له مانگێكدا سێ هه‌زار تۆنه
ئاژانس – سامان عومه‌ر
دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری ڕاگرتنی خورمای هاورده له ئێرانه‌وه درا، نرخه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌وە، به‌شێك له هاووڵاتییانیش به شێوه‌ی قاچاخ له سه‌ر سنووری ئێران– هه‌رێمی كوردستانه‌وه خورما ده‌هێنن، بڕه‌كه‌شی له ڕۆژێكدا زیاتره له 100 تۆن.
هاورده‌كردنی خورما له وڵاتی ئێرانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕاگیراوە، به‌مه‌ش نرخی خورما له بازاڕه‌كانی هه‌رێم به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی به خۆیه‌وه بینیوه و ئه‌و بڕه‌ی له خوارووی عێراقیشه‌وه هاورده‌ی هه‌رێم كراوه و به‌شێكی له ساردكه‌ره‌وه‌كان هه‌ڵگیراوه به‌شی پێداویستیی هاووڵاتییان ناكات به تایبه‌ت له مانگی ڕه‌مه‌زاندا كه خواست له‌سه‌ر خورما به‌رز ده‌بێته‌وه، ئه‌مه وای كردووه نرخی كیلۆیه‌ك خورما له دوو هه‌زار دیناره‌وه بۆ پێنج هه‌زار دینار به‌رز ببێته‌وه.
عه‌تا محه‌مه‌د، نوێنه‌ری بازرگانه‌كانی عه‌لوه‌ی سلێمانی به ״ئاژانس״ی وت: ״به هۆی ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی گومرگیی هه‌رێم و به‌غدا بووه به یه‌ك، یه‌كێك له خاڵه‌كانیش باس له ڕاگرتنی هاورده‌ی خورما ده‌كات له ده‌ره‌وه بۆیه هاورده‌ی خورما وه‌ستاوه، ئه‌وه‌ی ئێستاش له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه خورمای هه‌ڵگیراوی ئێرانه كه پێش بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنه‌كه ژماره‌یه‌ك بازرگان له مه‌خزه‌نه‌كان خورمایان بۆ ئه‌م وه‌رزه هه‌ڵگرت.״
وتیشی: ״ساڵانه له مانگی ڕه‌مه‌زاندا زیاتر له 8 بۆ 10 هه‌زار تۆن خورما له ئێرانه‌وه هاورده‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێم كراوه و به هۆی بوونی خواست له‌سه‌ری له لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه هه‌مووی ساغ بووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ هاورده‌ی خورما ڕانهگیرابایه، به هۆی دابه‌زینی به‌های تمه‌نی ئێران نرخه‌كه‌ی زۆر هه‌رزانتر ده‌بوو له‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێم.״
״ساڵانه له مانگی ڕه‌مه‌زاندا زیاتر له 8 بۆ 10 هه‌زار تۆن خورما له ئێرانه‌وه هاورده‌ی بازاڕه‌كانی هه‌رێم كراوه و به هۆی بوونی خواست له‌سه‌ری له لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه هه‌مووی ساغ بووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مساڵ هاورده‌ی خورما ڕانهگیرابایه، به هۆی دابه‌زینی به‌های تمه‌نی ئێران نرخه‌كه‌ی زۆر هه‌رزانتر ده‌بوو له‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێم، به‌ڵام ڕێگایه‌كی تازه‌ی قاچاغ دۆزراوه‌ته‌وه بۆ هاورده‌ی خورمای ئێران كه له ئێستادا ڕۆژانه زیاتر لە 100 تۆن خورما به قاچاخ داخڵی هه‌رێم ده‌كرێت كه بۆ مانگی ڕه‌مه‌زان سێ بۆ پێنج هه‌زار تۆن ده‌كات.״ عه‌تا محه‌مه‌د، نوێنه‌ری بازرگانه‌كانی عه‌لوه‌ی سلێمانی وای وت.
ڕاگرتنی هاورده‌كردنی خورما له ئێرانه‌وه له ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا نییه، به‌ڵكوو له به‌دواداچوونه‌كانی ״ئاژانس״دا دەرکەوتووە حکومەتی عێراق هاورده‌ی خورمای قەدەغە كردووه بە هۆکاری تەندروستی، جگه له‌وه‌ش بۆ ڕاگرتنی باڵانسی به‌رهه‌می ناوخۆ و زیانمهندنهبوونی جوتیارانی خوارووی عێراق وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی خورمای داوه، به‌ڵام له ساڵانی ڕابردوو هه‌رێم ده‌ستكراوه بوو له‌و ڕووه‌وه.
ماجد نوره‌دین، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی هه‌رێم به ״ئاژانس״ی وت: ״به پێی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق له‌به‌ر باری ته‌ندروستیی هاووڵاتییان و مه‌ترسیی خراپبوونی هاورده‌كردنی خورما ڕاگیراوه و پابه‌ندبوونی هه‌رێمیش به پێناسه‌ی گومرگییه‌وه وای كردووه هه‌رێم پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق بێت له ڕاگرتنی هاورده‌ی خورما.״
به هۆی زۆریی خواست له‌سه‌ری به تایبه‌ت له مانگی ڕه‌مه‌زاندا هه‌وڵ ده‌درێت له‌ژێر باری تر به شێوه‌ی قاچاخ خورما له مه‌رزه‌كانی هاوسنوور له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێرانه‌وه هاورده‌ی هه‌رێم بكرێت، به‌و هۆیه‌وه ڕۆژانه له مه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌روێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمه‌رانه‌وه كه‌م تا زۆر ده‌ست به‌سه‌ر خورمای ئێرانی‌دا ده‌گیرێت كه هه‌وڵ ده‌درێت به شێوه‌ی قاچاخ له‌ژێر باری شتومه‌كی ڕێگه‌پێدراو بهێندرێته هه‌رێم.
״ئاژانس״ په‌یوه‌ندیی كرد به به‌رپرسی ئه‌و مهرزانهوه، به‌شێكیان پشتڕاستی ئه‌وه‌یان كرده‌وه كه هه‌وڵ ده‌درێت خورما به قاچاخ بهێندرێته هه‌رێم و له‌ژێر باری ڕێگه‌پێدراو ده‌شاردرێته‌وه، له كاتی ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته‌دا له مه‌رزی باشماخ حاڵه‌تێكی له‌و شێوه‌یه هه‌بوو.
شاخه‌وان ئه‌بووبه‌كر، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی باشماخ به ״ئاژانس״ی وت: ״پێشتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواستی كه‌م له‌سه‌ر بوو هه‌وڵی به قاچاخهێنانی خورما نه‌ده‌درا، به‌ڵام له ده‌ستپێكی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره كه بارێك هاتووه به شێوه‌ی قاچاخ خورمای له‌ژێر داندراوه و له كاتی پشكنین ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.زۆرترین خورمای هاورده‌كراوی هه‌رێم له ڕێگه‌ی وڵاتی ئێرانه‌وه بووه، جگه له وڵاتی ئێران له تونس و سعودیه‌ش به ڕێژه‌یه‌كی كه‌م خورما هاورده‌ی هه‌رێم كراوه.״