توركیا نانی فەرمانبەرانی كورد دەبڕێت
ئاژانس
حكوومەتی توركیا، دەستی كردووە بە نانبڕین و دەركردنی فەرمانبەرانی كورد لە باكووری كوردستان، ئەم هەڵمەتەش دوای دوورخستەنەوەی نزیكەی ٥٠ سەرۆك شارەوانی ناوچە كوردییەكان و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و هەوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان ״هەدەپە״ دێت. هاوكات ڕێكخراوی مافی مرۆڤ ئاشكرای دەكات ساڵی پار ٥٠ هەزار پێشێلكاری بەرانبەر بە كورد لە باكووری كوردستان ئەنجام دراوە.
دوای دەستگیركردنی نزیكەی ٥٠ سەرۆك شارەوانی و دوورخستنەوەیان، ئەو كەسانەی دەوڵەتی توركیا لە شوێنی سەرۆك شارەوانییەكان دایناون دەستیان كردووە بە دەركردن و نانبڕینی فەرمانبەرانی كورد لە دامودەزگاكانی باكووری كوردستاندا، هەدەپەش ئاشكرای دەكات، هەموو ئەو هەوڵانەی توركیا بۆ كپكردنەوەی هێزی هەدەپە و نەهێشتنی ناڕەزایەتییەكانی كوردە بەرانبەر دەوڵەتی توركیا.
هەر یەكە لە سەرۆك شارەوانییەكانی شاری ڕۆحا، هەوەنگ، وێرانشار، خەلفەت نزیكەی ٥٠٠ فەرمانبەری كوردیان لە پیشەكانیان دوور خستووەتەوە و هەڵمەتەكەش لە لایەن بەشێكی ئەو سەرۆك شارەوانییانەی تر كە ئەكەپە دایناون درێژەی هەیە.
شەڕی ئابووری بەرانبەر كورد
هەدەپە، كە بەهێزترین پارتی كوردییە لە باكووری كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، دژایەتییەكانی دەوڵەتی توركیا بەرانبەر كورد ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە.
نادر یەڵدرم، پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، دەركردنی فەرمانبەرانی كورد دوای سەرۆك شارەوانییەكان بریتییە لە گرتنەبەری سزای ئابووری بەرانبەر كورد.
یەڵدرم وتیشی: ״دەوڵەتی توركیا پێشتر بە تەرخاننەكردنی هیچ هەلێكی كار سزای ئابووریی كوردی دەدا، ئەم هەڵمەتەی ئێستاش لە برسیكردن و دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی كورد بە هەمان شێوە سزادانی ئابووریی كوردە.״
״جگە لە فەرمانبەرەكان، هەزاران كرێكاریش لەسەر كاری كۆمپانیاكان دوور خراونەتەوە و لە ئێستادا كرێكارە كوردەكان لە شارەكانی باكوور كاریان دەست ناكەوێت.״ نادر یەڵدرم وای وت.
دوای كودەتا شكستخواردووەكەی توركیا كە لە مانگی ٧ـی ساڵی پاردا ئەنجام درا، ئەگەرچی كورد لە باكوور دژی كودەتاكە وەستایەوە، بەڵام كاردانەوەی دەوڵەتی توركیا و ئەكەپە بەرانبەر كورد دوای ئەو كودەتایە سەختتر بوو، بە شێوەیەك هەردوو هاوسەرۆكان و ١٠ پەرلەمانتاری هەدەپەی دەستگیر كردووە و تا ئێستاش لە زینداندان، ئەمە جگە لە دوورخستنەوەی نزیكەی ٥٠ سەرۆك شارەوانیی كورد و دەركردنی سەدان فەرمانبەری كورد.
٥٠ هەزار پێشلكاریی مرۆیی
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی ئاشكرای دەكات ساڵی پار لە باكووری كوردستان نزیكەی ٥٠ هەزار پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ تۆمار كراوە، ڕێكخراوەكەش لە هەڵكشانی زیاتری پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە باكوور هۆشداری دەدات.
ڕاجی بلیجی، سەرۆكی نووسینگەی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ، لە ڕاپۆرتێكدا لە سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵدا ئاشكرای كرد، لە ساڵی 2016دا لە لایەن دەوڵەتی توركیاوە ٥٠ هەزار پێشێلكاریی دژی هاووڵاتییانی كورد ئەنجام دراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەكه، هەندێك لە پێشێلكارییەكان ئاشكرا كراون و تیایدا هاتووە، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٣٠٤ كەس لە لایەن پۆلیسەوە بێ لێپرسینەوە و دادگاییكردن كوژراون، هەروەها ١٣١ كەسیش بریندار كراون.
هاوكات بە هۆی سەختیی دۆخی زیندانەوە، شەش كەس لە زینداندا مردوون، هەروەها ٦٤٧ ڕووداوی ئەشكەنجەدان هەبووە، لەگەڵ ١٣٨ جار ئەشكەنجەدان لە كاتی دەستگیركردندا.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەكە، ساڵی ڕابردوو شەش هەزار و ٨٦٠ كەس دەستگیر كراون، كە ١٥٠ كەسیان منداڵ بوون، هەروەها سێ هەزار و ٥٥٦ جار بەسەر ماڵاندا دراوە.
ڕاپۆرتەكە زانیاریی ئەوەشی تێدایە، ساڵی ٢٠١٦ لە باكووری كوردستان ٣٩ تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ٣٤ ماڵپەری ئینتەرنێت داخراون، ١١ ڕۆژنامە و ناوەندی بڵاوكردنەوە فشاریان لەسەر درووست كراوە، ٩٤ جاریش گۆڤار لە بازاڕ كۆ كراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بڵاو ببێتەوە.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە دوورخستنەوەی ٥٢ سەرۆك شارەوانی و دەستگیركردنی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆكانی هەدەپە كردووە.
بلیجی ڕوونیشی كردووەتەوە، ئەگەر بەر بە توركیا نەگیرێت، پێشێلكاریی زیاتر لە لایەن حكوومەتی توركیاوە بەرانبەر كورد دەكرێت.
״توركیا شكست دەهێنێت״
شارەزایانی كاروباری توركیا ئاماژە بەوە دەدەن، هەوڵەكانی توركیا بۆ دژایەتیكردنی كورد شكست دەهێنێت و باس لەوە دەكەن میللەتی كورد بە برسیكردن و زیندان شكستی پێ ناهێنرێت.
محەمەد بازیانی، شارەزای كاروباری توركیا، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، توركیا لە سیاسەتی برسیكردنی كورد و زیندانیكردنیان لە باكوور شكست دەهێنێت.
ئەو وتی: ״ئەكەپە هەموو ڕێگەیەك دەگرێتە بەر كورد لە باكوور بچنە ژێر ڕكێفییەوە، بەڵام مێژووی توركیا ئەوەی سەلماندووە هەتا دەوڵەت توندوتیژتر لەگەڵ كورد مامەڵە بكات كورد بەهێزتر و خۆڕاگرتر دەبێت.״
بازیانی ئاماژەی بەوەش دا، هەموو سیاسەتێك بۆ ملكەچپێكردنی كورد لە باكوور ئەنجامەكەی شكستە.