عوسمان عه‌سكه‌ری
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه‌وتۆته جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی (قرتاندنی قۆڵ و په‌نجه‌كانی ئێران) كه له كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا له ئێرانی كرد، بۆیه له ئێستادا به هه‌موو تواناكانییه‌وه ته‌نگی به ڕژێمی ئێران هه‌ڵچنیوه. ئێران كه وه‌ك سوپهرپاوهرێكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆری بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و دۆسته‌كانی درووست كردووه، مهترسییشی خستووه‌ته سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێشخه‌ری ناكات بۆ لێدانی ئێران و ڕێگه به ئیسرائیلیش نادات ئه‌وه بكات، به‌ڵكو هه‌وڵ ئه‌دات ئێران وه‌ك به‌هێزترین كارت بۆ جێبه‌جێكردن و گه‌شه‌پێدانی به‌رنامه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له دژی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ڕوسیا و چین به‌كار بێنێ، به‌و جۆره نه‌ك به‌ته‌نیا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ڵكو له ئه‌ورووپاوه هه‌تا ده‌گاته چین و ژاپۆن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا مه‌یسه‌ر بكات.
ئێران سوپهرپاوهرهكهی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له به‌رامبه‌ر زلهێزێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا هیچ كارتێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێ نییه بێجگه له داخستنی گه‌رووی هورمز كه له ڕاستیدا، هه‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌و كارته به‌هێزه‌ی كه ئاو ده‌زێنێته ده‌می تره‌مپ و پۆتینیشهوه. ڕوسیا له‌و كاته‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر نیمچه دورگه‌ی قرم دا گرتووه ڕووبه‌ڕووی گه‌مارۆی ئابووری و فشارێكی گه‌وره‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته‌وه. نیمچه دورگه‌ی قرم كه دوای ده‌ركردنی عوسمانییه‌كان له 1774 بۆته به‌شێك له ڕوسیا زیاتر له 250 ملیارد مه‌تر مكعب غازی سرووشتیی تیایه و خه‌زێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نه‌وتیشه به‌ڵام زۆرینه‌ی دانیشتوانی ئه‌و نیمچه دوورگه‌یه بێجگه له ڕوس و ته‌ته‌ر، پێك هاتبوون له جوو كه له یه‌كێتی سۆڤیه‌تی سه‌رده‌می لینین دا داوای فیدراڵیان كرد به‌ڵام دوای مه‌رگی لینین، ستالین كه پشتیوانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی كرد، جووه‌كانی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆكرانیا و ته‌ته‌ره‌كانی بۆ قه‌فقاس به زۆر ڕاگوێزا، دواتر خرۆشۆف له ساڵی 1954 ئه‌م خه‌زێنه زه‌به‌لاحه‌ی غاز‌و نه‌وتی خسته سه‌ر نه‌خشه‌ی ئۆكرانیا. ڕوسیا دوای ئه‌وه‌ی له ساڵی 2014 جارێكی دیكه ده‌ستی به‌سه‌ر قرم دا گرته‌وه نزیكه‌ی 40 ملیارد دۆلاری ته‌رخان كرد بۆ جێبه‌جێ كردنی پرۆژه‌ی خوڕه‌ی باشور ( South Sream ) بۆ ئه‌وه‌ی بۆڕی غاز له قرمه‌وه هه‌تا كه‌ناره‌كانی بوڵگاریا، كه ده‌كاته نزیكه‌ی 620 كیلۆمه‌تر به ژێر ده‌ریای ڕه‌شدا ڕابكێشێ به‌ڵام ئه‌م پرۆژه‌یه له ژێر فشار و گه‌مارۆی ئابوری یه‌كێتیی ئه‌ورووپادا له‌كار كه‌وت.
ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستی بچێته ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه و گه‌رووی هورمز دابخات ڕه‌نگبێ ڤلادمیر پوتین و دۆناڵد تره‌مپ به‌یه‌كه‌وه كاسێك شه‌مپانیا له خۆشی‌دا نۆش بكه‌ن، چونكه به داخستنی گه‌رووی هورمز گرێ كوێره‌كانی هه‌ردوو سه‌رۆك، تره‌مپ و پوتین ده‌كرێنه‌وه به‌وه‌ی داخستنی گه‌رووه‌كه یه‌كێتی ئه‌وروپا دوچاری گه‌وره‌ترین قه‌یرانی وزه‌و و ئابوری ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه داخستنی گه‌رووی هورمز ده‌كه‌وێته مانگی نۆڤه‌مبه‌ر به‌دواوه كه ئه‌وكات له زستاندا ئه‌وروپا زیاتر پێویستی به وزه‌و سوته‌مه‌نیه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌لایه‌كه‌وه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا پێك‌بێنن بۆ لێدانی ئێران، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ڕو له ڕوسیا بكه‌ن بۆ په‌یدا كردنی وزه‌و سوته‌مه‌نی، ڕوسیاش لای خۆیه‌وه ده‌ست به جێبه‌جێكردنی پرۆژه له كار كهوتوهكهی خوڕه‌ی باشور ده‌كاته‌وه، یه‌كێتی ئه‌وروپاش ده‌ركیان به‌و مه‌ترسیه كردوه بۆیه به‌ر له كۆبونه‌وه‌كه‌ی هیلسینكی ڕایانگه‌یاند كه پابه‌ندی هیچ ڕێكه‌وتنێكی تاك لایانه‌ی نێوان تره‌مپ و پوتین نابن.
كورد له كۆبونه‌وه‌كه‌ی هیلسنكی چی ده‌ست ده‌كه‌وێ.
ماوه‌یه‌كی زۆره دانیشتوانی ئیسرائیل به هۆی ئه‌و شه‌ڕ و پشێوییه درێژخایه‌نه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ فه‌ڵه‌ستین و لوبنان و وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌یانه بێزار بوون و به‌شێك له گه‌نجه‌كانیان خۆیان له سه‌ربازی ئیلزامی ده‌دزنه‌وه و كۆچ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته جێی دڵه‌ڕاوكێی سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل، بۆیه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن شه‌ڕو پشێوییهكانیان له ناوچه‌كه چاره‌سه‌ر و ئاسایشی وڵاته‌كه‌یان دابین بكه‌ن، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش له سعوودییه و میسره‌وه ده‌ستی پێكردوه و وای بۆ ده‌چن به له‌ناودانی ئێران پرۆسه‌كه ده‌گاته ئامانج، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه نزیكه‌ی 40 هه‌زار جووی نیمچه دورگه‌ی قرم كه له ساڵی 1991 به‌دواوه ڕازی نه‌بوون بگه‌ڕێنه‌وه بۆ قرمی ئۆكرانیا، به‌ڵكو كۆچیان بۆ ئیسرائیل كرد، به‌ڵام ئێستا باس له‌وه ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ قرمێك كه ئه‌وتۆنۆمی ڕوسیا بێ، ئه‌وه‌ش كارتێكی دیكه‌یه كه له لایه‌كه‌وه ئه‌مه‌ریكا دان به قرم دا ده‌نێ وه‌ك به‌شێك له ڕوسیا‌و دنیاش به‌دوای ئه‌مه‌ریكا دا دێ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه دڵنه‌وایی ده‌داته پوتین نه‌ك به‌ته‌نیا پشت له ئێران بسوڕێنێ به‌ڵكو به‌شداریش له دابینكردنی ئاسایشی ئیسرائیل دا بكات. ئه‌وه لای هه‌موان ڕوونه به هۆی ئه‌و گرێ كوێره ده‌رونیه‌ی كه داگیركه‌رانی كوردستان لای موسڵمانه‌كانی دنیا له دژی گه‌لی كورد درووستیان كردوه، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك كه كوردستان بگوازێته‌وه بۆ قۆناغێكی ئارام و سه‌قامگیر كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر ئاسایشی ئیسرائیل، بۆیه كوردستان پێویستی به زلهێزێكه كه له شاڵاوی دڕندانه‌ی دوژمنه‌كانی بیپارێزێ و ڕوداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش ئه‌وه‌یان ده‌رخست. ئه‌مه‌ریكا ئه‌و زلهێزه‌ی كه هیچ متمانه‌یه‌كی به عێراق نه‌ماوه و له سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ریش كورد به‌نزیكترین دۆستی خۆی ده‌زانێ گه‌وره‌ترین كونسوڵخانه‌ی خۆی له دنیادا له كوردستان ده‌كاته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی له عێراقدا ڕوو ده‌ده‌ن كه پێده‌چێ ئێران داینه‌مۆكه‌ی بێ پێویستی به كوردستانێكی ئارامه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئارامییه له كوردستان دابین بكات كار ده‌كات هێزی پێشمه‌رگه له چنگی حزب ده‌ربهێنێ و بیكات به سوپایه‌كی نیشتیمانی له ده‌ستی حكومه‌تێكی به‌هێزی دور له هه‌ژمونی حزب، لێره‌وه گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری له ژیانی خه‌ڵك و پرۆسه‌ی سیاسی كوردستان درووست ده‌بێ و به‌ردی بناغه‌ی سه‌ربه‌خۆیی داده‌نێ، بۆیه مه‌رج نییه له كۆبونه‌وه‌كه‌ی هیلسنكی به وردی باسی پرسی كورد كرابێ به‌ڵام له‌یه‌ك تێگه‌یشتنی تره‌مپ و پوتین یان ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ر چاره‌نوسی ناوچه‌كه‌و نیمچه دورگه‌ی قرم ڕوداوه‌كان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌به‌ن كه كوردستان بكاته جه‌مسه‌رێكی به‌هێز و سه‌قامگیری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گه‌لی كوردستان به‌خه‌ونه‌كانی شاد بكات.