״یاسا له سه‌روی هاوڕێیه‌تییه‌وه״
ئاژنس – حه‌سه‌ن شه‌نون
ئاشكراكردنی داخستنی 320 باره‌گای وه‌همیی حه‌شدی شه‌عبی لە عێراق له لایه‌ن ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه په‌رده‌ی له‌سه‌ر دۆسیه‌یه‌كی هه‌ستیار هه‌ڵدایه‌وه كه پێشتر نه‌ده‌زانرا، ئه‌و باره‌گایانه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووی دوای شه‌ڕی داعش چالاكیی جۆراوجۆری ده‌ره‌وه‌ی یاسایان ئه‌نجام داوه و داخستنی به‌شێكیشیان وه‌ك ده‌وترێت پاكتاوكردنی نه‌یاره‌كان بووه له‌ناو ئه‌و ده‌سته‌یه‌دا كه شیعه‌كان تیایدا زۆرینه‌ن.
له مانگی شوباتی ڕابردووه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌منی سه‌ر به ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تێكی ڕاگه‌یاند بۆ داخستنی ئه‌و باره‌گایانه‌ی به ناوی لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه دامه‌زرێنراون و سه‌ره‌تای ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ش به ده‌ستگیركردنی ئه‌وس خه‌فاجی، سكرتێری گشتیی لیوای ئه‌بول فه‌زلی عه‌باس ده‌ستی پێ كرد له‌ناو بارهگهكهیدا له ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی به‌غدای پایته‌خت به تۆمه‌تی دانانی باره‌گایه‌كی ناڕه‌سمی به ناوی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه.
به پێی زانیارییه‌كانی «ئاژانس» له پاش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی داعش و پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندین یه‌كه به ناوی جیاوازه‌وه پێك هێنراون گوایه به‌شێكن له حه‌شدی شه‌عبی و باره‌گایان له به‌غدا و شاره زۆرینه شیعه‌كانی عێراق كردووه‌ته‌وه.
موعین كازمی، سه‌ركرده له ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به «ئاژانس»ی وت: «داخستنی باره‌گا وه‌همییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێكکه‌وتنێك بووه كه سه‌ركردایه‌تیی حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێی گه‌یشتوون و له كۆی ئه‌و باره‌گا وه‌همیانه‌ی داخراون 90یان له به‌غدای پایته‌خت بوون.»
وتیشی: «زۆربه‌ی ئه‌و باره‌گا وه‌همییانه به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته‌یان تێدا دۆزراوه‌ته‌وه كه تایبه‌ت بوون به موڵكداریی هه‌ندێك له موڵكه حكومییه‌كان یان موڵكی هاووڵاتییانی ئاسایی ئه‌وه جگه له‌وه‌ی چه‌ندین ناسنامه‌ی ساخته له‌و باره‌گایانه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه كه تاوانیان پێ ئه‌نجام دراوه و ژمارەیەك كه‌سیش له‌و باره‌گایانه‌دا ده‌ستگیر كراون و دراونه‌ته دادگا.»
حه‌شدی شه‌عبی له ساڵی 2014 و له‌سه‌ر بنه‌مای فه‌توایه‌كی عه‌لی سیستانی گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عێراق پێكهێنرا ، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا یه‌كڕیز بوون له شه‌ڕكردن له دژی داعش به‌ڵام دواتر هه‌ڵبژاردن و ململانێی سیاسی كێشه‌ی خسته نێوانیان كه ئێستا به‌شێك له نه‌یارانی پڕۆسه‌ی داخستنی باره‌گا وه‌همییه‌كان پێیان وایه به‌شێك له‌و پڕۆسه‌یه بۆ خستنی چه‌ند كه‌سایه‌تی و لایه‌نێكی ناو حه‌شدی شه‌عبییه.
به‌در سائیغ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق به «ئاژانس»ی وت: «جلوبه‌رگی سه‌ربازی و چه‌كی جۆراوجۆر و پله‌ی سه‌ربازی و ناسنامه‌ی ساخته له‌و باره‌گایانه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه كه داخراون و تا ئێستاش ده‌یان باره‌گای وه‌همیی تری حه‌شدی شه‌عبی هه‌ن كه له شوێنه دوورهدهستهكاندان و دانه‌خراون.»
وتیشی: «ژماره‌یه‌كی زۆر له هاووڵاتییان به ده‌ست ئه‌و باره‌گا وههمییانهوه ناڵاندویانه و چه‌ندین لایه‌نیش هه‌ن كه له ماوه‌ی ڕابردوودا بێده‌نگ بوون به‌رانبه‌ر به بوونی ئه‌و باره‌گایانه و پێویسته ئه‌وانیش سزا بدرێن.»
بڕیاره هه‌ڵمه‌تی داخستنی باره‌گا وه‌همییه‌كان په‌ل بكێشێت بۆ باره‌گای ئه‌و حزبه سیاسییانه كه چه‌كدارن.
له ماوه‌ی ڕابردوودا عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، وته‌بێژی ڕه‌سمیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق ڕایگه‌یاند: «پێویسته سه‌رجه‌م ئه‌و باره‌گا وه‌همییانه دابخرێن كه په‌یوه‌ندییان به دامه‌زراوه ڕه‌سمییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه نییه.»
ئه‌و هه‌نگاوه بۆ هاووڵاتییانی عێراق جێگه‌ی سه‌رنجه كه به‌شێكیان قوربانیی ده‌ستی ئه‌و باندانهن كه به جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه یان به ناوی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه تاوانیان به‌رانبه‌ر ئه‌نجام دراوه، به‌ڵام ئه‌و پرسه بۆ هه‌ندێكی تر جێگه‌ی گومانه كه ململانێی سیاسیی له پشته‌وه بێت.
كامل غه‌ریری، ئه‌ندمی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق به «ئاژانس»ی وت: «ئه‌وه نكۆڵی لێ ناكرێت كه باره‌گای وه‌همی هه‌یه به ناوی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه كه تاوانێكی زۆری به‌رانبه‌ر به هاووڵاتییانی سوننه ئه‌نجام داوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش جێی پرسیاره كه بۆچی حه‌شدی شه‌عبی پێشتر ئه‌و باره‌گایانه‌ی دانه‌خستووه.»
وتیشی: «به‌شێك له‌و هه‌ڵمه‌ته بۆ لێدانه له‌و كه‌سانه‌ی كه له حه‌شدی شه‌عبی جیا بوونه‌ته‌وه و پێده‌چێت ئه‌و بڕیاره‌یان له ده‌ره‌وه‌ی سنووری عێراقه‌وه پێ گه‌یشتبێت.»