تا دێت ژینگەی كاری ڕۆژنامەنووسی و میدیایی لە هەرێمی كوردستان، دەبێتە ژینگە و كێڵگەیەكی پڕمەترسی بۆ ڕۆژنامەنووسان، بە شێوەیەك وای لێ هاتووە لە هەر كات و ساتێكدا ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە و بكوژرێت، لەسەر چی…؟ تەنها لەسەر نووسین و دەربڕینی بۆچوون.
تیرۆركردنی ڕۆژنامەنووسان (عبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامەحەمە لە كەركوك، سەردەشت عوسمان لە هەولێر، كاوە گەرمیانی لە گەرمیان و ویداد حوسێن لە دهۆك) تەنها فۆڕم و شێواز و تاكتيكی تیرۆركردنەكانیان جیاوازە، تەنها موقعی جوگرافییان جیاوازە، بەڵام زۆرینەیان سەر بە میدیای ئەهلی یان بێلایەن بوون، بەڵام هیچ گومان هەڵناگرێت و بەوپەڕی یەقینەوە هەموویان لەسەر نووسین و دەربڕینی بۆچوونەكانیان تیرۆر كراون (ئەگەرچی هەندێك لە نووسین و بۆچوونەكانیان پابەندبوون بە ئیتیكی ڕۆژنامەوانی پێوە نییە، بەڵام ئەمە ڕێگاخۆشكەر نییە بۆ تیرۆر و كوشتنیشیان)، بەڵام تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران و چالاكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بگرە خەڵكانی سیاسییش، پێمان دەڵێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان واتا (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیى نیشتمانیی كوردستان) دەبێت وەڵام بدەنەوە و چارەنووسی بكوژانی ئەم ڕۆژنامەنووسانە دیاری بكەن، چونكە لە زاخۆ تا خانەقین هەموو دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەت لای ئەو دوو هێزەن بە كەركوكیشەوە.
بەڵام لەمە زیاتر شاردنەوەی كەیس و فایلەكانیان، دەبێت دوو كار بكەن، یان ئیتر ڕێگا نەدەن بە دەرچوونی هیچ ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیایەكی ئەهلی و ئازاد و ئۆپۆزسیۆن، هەموو كەناڵە تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییەكان دابخەن و مۆڵەتەكانیان لێ وەربگرنەوە و كۆی سەندیكا و ڕێكخراوەكان یاساغ بكەن و ڕایبگەیەنن ئیتر سەردەمی ئازادی و ڕاگەیاندن و عەقیدە و بەیان بەسەر چووە.
یا بانگەشەی دیموكراسی و ئازادی نەكرێت تا هەموو ئەو شەریحانە و بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسان بیر لە چارەسەری تر بۆ خۆیان بكەنەوە و تووشی ئەو وەهمە نەبن كە تیرۆر ناكرێن.
ئەگەرنا لە ماوەی (8) ساڵدا لە (1/1/2008 تا 30/12/2015) جگە لە (ویداد حوسێن) لە دهۆك، (7) ڕۆژنامەنووس تیرۆر كراون و (484) پێشێلكاری ڕووی داوە.
ئەم ئامارانە پێمان دەڵێت ״ژینگەی هەرێمی كوردستان خەریكە دەبێتە ژینگەی ڕەش و دەچێتە لیستی ئەو وڵاتانەی كە ڕێكخراوەكانی ڕۆژنامەنووسی بە جێگەی ترسی دەزانن بۆ كاركردن״، سەرەڕای هەموو ئەوانە دڵنیام كە تیرۆری ویداد دوایین تیرۆری ڕۆژنامەنووسان نابێت.
1- (7) ڕۆژنامەنووس لە هەولێر و موسڵ و گەرمیان تیرۆر كراون.
2- (2) ڕۆژنامەنووسی ژن تیرۆر كراون.
3- (484) حاڵەتی پێشێلكاری ڕووی داوە، (11) حاڵەت دژی ژنانن.
4- لە كۆی (700) ئەندامی سەندیكا نزیكەی (500) لەوانە ژنانن.
5- ئەم (484) ژمارە (حاڵەت)ە پێشێلكارییە، ئەگەرنا ڕێژەكە زیاترە، بۆ نموونە كە باسی حاڵەتی لێدان دەكرێت (5) ڕۆژنامەنووس بە یەكەوە لێیان دراوە واتا یەك تیم بوون، یان (3) ڕۆژنامەنووس لێیان دراوە و (هەركامیان) هیی (3) كەناڵی جیاواز بوون، بۆیە ڕێژەكە دەگاتە نزیكەی (600) پێشێلكاری بەرامبەر (رۆژنامەنووس) یان (كەناڵ).
6- لە ساڵی 2014ـدا (33) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر (58) ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە.
7- لە ساڵی 2015دا (32) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر (72) ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە.
8- (484) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ڕووی داوە، جگە لە:
– 271 سكاڵای یاسایی
– 23 پێبژاردن
– 300 بەیاننامەی ڕاگەیاندن
9- لە ساڵی 2013دا (١١ ڕاپۆرت) بە كەركوكەوە (21) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر (30) ڕۆژنامەنووسان ئەنجام دراوە.
10- هەر لە ساڵی 2013 دا (١٢ ڕاپۆرت) (27) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر (42) ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە.
كەواتە لە ساڵی 2013 دا 48 حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر (72) ڕۆژنامەنووس تۆمار كراوە.
تیرۆر:
11- سروە عەبدولوەهاب – موسڵ 4/ 5/2008 لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە لایەن تیرۆریستانەوە تیرۆر كرا.
12- بێگەرد قەڵاتی- ڕانیە 18/4/2008 لە لایەن هاوسەرەكەیەوە تیرۆر كرا.
13- مولود افند 8/6/2012 وتیان فڕێندراوە، 2015 دەركەوت لە تارانە.
14- كێشەكان پەیوەندییان هەیە بە:
– دادوەر
– حكوومەت و دامودەزگا
– ڕۆژنامەنووس، كەناڵ
– سەندیكا
– زۆربەری كەیسی دادگا ڕۆژنامەنووس دۆڕاندوویە.
15- پەلاماردان 2008 – 2010 لە (484) حاڵەت (8) ژن پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە.
* سی سیل ئینیۆل/ ژنەڕۆژنامەنووسی فەرەنسی لە هەولێر لە ئوتێل هەورامان لە 7- 8/3/2008 لە لایەن كارمەندێكی هوتێلەوە دەستدرێژی كرایە سەر.
* سروە عەبدولواحید – مەخموور 6/6/2008 (الحرە) براوەتە بارەگای پۆلیس.
* ئازیز مەحموود – سلێمانی/ ڕووداو/ 10- 11/4/2009 هێرش كرایە سەر ئۆتۆمبێلەكەی و گوللەیەك دەخرێتە ناو ئوتومبێلەكەیەوە.
* ئەڤین بەهجەت – كەركوك و هەولێر GK tv 7/3/2010 لە سەیتەرە ڕاگیرا و كامێراكەیان لێ سەندراوە.
* چیمەن عەلی – سپێدە 7/3/2010 كوردستان لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا.
* تابان فازڵ – ڕووداو 29/7/2015 لە دهۆك بۆ ڕووماڵی هێرشی فڕۆكەی توركیا بۆ سەر PKK، هێرشی كرایە سەر.
* هانا ئیسماعیل – KNN 28/6/2015 هەولێر، زێرەڤانی پێشلێكاری دژی ئەنجام داوە.
2013
* سۆزان جەمال – سەرنوسەر گۆڤاری زانستی سەردەم 4/2013 سلێمانی، هەڕەشەی لێ كراوە.
16- خۆپیشاندان + هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان دوو حاڵەتی تایبەت بوون، كە زۆرترین پێشێلكارییان تێدا ئەنجام دراوە.
17- لەم ڕاپۆرتانەدا باسی ئەو كتابانە نەكراوە، كە نێردراوە بۆ دادگا یان لە پۆلیس هاتوون+ یان داوای یاسایی و سكاڵا بوون، یان یاداشت بوون بۆ حكوومەت
سانسۆر و تیرۆر

Related Articles
Warning: assert(): Assertion failed in /var/www/wp-content/themes/goodnews 5.8.3/comments.php on line 1