بە بەهای 144 ملیۆن دۆلار زەیتەكەی تاڵان دەكرێت
ئاژانس – ڕۆژئاوا
عەفرین كە شارێكی كوردستانی ڕۆژئاوایە لە سوریا، 30% بەرهەمی زەیتوونی هەموو سوریا لەو شارەیە و جۆرەكەیشی تایبەت و دەگمەن و بەناوبانگە، هەر بەو هۆیەشەوە بووەتە ناوچەیەكی پیشەسازیی بەرهەمەكانی ڕۆن و سابوون و پەلویش (خڵتەی زەيتوون)، 373 كارگەی جۆراوجۆر لە عەفرین و دەوروبەری دامەزراون، بەڵام لە دوای ئۆپراسیۆنی توركیا، زەیتوون و بەرهەمەكانی عەفرین لەژێر مەترسی و تاڵانیدان و چەكدارەكانی سەر بە توركیا بازرگانی بەو بەرهەمەوە دەكەن.
عەلی حەسەن عەفرینی، تەمەن 70 ساڵە و خاوەنی كێڵگەی زەیتوونە لە عەفرین و ناوچەی شەهبا بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەرهەمی زەیتوونی عەفرین تاڵان دەكرێت و دەنێردرێت بۆ توركیا و لە كارگەكانی ئەو وڵاتەوە ڕەوانەی وڵاتانی ئەورووپا و ڕوسیا دەكرێت و باخە زەیتوونەكانیشمان لە ناو دەبرێن و دەسوتێندرێن״.
زەیتوونی عەفرین لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیش ناوبانگی باشی هەیە و خواستی ناوخۆیی و دەرەكیشی لەسەرە.
سلێمان جەعفەر، سەرۆكی ئەنجوومەنی یاسادانانی هەرێمی عەفرین بە ״ئاژانس״ی وت: ״ساڵی پار توركیا زیاتر لە 144 ملیۆن دۆلار ڕۆنی زەیتوونی عەفرینی تاڵان كردووە و ڕەوانەی ئەورووپا و ئیسپانیای كردووە و بە ناوی (ڕۆنی توركی) هەناردەی كردووە و ئەمساڵیش هەر وای كردووە״.
״چەتە و چەكدارانی سوری لە عەفرین بە فەرمانی توركیا كاری تاڵان و دزیی زەیتوون و بەرهەمەكانی لە عەفرین دەكەن، چونكە لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگە״، سلێمان وای وت.
بە گوێرەی ئەو زانیاری و داتایانەی ״ئاژانس״ لە لیژنەی كشتوكاڵی عەفرینەوە دەستی كەوتووە، تەنیا لە 7 ناوچەی هەرێمی عەفرین و دەوروبەری 383 كارگەی ڕۆنی زەیتوون و سابوون و شامپۆ و پەلویش هەن، لەو ژمارەیە 83 كارگەیان لە ناوەندی عەفریندان.
هەر لەو 383 كارگەیە، 335 كارگەیان تایبەتە بە ڕۆنی زەیتوون و 23 كارگەیان بۆ سابوونە و 25 کارگەشیان بۆ پەلویشە.
لە ناوەندی عەفرینیش، 49 كارگەی ڕۆن و 15 كارگەی درووستكردنی سابوون و 19 كارگەی پەلویش هەن.
زەكەریا حەسەن، تەمەنی 30 ساڵە و بازرگانێكی بەناوبانگی زەیتوونە لە شەهبا بە ״ئاژانس״ی وت: ״یەك كیلۆ زەیتوونی سەوزی عەفرین بە یەك دولار بووە، ئەمساڵیش بە هەمان نرخە، لە كاتێكدا لە سەردەمی ئیدارەی خۆسەریی عەفرین یەك كیلۆ زەیتوونی سەوز 2 بۆ 3 دۆلار بوو، زەیتوونی ڕەش 3 دۆلار بووە״.
چاندنی داری زەیتوون لە عەفرین و ئیدلیب سوریای كردووەتە ڕیزبەندیی دووەم لە دوای تونس و ڕیزبەندیی چوارەم لە ئاستی جیهان و چەندین كارگەش بۆ درووستكردنی بەرهەمەكانی كراونەتەوە.
ئەندازیارێكی كشتوكاڵی، لە لیژنەی كشتوكاڵی عەفرین لەبەر سەلامەتیی ژیانی خۆی نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە هەرێمی عەفرین زیاتر لە 18 ملیۆن داری زەینوون هەیە كە زیاتر لە 17 ملیۆن داریان بەرهەمیان هەیە و زەیتوونیش نان و ژیانی عەفرینییەكان دابین دەكات و سەرچاوەی سەرەكیی ژیانیانە״.
״لە ئاستی كەرتی كشتوكاڵی، 70%ی خەڵكی عەفرین پشت بە بەرهەمی زەیتوون بە تایبەتی و كشتوكاڵ دەبەستن و ناوچەكەش بە پێی سەرژمێریی ساڵی 2013 كوردن كە 97% دەكات״، سەرچاوەكەی كشتوكاڵی عەفرین وای وت.
مەحمود سیدۆ، ئەندامی لیژنەی ئابووریی خۆسەریی عەفرین بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەرهەمی ساڵانەی زەیتوونی عەفرینی زیاتر لە 280 هەزار تۆنە، كە دەكاتە 30% بەرهەمی گشتیی سوریا״.
״بەهای ساڵانەی بەرهەمی زەیتوون 145 بۆ 160 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە و بە تایبەت لە سەردەمی بەڕێوەبەری خۆسەری كوردی كە ماوەی 4 ساڵ بە شێوەیەكی زۆر دادوەریانەوە كار بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵیی كردووە و هاوكاریی جوتیاران كراوە تا زیاتر گرنگی بە چاندنی داری زەیتوون و بەرهەمەكانی بدەن״، مەحمود سیدۆ وای وت.
(س.م) جوتیارێكی عەفرینە و خاوەنی حەوت سەر خێزانە و بە ناچاری عەفرینی بەجێ هێشتووە و ئێستا لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای كوردستان نیشتەجێیە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە سەردەمی خۆسەریی كوردی ژیان و ڕەوشی خەڵكی عەفرین زۆر باش بووە و بە هۆی كشتوكاڵی زەیتوون و پیشەسازیی بەرهەمەكانییەوە ژیانی خەڵك زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا ئاوارەین و بەرهەمیشمان تاڵان دەكرێت بۆ توركیا״.
״لە دوای داگیركردنییەوە لە لایەن سوپای توركیا و چەتەكانیانەوە عەفرینیان كردووە بە دۆزەخ و كەوتونەتە تاڵانی و لەناوبردنی باخە زەیتوونەكان״، ئەو جوتیارەی عەفرین وای وت.
سوپای توركیا، ئۆپراسیۆنی عەفرینی بە ناوی ״لقی زەیتوون״ لە ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠١٨ ئەنجام دا و تا ئێستاش كۆنتڕۆڵ كراوە و نەكشاوەتەوە.