ئاژانس
هەمیشە لە پشووی یارییەكاندا دەچووە تەنیشت دایكییەوە و بە وردیی گوێی لە ڕێنماییەكانی دەگرت، دواتریش وەك خۆی جێبەجێی دەكردن و زۆر كات هەبووە لە لێواری دۆڕاندن بووە، بەڵام بەهۆی ڕێنماییەكانی دایكییەوە یارییەكەی بردووەتەوە.
ئەم دیمەنە، كە لە زۆربەی یارییەكانی محەمەد شۆربەجی میسریدا دووبارە دەبووەوە، ببوە جێگەی سەرنجی هەوادارانی یاریی “سكواش”.
لێهاتویی خۆی و ڕێنماییەكانی “دایكە”، محەمەد شۆربەجییان گەیاندە لووتكەی ڕیزبەندیی یاریزانانی جیهان لە یاریی سكواش.
شۆربەجی، كە بە “وەحشەكەی ئەسكەندەرییە” ناسراوە و تاكو ئێستاش 14 نازناوی جیهانیی بردووەتەوە، هەر لە سەرەتای یاریكردنییەوە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لە دایكی جیانەبووەتەوە و بەردەوام بە هاوكاری سەرەكیی خۆی داناوە.
شۆربەجی دەڵێت “دایكم دەزانێت چۆن بیردەكەمەوە، لەبەر ئەوە باشترین كەسە بۆ من كە هانم بدات و ڕێنماییم بداتێ، بە تایبەت لە كاتە دژوارەكاندا”.
ئەو یاریزانە میسرییە یەكەم نازناوی لە تەمەنی 11 ساڵیدا بەدەستهێنا، كاتێك بووە پاڵەوانی “كۆمار”.
سەركەوتنە وەرزشییەكان، محەمەد شۆربەجییان لە خوێندن دورنەخستەوە، بەڵكو توانی بەكالۆریۆس لە كارگێڕی بەدەست بێنێت و ئێستایش خوێندكاری دكتۆرایە لە زانكۆی بریستۆڵ لە بەریتانیا.
ئەگەر چی دایكی محەمەد “بەسمە شۆربەجی” لە ژیانیدا یاریی سكواشی نەكردووە، بەڵام بەهۆی تەماشاكردنی یارییەكان و مامەڵەكردنی لەگەڵ چەند ڕاهێنەرێكی جیهانیدا، توانیویەتی شارەزاییەكی باش پەیدا بكات.
بەسمە شۆربەجی بۆ “بی بی سی” وتی “مەرج نییە ئەوانەی مومارەسەی یارییەكان دەكەن، ببنە ڕاهێنەرێكی باش، تەماشای تۆپی پێ بكە؛ هەمیشە ڕاهێنەرە باشەكان ئەوانەن، كە پێشتر یارییان نەكردووە”.
لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیی جەونە لە میسر، محەمەد شۆربەجی توشی سەرلێشێوان دەبێت و دوو كۆمەڵەی لەسەر یەك دەدۆڕێنێت، بەڵام بەسمەی دایكی دێتە ناوەوە و هێوری دەكاتەوە، پاشان یارییەكە هەڵدەگەڕێتەوە و محەمەد نازناوەكە بە دەست دەهێنێت.
شۆربەجی بۆ “بی بی سی” دەڵێت: “دایكم بە شێوەیەكی زۆر باش یارییەكان دەخوێنێتەوە، هەمیشە ڕێنماییەكانی لە یارییەك بۆ یارییەكی دیكە جیاوازە، ئەو توانایەكی باشی هەیە”.
بەسمە شۆربەجی لە یارییە گرنگ و پاڵەوانێتییە جیهانییەكاندا لە هەموو شتێك دادەبڕێت و خۆی بۆ كوڕەكەی تەرخان دەكات. هەمیشە زوومی كامێراكانیش دەچنەوە سەر بەسمە.
بەڵام بەسمە شۆربەجی لەوكاتەدا توشی گرفت دەبێت، كە محەمەد ڕووبەڕووی مەڕوانی برای “ڕیزبەندیی شەشەمی جیهان” دەبێتەوە.
بەسمە بڕیاریداوە لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو كوڕەكەیدا نەچێتە ناو یاریگا “ناتوانم ڕێنمایی بە یەكێكیان بدەم و ئەوی تریان فەرامۆش بكەم، بۆیە بە بێلایەنیی دەمێنمەوە”.