د. سهردار عهزیز
دونیای ئەمڕۆ دونیایەکی پشێوە. سی ساڵ لەمەوپێش دیواری بەرلین ڕووخا و سیستمی جووت-جەمسەری لە دونیادا کۆتایی هات. ماوەی سی ساڵی ڕابردوو لای زۆرێک وەها دادەنرێت، کە ماوەیەکی بێوێنە بوو لە مێژوودا، چونکە زۆربەی مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی ململانێی زلهێزەکان بووە. بەڵام سی ساڵی ڕابردوو سی ساڵی هێمنی و باڵادەستیی ئەمەریکا بوو بە سەر دونیادا. ئێستا دونیا بەرەو جۆرێک لە فرەجەمسەریی ئاڵۆز دەڕوات، کە پشێوییەکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. هەندێک لە چاودێران دەڵێن لە چەند دەیەی داهاتوودا هەر وڵاتێک دانیشتوانی لە ٢٥٠ ملیۆن کەس کەمتر بێت ناتوانێت بە ئاسانی سەروەریی خۆی بپارێزێت.
ئایا کورد لە سەردەمی پشێویدا چی دەکات؟ هەرچەندە دیدێکی ڕوونی کوردی بوونی نییە، بە تایبەتی لە ئاستی تیۆری و پۆلەسیدا، بەڵام لە میانەی کردار و پراکتیزدا چەند دیدێک بە دی دەکەین. لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ ئەدەین وەک هەوڵێکی سەرەتایی بۆ ئەم پڕۆسەیە. دەبێت لە سەرەتادا ئاماژە بە ئەوە بدەین، کە هەموو وڵاتێک یان پێکهاتەیەک جێگەیەکی هەیە بۆ سیاسەتکردن و بڕیاردان، کورد هێشتا ئەم جێگەیەی نییە.
یەکەم، دیدی دیموکراسی. دیدی دیموکراسی هەمیشە بەشێک بووە لە خیتابی کوردی. بەڵام بە تێگەیشتنێکی سادەوە. زۆرجار کورد وەک درووشمێک ئەوە دەڵێتەوە، کە ئەگەر دیموکراسی لەو وڵاتانەدا هەبێت کوردستانیان بەسەردا بەش کراوە، ئەوا پرسی کورد چارەسەر دەبێت. ئەم تێزە لە ئەنجامی دید و تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی دیموکراسی و مافی خەڵكەوە نەهاتووە. بەڵکوو زیاتر وەک ڕستەیەکی بریقەداری شاعیرانەیە.
ئەم دیدە بە شێوەیەکی تۆکمە لای هەدەپە بەرجەستە دەبێت، کە بڕوای بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا هەیە. بە مانایەکی تر خەڵک دەتوانن لە ڕێگەی بەشداریکردنی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەوە پرس و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئەم هەنگاوە لە پاش کۆتایی پڕۆسەی خاک دێت، کە ساڵانێکی زۆر پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکرد، ئەویش پرسی دەوڵەتی کوردی بوو.
پڕۆسەی دیموکراسی تەنها ئەوە نییە پارتێکی سیاسی درووست بکەیت و بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەیت. بەڵکوو لە هەمان کاتدا بە مانای ئەوە دێت ئەرکی دیموکراسیکردنی ئەو وڵاتەی تیایدا بەشداریت بگریتە ئەستۆ. لێرەدا ڕاستەوخۆ پرسی کورد تووشی کێشە دەبێت، چونکە دیموکراسی یاریی ژمارەیە و کورد خاوەنی ژمارە نییە، بۆیە هەمیشە دەبێت سازش بۆ ئەوە بکات، کە تەنها داوای مافی کورد نەکات، یان خواستی کورد بکاتە پاشکۆ و خواستی گۆڕینی سیستمی سیاسی و کولتووری سیاسیی ئەو وڵاتانە بکاتە خواستی سەرەکی.
ئەم ئەرکە زۆر سەختترە لە خواستی جیابوونەوە، وەک هەمیشە هاوڕێم بورهان یاسین جەختی لەسەر دەکردوەوە. چونکە هیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە هیچ بنەمایەکیان تیادا نییە بتوانن لە ماوەیەکی کورت یان مامناوەندی داهاتوودا ببنە دیموکراسیی ڕاستەقینە. لە ڕاستیدا دیموکراسیبوون لە دونیادا لە قەیراندایە و لەو وڵاتانەی، کە کوردستانیان بە سەردا بەش کراوە لە قەیرانی قووڵدایە. ئەم قەیرانانە بە کورد چارەسەر نابن .
پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی وڵاتان تەنها لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دیموکراسیدا نییە، بەڵکوو دەبێت بنەما هەبێت بۆ دیموکراسییەت. یەکەم بنەما پرسی زەبروزەنگ و ئاسایشە، لە دۆخێکدا کە زەبروزەنگ بێلایەن نییە، ئەستەمە باس لە سیاسەت بکرێت. سیاسەت بە مانای بەشداریکردن لە پانتایی گشتیدا لە پێناو پێکەوەگرێدانی تایبەت و گشت. دووەم، نەبوونی ڕێگریی بەشداریی سیاسی، سێیەم، توانای درووستکردنی هاوپەیمانێتی و بونیادنانی هێز. چوارهەم، نەمانی هیچ هێز و ناوەندێکی بان-دەوڵەتیی.
تێزی دیموکراسی لە عێراقیش بە گەرمی باس دەکرێت. پاش شکستی ڕیفراندۆم ئەم تێزە بنەمایەکی دیفاکتۆیی وەرگرتووە. عێراق ئەگەر بە پێی دەستوورەکەی بەڕێوە بچێت ڕەنگە لە هەموو جێگەیەکی تر زیاتر بۆ پرسی دیموکراسی گونجاو بێت. بەڵام لە عێراقدا تەنها دەسوتور بونیادێکی دیموکراسییانەی هەیە. هەموو بنەماکانی تر نادیموکراسین. بۆیە یاسا هێشتا یەکلاییکەرەوەی سیاسەت نییە. هەروەها ئەوە یاسا نییە سیاسەت لە قاڵب ئەدات، بەڵکوو هێزە. تێزی دیموکراسی بە تەنها وەک تێزێکی مەحاڵ دەردەکەوێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار: یەکەم، بوونی ڕێگریی زۆری دیموکراسیبوونی ئەو کۆمەڵگەیانە. دووەم، لاوازبوونی پڕۆسەی دیموکراسیبون لە دونیادا، سێیەم، شلۆقبوونی دونیا لە قۆناغی داهاتوودا. بەڵام لەسەروی هەموویەوە تێزی دیموکراسیبوون لە ناو کورددا خۆی کێشەی هەیە. هێشتا کۆمەڵگەی سیاسیی کوردی ناتوانێت دیموکراسییانە سیاسەت پیادە بکات. بەڵکوو دیموکراسی تەنها ئاهەنگ و نمایشێکە. نەبوونی دیموکراسی لە ناوخۆدا، دەبێتە هۆکاری لاوازبوونی تێزی دیموکراسی بۆ چارەسەری پرسی کورد هەر لە سەرەتادا.
هەوڵ ئەدەم لە نووسینی داهاتوودا باس لە تێزی خاک بکەم، کە ڕەنگە زۆر زیاتر قەیراناویتر بێت.