ئاژانس
دڵنیا کاموسی پاش ئەوەی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بۆ یەکەمجار وەک دەرهێنەر فیلمێک بەرهەم دەهێنیت، بەرهەمە نوێکەی تەواو کردووە و لە ئێستاشدا بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان نێردراوە.
دڵنیا کاموسی لەبارەی بەرهەمە نوێکەیەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەم بەرهەمەم ناوی (سێگۆشە)یە چونکە چیرۆکەکەی لەسەر سێ خەت کار دەکات کە ئەوانیش (خۆشەویستی، مەزهەب، بێکاری) و ماوەی کورتەفیلمەکەش ٨ خولەکە، لە ئێستادا هەموو کارەکانی تەواو بووە و بە ڕێ کراوە بۆ فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و بەو هیوایەی بتوانێت سەرکەوتوو بێت.״
دڵنیا کاموسی وتیشی: ״لە کارە نوێکەمدا جگە لەوەی خۆم کاری دەرهێنانم بۆ کردووە، ڕۆڵی سەرەکیش لە فیلمەکەدا دەبینم وەک ئەکتەر، هاوکات هەریەکە لە سۆران ئیبراهیم و گۆڤار ئەنوەر وەک ئەکتەری سەرەکی ڕۆڵم لەگەڵدا دەبینن و کارەکەش بە شێوازی (کۆمیدیای ڕەش) ئەنجام دراوە.״
دڵنیا کاموسی لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری بۆکان لە دایک بووە و ماوەی زیاتر لە ٧ ساڵە لە هەرێمی کوردستان ژیان بەسەر دەبات و ناوبانگێکی زۆری هەیە.