حزبە سوننە و شیعەکان تووشی پەتای ناکۆکیی ناوخۆیی دەبن
ئاژانس – حەسەن شەنون
عەبدولعەزیز حەکیم سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی دەرگای جیابوونەوەی لەنێو حزبە عێراقییەکاندا کردەوە، لە پاش ئەوەی لە حزبەکەی جیا بووەوە و حزبێکی نوێی درووست کرد.
ناکۆکیی نێوخۆی حزبە سیاسییەکانی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک کە لە پاش ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی ئەگەر زۆرە حزبە شیعە و سوننەکانی تریش هەمان هەنگاو بنێن کە دیارترینیان سیناریۆی جیابوونەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانە لە حزبی دەعوە کە نووری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتی دەکات.
دیارترین ڕووداوی سیاسیی چەند هەفتەی ڕابردووی عێراق جیابوونەوەی عەمار حەکیم بوو لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و پێکهێنانی حزبێکی نوێ بوو بە ناوی حیکمەی نیشتیمانییەوە.
ناکۆکیی نێو ئەو حزبە شیعەیە گەیشتە ئاستێک کە حەکیم نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات سەرەڕای ئەوەی سەرۆکایەتییشی دەکرد.
محەمەد مەیاحی سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״جیابوونەوەی ئێمە لە ئەنجوومەنی باڵا بە هۆی لێدوانی بەشێک لە سەرکردەکانییەوە بوو بەتایبەت جەلالەدین سەغیر و بەیان جەبر و عادل عەبدولمەهدی کە لەگەڵ تێڕوانینی ئەنجوومەنی باڵادا نەدەگونجا و پێچەوانەی سیاسەتەکەی بوو، ئەوەش ئەو ئەنجوومەنەی بێهێز کردبوو״.
وتیشی: ״ئەو کەسانە بایکۆتی ئەنجوومەنی باڵایان کردبوو دەشیانویست بەشدار بن لە سیاسەتەکانیدا و گوێشیان نەدەدا بە تێڕوانینی حەکیم کە سەرۆکی حزبەکە بوو״.
ئەوە یەکەمجار نەبوو کە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کێشەی تێ بکەوێت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، ڕێکخراوی بەدریش کە سەر بەو ئەنجوومەنە بوو لێی جیا بووەوە و چووە نێو لیستی دەوڵەتی یاساوە.
لە بەرامبەردا محەمەد مەسعودی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کوتلەی مواتن (ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی) ئاماژە بەوە دەکات کە عەمار حەکیم پرسی بە دەستەی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی نەدەکرد لە بڕیارداندا وەک ئەوەی لە پەیڕەوی ناوخۆییدا هاتبوو و تاکڕەوانە مامەڵەی دەکرد״.
محەمەد مەسعودی بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەردەوامیی گوشارەکان و هاوبەشیی خراپ وای کرد کە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی باڵا و حەکیم لەوە ئاگادار بکاتەوە کە جیا بێتەوە، بەڵام ئەو پێش ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی ئێمە پێکهێنانی حزبێکی نوێی ڕاگەیاند״.
ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئێران درووست کرا و لە ساڵی ٢٠٠٩وە عەمار حەکیم بووە سەرۆکی.
جیابوونەوەی نێو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هاوکاتە لەگەڵ دەنگۆی ناکۆکیی نێو حزبی دەعوە لە نێوان هەردوو باڵی حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی بەتایبەت کە دووەمیان هێشتا چاوی لەسەر ئەوەیە کە بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران.
نەهلە هیبابی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی قانوون لە ٢٤ی مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا ئاشکرای کرد کە عەبادی بە نیازە لیستێکی نوێ لە دەرەوەی حزبی دەعوە درووست بکات و دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدریش ڕایگەیاند کە لەگەڵ لایەنەکانی تری هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعە بەرەیەکی پەرلەمانی درووست دەکەن.
هەرچەندە عەبادی ئەو دەنگۆیەی ڕەت کردەوە بەڵام ناکۆکییەکانی لەگەڵ مالیکی ئەگەر زۆرە جیابوونەوەیەکی تری هاوشێوەی ئەنجوومەنی باڵا درووست بکات.
پەتای ناکۆکیی نێوخۆیی حزبەکان هێزە سوننەکانیشی گرتووەتەوە بەتایبەت لە پاش ئەوەی سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمان کشانەوەی لە حزبی ئیسلامیی عێراقی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە کوتلەیەکی سیاسیی نوێ درووست دەکات.
کامیل غەریری ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق پێی وایە کە ململانێ لەسەر سەرۆکایەتیکردنی حزبەکان یان پێشنیارەکانی گۆڕینی سەرکردەکان بە کەسانی نوێ دەستپێکی خۆئامادەکردنی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەو گۆڕانکارییانەوە خۆیان لە تووڕەیی جەماوەرەکانیان ڕزگار بکەن.
کامیل غەریری کە خۆی بە هۆی گوشاری سەرکردایەتیی لیستی عێراقییەوە لەو لیستە کشایەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەشێک لەو جیابوونەوانە ئاماژەن بۆ پێکەوەنەژیان و هەوڵدان بە پەکخستنی یەکتر و ئەوەش دیاردەیەکی نوێ نییە و سەرجەم حزبەکان ڕووبەڕووی هەمان کێشە بوونەتەوە و لە داهاتووشدا ڕووبەڕووی دەبنەوە کە بووەتە هۆی لەدەستدانی بەهای حزبەکان״.