لە سەدا 98ی ڕووخاوە
ئاژانس- دیمەن ئیسماعیل
ئەحمەد، لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆکردنەوە و چۆڵکردنی دوکانەکەی بوو باسی لەوە دەکرد کە نیو سهدهیه بە پشتاوپشت ئەم دوکانەی بۆ ماوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی هەرەسهێنانی چۆڵی دەکات.
بازاڕی قەیسەریی کفری دەکەوێتە ناو شارۆچکەی کفری، سەر بە ئیدارەی گەرمیانە، لە دوای 168 ساڵ لە درووستکردنی بە هۆی پشتگوێخستنی لە لایەن حکومەتەوە جگە لە مانەوەی چەند دوکانێک بە تەواوی چۆڵ کراوە.
مێژووی قەیسەریی کفری، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی 19 لە ساڵی 1851 لە لایەن وەستا (سەمەد کەرکوکی) درووست کراوە.
ئەحمەد حاجی کەریم، تەمەن 63 ساڵ یەکێکە لەو کەسانەی کە دووکانەکەی چۆڵ کرد بۆ «ئاژانس» وتی: «دووکانەکەم بە تەواوی وێران بووە، وردەوردە لە پشتەوە دەڕووخا و مەترسیی بۆ ژیانیشمان هەبوو».
وتیشی: «لە دووکانەکەم کهمالیات و پێداویستیی ئافرەتان و جلی منداڵان و زۆر شتی تر هەبوو، بەشێکیشی بە هۆی کۆنیی دووکانەکەم خراپ بوون، لە ئێستادا چۆڵم کردووە هاتووم بۆ دووکانێکی تر».
ئەوەی لە زاری خاوەن دووکانەکانەوە دەست «ئاژانس» کەوتووە، لە زستاندا بە هۆی سەدی ژێر دووکانەکە ئاوی گەڕەکەکان دەهاتە ناوی و دەوەستا، دواتر ئاوەکە دەهاتە سەرەوە بە ماسیحە ئاوم لە دووکانەکەم دەرکردووە.
ئەگەرچی شارەوانی ئاگادار کردووەتەوە تەنیا ڕێگاکەیان بۆ بکرێتەوە خۆیان پارەی تێچووەکەی دەدەن بەڵام گوێیان بۆ نەگیراوە.
ژمارەی دووکانەکانی بازاڕی قەیسەریی کفری (332) دووکان بووە، بە چەند قۆناغێکیش درووست کراوە.
ڕووبەرەکەشی (11393)م-ە، (3) دەروازەی هەیە کە دەروازەی کرمانج لە(دیوی خۆرهەڵات)، دەروازەی سلێمانی لە(دیوی باشوور)، دەروازەی سەرەکی لە(دیوی باکوور)ە.
لە ئێستادا (12 بۆ 13) دووکانی تێدا ماوە، لەم مانگەشدا 6 دووکان چۆڵ کراوە.
خاوەن دووکانەکان باس لەوە دەکەن کە حکومەت هیچ لایەکی لێ نەکردووەتەوە بەو هۆیەوە چۆڵمان کردووە.
بەڕێوەبەری شارەوانیی کفری ڕوونی کردەوە کە چەندین جار داوایان بەرز کردووەتەوە، بەڵام گوێیان بۆ نەگیراوە.
قادر فاتیح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی کفری، بۆ «ئاژانس» وتی: «شوێنی ئاشهکان و سەرای کفری و حەمام و هەندێ شوێنەواری تر لە لایەن شوێنەواری گەرمیان نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا قەیسەرییەکە نۆژەن نەکراوەتەوە».
وتیشی: «داوامان بەرز کردووەتەوە، بەڵام تەنیا یەک وەڵامیان هەبووە، دەڵێن پاره نییە».
مەترسیی ڕووخانی ئەو شوێنە کاریگەریی لەسەر ئەو دووکانانەش درووست کردووە کە لەوێدا بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.
بازاڕەکە شوێنی دابینکردنی ژیانی بەشێکی هاووڵاتییان بوو، کە کاری مسگەری و چەخماخسازی و خواردنگە و چەندین پیشەی تری جیاوازی تیادا بوو.
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان ڕوونی کردەوە: لە ساڵی (2012) «نێچیرڤان بارزانی» هاتووەتە سەر شوێنەکە و سەردانی کردووە.
شوکور مهحمود حیدر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان بۆ «ئاژانس» وتی: «لەو سەردانەدا بڕی 21 ملیار دینار دیاری کرا، بەڵام بە هۆی قەیرانەوە ئیشەکان ڕاگیراوە نەچووە بوواری جێبەجێکردنەوە».
جەختیشی کردەوە: «پارەیەکی خەیاڵی دەوێت بۆ نۆژەنکردنەوەی دووکانەکان کە لە توانای خەڵکدا نییە، بە ڕێژەی ٨٩٨%ی قەیسەرییەکە ڕووخاوە».