنى سیستمەکە مووچەکەى بووە بە 440 هەزار و هەشتسەد دینار، واتە 60% کەمى کردووە، ئەگەر لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخى نەوتدا، تەنیا لە 15% موچە زیادبکرایا، ئەوا موچەى ئەو فەرمانبەرە دەبووە 606 هەزار دینار.
بەڵام حکومەتى هەرێم بەبێ ئەوەى هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات، بڕیارەکەى خۆى تەنیا لە پاشەکەوتى مووچەدا جێ بەجێ کردووە، نەک لە پێداچوونەوە بە سیستمى پاشەکەوتدا.
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بڕیارى پاشەکەوتکردنى مووچە بڕیارێکە لە دەرەوەى یاسا، لەناو ئەو بڕیارەى حکومەت خۆشیدا، دیسان پێشێلى بڕیارى خۆی کردووە.
بەهار مەحمود ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە لیژنەى یاسایی بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند: ״هەر لە سەرەتاوە بڕی پاشەکەوتى مووچە نایاساییە، ئەو بڕیارە باتڵە، چونکە بڕیارێکە لە دەرەوەى یاسا، لە ناو ئەو بڕیارەى خۆشیاندا، دیسان پێشێلى بڕیارى خۆیان کردووە״.
وتیشى: ״مووچە بە یاسا ڕێکخراوە و دەبێت بە یاساش دەستکارى بکرێت و لە پەرلەمان ئەو کارە بکرێت، پەرلەمانیش دەبێت سەبەبى هەبێت بۆ ئەوەى مووچە کەمبکاتەوە״.
پەرلەمانتارێکی دیکە پێى وایە حکوومەت ئەو بڕیارەى هەڵگرتووە بۆ کاتى هەڵبژاردن، یان لە کاتى ڕێککەوتنێکدا بڕیارى زیادکردنى پاشەکەوتکردنى مووچە دەدات.
ئەبوبەکر هەڵەدنى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״نرخى نەوت و ڕسوماتیشى زیاد کردووە، بۆیە دەبێت بە پاشەکەوتى مووچەدا بچێتەوە، بەڵام حکوومەت ئەو بڕیارە نادات چونکە هەڵى گرتووە بۆ کاتى هەڵبژاردن، یاخود ڕێککەوتنێک بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە.
وتیشى: ״هۆکارێکى دیکە ئەوەیە حکوومەت ڕێز لە بڕیارەکانى خۆى ناگرێت ئەو بڕیارەى خۆى داویەتى جێ بە جێى ناکات، هۆکارێکى دیکەش ئەوەیە هیچ گوشارێک لەلایەن خەڵک و حیزبە سیاسییەکانەوە لەسەر حکوومەت نییە״.