سازدانی: شیروان محەمەد ئەمین
سۆران عومەر، ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، داوا دەكات دۆسییەی دادگاییكردنەكەی لە هەولێرەوە بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی و دەشڵێت: “پەیامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵ درا بە پارتی، كە ئەگەر پارێزبەندیی لەسەرم هەڵبگرن نێوان كۆمەڵ و پارتی تێك دەچێت و كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانمان دەبێت.”
سۆران عومەر لەسەر سكاڵایەكی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا لە دانیشتنێكدا، كە تەنها ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی و كەمینەكان ئامادەی بوون و دواتریش خۆی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمان پێشكەش كرد.
سۆران عومەر لە چاوپێكەوتنێكی “ئاژانس”دا ئاماژە بەوە دەكات، كە سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا نەبووە دەست لە كار بكێشێتەوە و دەشڵێت: “جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕۆڵی خراپی هەبووە لەو ناكۆكی و ئاڵۆزییانەی ناو پەرلەمان.”
ئاژانس: لەوەوە دەست پێ دەكەین، بۆ چارەسەری كێشەكەت گفتوگۆ لە نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و پارتی هەبووە؟
سۆران عومەر: هیچ گفتوگۆیەك نەبووە، چونكە من ئەركی خۆم بەجێ هێناوە وەك نوێنەرێكی خەڵك.
ئاژانس: پەیامی كۆمەڵ لەسەر ئەو پرسە بۆ پارتی چی بووە؟
سۆران عومەر: پەیامی ئەنجوومەنی سیاسیی كۆمەڵ درا بە پارتی ئەگەر پارێزبەندی هەڵگرن نێوان كۆمەڵ و پارتی تێك دەچێت و كاریگەریی لەسەر پەیوەندییەكانمان دەبێت.
ئاژانس: هەژموونی زۆرینەی پارتی بەسەر پەرلەماندا بە چی كۆتایی دێت؟
سۆران عومەر: جێگری پەرلەمان ڕۆڵی خراپی هەبووە لەو ناكۆكی و ئاڵۆزییانەی ناو پەرلەمان، بە نەفەسێكی تەسكی حزبی كاری كردووە و نەیتوانیوە لە ئاست پۆستەكەی بێ، ئەوەتا پەرلەمان بە تەواوی بێ ڕۆڵ كراوە.
ئاژانس: دۆسیەكەت دەگوازیتەوە بۆ سلێمانی؟
سۆران عومەر: بەڵێ داوای گواستنەوەی دۆسیەكەم دەكەم بۆ سلێمانی.
ئاژانس: بەڵگەت هەیە كە ڕێگر بێت لەوەی سزا بدرێیت لە دادگا و كەیسەكە ببەیتەوە؟
سۆران عومەر: دادگا لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی حزبدایە، بۆیە ناتوانێت بێلایەن بێت بەتایبەت سكاڵاكە لە نێوان من و سەرۆكی حكومەتدایە، لەبەر ئەوە بەڵگە سوودی نییە.
ئاژانس: زانیاری هەیە دەستلەكاركێشانەوەكەت لەسەر داوای خودی كۆمەڵ بووە، ئەوە چۆنە؟
سۆران عومەر: كۆمەڵی ئیسلامی ڕازی نەبوون بە دەستلەكاركێشانەوەم، بەڵام ڕێزیان لە بڕیارەكەم گرت.
ئاژانس: هەڵوێستی سەرۆكی پەرلەمان لەم پرسەی تۆدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
سۆران عومەر: سەرۆكی پەرلەمان دەیتوانی لە سەرەتاوە ڕێ لەوە بگرێت لە سەردەمی ئەودا پێشینەیەكی خراپی نایاسایی ڕوو نەدات و دەسەڵاتەكانی بە كار بهێنرێ لە ئامادەبوونی خۆیدا.
ئاژانس: بەڵام تۆ سوپاست كرد؟
سۆران عومەر: سوپاسی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پارێزبەندییەكە بووە، كە بڕیاری حزبەكەی بوو، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی بەرگری لە شكۆ و دەسەڵاتەكانی خۆی بكات.
ئاژانس: هەندێك پێیان وایە بۆیە دەستت لە كار كێشاوەتەوە بۆ ئەوەی خانەنشینی بتگرێتەوە؟
سۆران عومەر: ئەوە ئەسڵی نییە.
ئاژانس: بۆچی بەڵگەنامەكانی گەندەڵیت نەدا بە دەستەی دەستپاكی؟
سۆران عومەر: دەستەی دەستپاكی ڕۆڵێكی ئەوتۆی نەبووە لە دۆسییەكانی گەندەڵی، ئەزموونیشم لەگەڵی هەیە كە زۆر دۆسییەی گەندەڵی لە لای ئەوانەوە داخراوە!
ئاژانس: ئەگەر پێویست بكات پەنا دەبەیتە بەر دادگاكانی سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی؟
سۆران عومەر: ئەم بابەتە پەیوەندیی بە دادگای عێراقییەوە نییە.
ئاژانس: ئەگەر كاری پەرلەمان ئەوە بێت حكومەت پڕۆژە ئامادە بكات و لە پەرلەمانیش دەست بەرز بكرێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكانی حكومەت، كەواتە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆچی؟
سۆران عومەر: لەبەر بەجێهێنانی ئەرك و ڕۆڵی پەرلەمانە دەست لە كار دەكێشمەوە. پەرلەمان كاری چاودێریی حكومەت و لێپرسینەوەی و یاسا دەركردن و پەسەندكردنی بودجەیە ئێستا ئەمانە بەجێ ناهێنێ، پەرلەمان خۆی لاواز بوو لە سایەی ئەم سەرۆكایەتییە لاوازتر بووە.
ئاژانس: كەی وەڵامی نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەت دەدرێتەوە؟
سۆران عومەر: بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە لە نزیكترین كۆبوونەوە و لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەستلەكاركێشانەوەکە بخرێتە بەرنامەی كار و دەنگی لەسەر دەدرێت، بۆیە لە ئێستادا منیش چاوەڕوانم.
ئاژانس: پێت وایە بەشێك لە لایەنەكانی دەرەوەی پارتیش كەمتەرخەمن لە ئاست ئەو سیاسەتە حكومڕانییەی پارتی هەڵی بژاردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم؟
سۆران عومەر: هەر كەس بە پێی قەبارە و توانا و پێگە و بەشداریی لە حکومڕانی بەرپرسیارێتیی بەردەكەوێت، خەڵك چاوەڕوانی لەو لایەنایە بۆ گۆڕانكاری كە بەشێك نین لەو سیستمە خراپە.