ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی: ئەوە ڕای هەموو توركیا نییە
ئاژانس
ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا هۆشداریی توند دەداتە هەرێمی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم بە ״هەڵەی گەورە״ لە قەڵەم دەدات و ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیش پێی وایە ئەوە هەڵوێستی هەموو توركیا نییە.
دووشەممەی ڕابردوو 17/7 ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ یاسادا یەك ناگرێتەوە و دەشڵێت: ״بڕیاری ڕیفراندۆمەكە ناتوانرێت جێبەجێ بكرێت و هەڵەیەكی گەورەیە و دەرئەنجامی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە و یەكێتیی خاكی عێراق گرنگە بۆ ئاشتی و ئارامیی ناوچەكە״.
ئەو بەیاننامەیەی ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا بە یەكێك لە هەڵوێستە توندەكانی ئەنكەرە دادەنرێت سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە پاش ئەوەی هەر یەك لە وەزیری دەرەوە و سەرۆكوەزیران و سەرۆكی ئەو وڵاتە پێشتر هۆشدارییان دا لە جێبەجێكردنی.
ئاری هەرسین، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ناكرێت حسابی ئەوە بكەین كە هەموو توركیا بەو شێوەیەیە، چونكە ئەمنی قەومی توركیا گروپێكی ڕاوێژكارین، توركیا بۆ خۆی سێ جەبهەی شەڕی كردووهتەوە دوانیان لەگەڵ پەكەكە و پەیەدە لە سوریا، شەڕێكی سارد لەگەڵ یەكێتیی ئەورووپا، نایهت جەبهەیەكی تری شەڕ بكاتەوە״.
وتیشی: ״ئەو نەوتەی هەرێم لە ڕێگەی توركیاوە بە بۆری دەڕوات بەرژەوەندیی توركیای تێدایە و پارە وەردەگرێت، ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا هەیە، ڕەنگە توندڕەوەكانی توركیا و ئێران ئەو بۆچوونەیان هەبێت، بەڵام ئێمە لە كاتی خۆیدا ڕیفراندۆم دەكەین و دەبێتە ئەمری واقیع، ئەو وڵاتانەش لەگەڵ ئەمری واقیعدا مامەڵە دەكەن״.
بەڵام ئەو هەڕەشەیەی توكیا بۆ لایەنەكانی تر جێگەی مەترسییە بە تایبەت كە ئەو وڵاتە یەكێكە لە هێزە سەربازییە دیارەكانی ناوچەكە و كۆنڕۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێمیش لە دەستی ئەنكەرەدایە.
عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا هەبووە پەیوەندیی دامەزراوەیی و حكوومی نەبوون، بەڵكو پەیوەندیی حزبی و كەسی بوون ، ئەگەر نا توركیا نەیدەتوانی فشار بكات لەسەر پرسێكی ناوخۆیی هەرێم״.
هاوكات تەلار لەتیف، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە بنەماكانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا بەرجەستە نین و ئەو هەڕەشانەی توركیا دۆخی هەرێم ئاڵۆز دەكات و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەگەری داخستنی سنووری توركیا بە ڕووی هەرێمدا دۆخی ئابووریی خەڵك خراپتر دەكات״.
وتیشی: ״پرسی ڕیفراندۆم ل ەلایەن پارتییەوە باس كراوە و دوو مەبەستی لە پشتەوەیە، ڕیفراندۆم ڕەنگە بۆ ئەوە بكرێت كە ڕێکكەوتنێكی لەگەڵ توركیادا هەبێت بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی״.