لە هەڕەشەی فەتحی كوردستانەوە بۆ داوای هاوكاری
فەرهادسەعیدی
ناوەندی ڕاگەیاندنی داعش، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو گرتەڤیدیۆییەکی نوێی بە ناوی (يا قومنا أجيبوا داعي الله) لە چەند پێگەیەكی تایبەتی خۆیەوە بە کوالێتییەکی بەرزەوە بڵاو کردەوە، ڤیدیۆكە نزیكەی (18) خولەكە، ئەو وێنانەی گرتە ڤیدیۆییەکە پێک دێنن، هەندێکیان تۆماری تازەن و بەشێکیشیان وێنەی ئارشیفین، بەڵام هەموویان تایبەتن بە کوردە جیهادییەکانی ناو داعش.
وێنە کۆنەکان بەزۆری تایبەتن بە کەتیبەی ״سەلاحەدین״ی داعش، کە کەتیبەیەکی تایبەت بە کوردەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ناو ئەو ڕێکخراوەیە و کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ـی زایینی دامەزراوە، وێنەی تۆماركراوی تایبەت بە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کەتیبەی سەلاحەدین و دیمەنی بەشداریکردنی چەکدارانی ئەو کەتیبەیە لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی کەرکوک لە چەند بڕگەیەکدا پیشان دەدرێن، هاوکات قسەكەرێك بە زمانی کوردی باسی پێگە و جێگەی کوردە جیهادییەکانی ناو داعش و هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکات، کە لە ڕوانگەی ئەوەوە کە هەمان ڕوانگەی خیلافەتەکەی ئەبووبەکر بەغدادییە، بە وتەی ئەو کوردەکان زیاتر لەوەی داکۆکی لە ״خیلافەتی ئیسلامی״ بکەن، کەوتوونەتە داوی دژبەرانی ئیسلامەوە، پەیامی سەرەکیی ڤیدیۆکەش هەر ئەوەیە و لە سەرەتادا بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ئیسلام دەست پێ دەکات و دەڵێت ״کوردەکان بە شێوەی ئارەزوومەندانە ئیسلامیان هەڵبژارد، پاشان لە ڕێگای کەسێکی وەکوو سەلاحەدینی ئەیووبییەوە لە قۆناغێكی مێژووییدا شکۆیان گێڕایەوە بۆ ئیسلام.״
پاشان دەقەکە بەراوردی ئەو قۆناغانە دەکات لەگەڵ قۆناغی سەرهەڵدانی خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کوردیدا، ئەم خەباتە بە سەرەتای دەستپێکی پشتکردنی کوردان لە ئایینی ئیسلام و کەوتنە داوی عەلمانییەت وەسف دەکات و ئەوەی کە بە هەزاران کەسی کورد لە پێناو پێکهێنانی کیانێکی کوردیدا خۆیان بە کوشت داوە کە عەلمانییەکان بەڕێوەی دەبەن، نووسەری دەقەکە لە کێشەی نێوان کورد و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا، لایەنی کوردی بە تاوانبار دەزانێت، ئۆباڵی کارەساتی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجەش لە ساڵی ١٩٨٨ دەداتە ئەستۆی کورد، پاشان دەڵێت ״یەکێک لە دەرەنجامە خراپەکانی شەڕی یەکەمی كەنداو، درووستبوونی دەسەڵاتێکی کوردی بوو لە باکووری عێراق کە دژی ئیسلام و دۆستی خاچپەرستانە.״
دواتر ״ئەبوو هومام ئەلكوردی״ بە جلوبەرگ و مێزەرێکی ڕەشەوە دەردەکەوێت، ئەمەش یەکەم دەرکەوتنی ناوبراوە پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لە چەند میدیایەکی کوردیدا، ئەو جاری یەکەم لە گرتەڤیدیۆیەکی مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ دەرکەوت لەگەڵ گرووپێک چەکداری تری کورددا کە لە لایەن ״خەتاب کوردستانی״یەوە ئەمیرایەتی دەکران، ئەویش هەمان پڕوپاگەندەی ناو دەقەکە دووپات دەکاتەوە، سەرباری ئەوەی لە سەرەتاوە کورد بە ״گەلی موسڵمان״ ناو دەبات، بەڵام دواتر بە پشتگیریکردنی لە سەڵاتی ״کوفری״ تاوانباریان دەکات.
پاشان چەکدارێکی تری کورد بە ناوی ״عومەر کوردی״ باس لەوە دەکات کە دەبوایە کوردەکان دوای گێڕانەوەی ״خیلافەتی ئیسلامی״، لە جیاتی مانەوە لەو بەرەیەدا کە ئەو بە ״کوفر״ ناوی دەبات، پشتگیری ئەو خیلافەتەیان بکردایە. دواتر چەکدارێکی تر کە خەڵکی شارێکی سەر بە پارێزگای کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەناو داعشدا بە ״عەبدولسەلام کوردی״ ناسراوە، پەیامیکی هاوشێوەی ئەبوو هەمام و عومەر کوردی بڵاو دەکاتەوە و باشووری کوردستان بە (دارولكوفر) ناو دەبات.
لە گرتەڤیدیۆییەکەدا، جگە لەو سێ کەسە چەند چەکدارێکی تری کورد لە چەند بڕگەی جیاوازدا دەبیندرێن. لە بڕگەیەکدا چەکدارەکان باوەش بە یەكدا دەکەن و پاشان بەیعەت نوێ دەکەنەوە. دواتر چەند کەسێکیان لە وتنەوەی سروودێکدا هاوڕێیەتیی عەبدولسەلام كوردی دەکەن، لە کۆتایی گرتەڤیدیۆییەکەشدا سێ چەکداری تری کورد لە کاتی سەنگەرنشینیدا و لە کاتێکدا دەموچاوی خۆیان داپۆشیوە، سروودێک دەڵێنەوە.
لە دەقی سەر گرتەڤیدیۆییەکەدا، هەروەها لە وتەی سێ چەکدارە کوردەکەدا هەندێ خاڵ بەرجەستە دەبێتەوە کە ئاماژەن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانەی ڕوویان داوە و بەڕێوەن. لە شوێنێکی دەقەکەدا کاتێ باس لە بەشداریی کوردە جیهادییەکان لە خیلافەتی بەغدادیدا دەکرێت، لە ڕستەیەکدا هاتووە کە ״هەرچەند ئەوان زۆربەیان شەهید بوون״، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کوژرانی زۆرینەی جیهادییە کوردەکانی ناو داعش. هەروەها بەشداریی کەمی کوردەکانیش لە درووستکردنی ئەو گرتەڤیدیۆییەدا، بەڵگەیەکی ترە بۆ دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی کوردەکانی ناو داعش، خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە بە پێچەوانەی پێشووتر کە داعشە کوردەکان لە پێگەی بەهێزییەوە قسەیان دەکرد و لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەڕەشەیان دەکرد، بەڵینی فەتحی کوردستانیان لە ماوەیەکی کەمدا دەدا، ئەمجارەیان نە هەڕەشە کرا و نە ئاماژەیەک بە فەتح و لەشکرکێشیی سوپای خیلافەت بۆ سەر کوردستان درا. بە پێچەوانەوە، ئەوان بە ئاوازێك دەدوێن کە هیچ ورە و وزەیەکی تایبەتی و گرووپیی تێدا بەدی ناكرێت، ئەمەش لەو شکست و دۆڕانەوە سەرچاوە دەگرێت کە داعش ماوەیەکە تووشی هاتووە و بە ئاقاری نەمان و تیاچوونی یەكجاریی ئەو گرووپەدا تێدەپەڕێ.
هەروەها ئەوان کوردەکان ئاگادار دەکەنەوە کە ئەگەر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی عەلمانییەکان، ئەوا تووشی کوفر و هەڵەی گەورە دەبن و دەکەونە بەر سزای خوداوەند، دیسان ئەمەش ئاماژەیەکی ترە بۆ لاوازیی داعش و ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوە چیتر ناتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر کورد و دەسەڵاتی کوردی، بە گشتی دەرکردنی ئەم گرتەڤیدیۆییە زیاتر وەک هەوڵێکی بێ ئەنجام دەبیندرێت و نائومێدیی کارکتەرەکانی لە ئاستێکدایە کە ناتوانێت گوزارشت لە درووشمە سەرەکییەکەی داعش واتە ״الدولة السلامیة، تتمدد والباقیة״ بکات.