توركیا له‌و خاڵه سنوورییه‌دا باڵاده‌سته نه‌ك پارتی
سازدانى: مه‌سعود هادى
سه‌ید ئەکرەم به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى ئاسایشى ئیبراهیم خه‌لیل ئاشكرای ده‌كات، كه بێسه‌روبه‌رى له‌و خاڵه سنوورییه‌دا هه‌یه و هه‌رگیز پارتی ده‌ستبه‌رداى نابێت، ده‌شڵێت: «كه‌سانی گه‌نده‌ڵ و چاوبهستووهكان و عه‌قڵ و بیره دواكه‌وتووه‌كان ئه‌و ده‌روازه‌یه‌یان كردووه‌ته كۆگایه‌كی گهندهڵكراو به ژه‌هر.»
سه‌ید ئەکرەم 12 ساڵ به‌ر له ئێستادا له لایه‌ن پارتی دیمو‌كراتى كوردستانه‌وه به تۆمه‌تى دركاندنى زانیارى له‌سه‌ر داهاتى گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل زیندانی كرا.
سه‌ید ئەکرەم له چاوپێكه‌وتنێكى «ئاژانس»دا ڕه‌خنه له وه‌زیره‌كانى دارایی یه‌كێتیى و گۆڕان ده‌گرێت، سه‌باره‌ت به لێكۆڵینه‌وه له داهاتى ئه‌و خاڵه سنوورییه و جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه نه‌ده‌بوو ڕێیان بدایه داهات تێیدا به‌هه‌ده‌ر بدرێت .
به‌رپرسی پێشووى ئاسایشى ئیبراهیم خه‌لیل چه‌ند نهێنییه‌كى جموجۆڵى سوپاى توركیا له‌و سنووره ئاشكرا ده‌كات و ده‌شڵێت: «ئۆپۆزسیۆن بادینانى بۆ پارتى چۆڵ كردووه«.
ئاژانس: سه‌ره‌تا لهوهوە ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه ماوه‌یه‌كی زۆر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل بوویت، ئه‌و كاته داهاتی مانگانه‌ی چه‌ند بوو؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: به هۆی ئه‌م پرسیاره‌وه من سێ ساڵ زیندانی كرام، به ده‌یان كه‌یسی درۆ و بێبنه‌ما له سه‌رم درووست كران، بێڕه‌حمانه و بێویژدانانە درووست كران و دژم بەکار هێنران.
ئاژانس: سه‌رجه‌م ئه‌و پارانه ده‌چوونه ناو خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی داراییه‌وه؟ ئه‌گه‌ر نه‌ده‌چوو چۆن دابه‌ش ده‌كرا؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: ئه‌م پرسیاره له جێگه‌ى خۆیدا بوو، ئه‌گه‌ر پێی ڕازی بن باشتر بوو له ڕه‌حمه‌تی بایزی تاڵه‌بانی وه‌زیرى پێشووى دارایی ئه‌و پرسیاره‌تان بكردایه، چونكه له دوای ده‌ستبه‌سه‌ركردنی من به‌ڕێزی سه‌ردانێكی نهێنى كردبوو بۆ گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل کە بۆ پاكسازی و بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵكاری بوو، دیسان ڕێباز حه‌ملان وه‌زیرى دارایی به هه‌مان شێوه سه‌ردانی كردبوو، بۆیه ده‌بێت ئێوه له‌وان بپرسن .
ئه‌وی گرنگه ئه‌و قسانه‌ی من كردوومه پێشتر ڕاستن و پێویست ناكات دووباره و سێباره‌ی بێت، له‌م وڵاته قسه‌ی ڕاست زۆر كه‌م بووه، ئه‌وی ڕاست بڵێت به ده‌ستپاكی كار بكات و بێ پشتوپه‌نا و ده‌سه‌ڵات بێت ئه‌وان به توندی ئازارى ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن ئۆپۆزسیۆن كه‌سانی سه‌ربه‌خۆن پڕۆپاگه‌نده‌یه و هیچ ڕاست نییه. جێگای گاڵته‌جاڕییه.
ئاژانس: ئێستا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت داهاتی ئیبراهیم خه‌لیل بووبێته چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی پێشوو؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: گومركی ئیبراهیم خه‌لیل (خابوور) تێكهڵوپێكهڵیی تێدا كراوه و زۆر بێسه‌روبه‌ره‌یه و پێویستی به كات و به‌ڵگه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌مڵاندنی بزانرێت، به‌ڵام گرنگیی گومركی ئیبراهیم خه‌لیل هه‌ر ته‌نیا له ڕووه ئابوورییه‌كه‌یه‌وه نییه به‌ڵكوو ده‌روازه‌ى ژیانه بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان له باشووری كوردستان و ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌روازه‌یه به شێوازی زانستی و بۆ خزمه‌تی گشتی به‌كار بهێنرێت و له ده‌ستێكی پاكدا بێت ئه‌وا ده‌بێته ده‌روازه‌ی شاده‌ماری ژیان و سه‌رله‌نوێ له‌سه‌ر-پێ-وه‌ستانی گه‌لی كوردستان، ئه‌م ده‌روازه‌یه هونه‌ره بۆ دیپلۆماسییه‌ت. قووڵایی كۆنى شارستانی و جه‌ماوه‌ری و كولتووری ده‌وڵه‌مه‌ندیی كورد و جیهانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه كه‌سانی گه‌نده‌ڵ و چاوبهستووهكان و عه‌قڵ و بیره دواكه‌وتووه‌كان شه‌قیان له‌م هه‌موو شتانه داوه كه باسم كرد و ئه‌و ده‌روازه‌یه‌یان كردووه‌ته كۆگایه‌كی گهندهڵكراو به ژه‌هر! جگه له‌وه‌ش فۆكسی جیهان و به تایبه‌تییش ئه‌وانه‌ی كه ناحه‌زی كوردن ئه‌م ده‌روازه‌یه‌یان كردووه تووكی نه‌عله‌ت بۆ گه‌لی كورد و خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت باشوور.
ئاژانس: زۆر جار له نه‌وه‌ده‌كاندا باس له‌وه ده‌كرا كه لایه‌نگر و ئه‌ندامانی په‌كه‌كه له‌و سنووره‌وه ڕاده‌ستی توركیا كراونه‌ته‌وه، ئه‌و دیارده‌یه هه‌بووه؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: ئه‌گه‌ر كاری وا هه‌شبووبێت لای ئێمه نه‌بووه، توركیا هه‌ماهه‌نگیی سه‌ربازی هه‌بووه و ده‌زگای سه‌ر به سوپای توركیا كاریان ده‌كرد و له لای ئێمه‌ش سه‌ركردایه‌تی له‌شكری هه‌بووه، هه‌ندێك جار فه‌رمانده‌ی دهۆكیش ئاگادار نه‌بووبێت.
ئاژانس: ئه‌ى هیچ ههمئاههنگییهك نه‌بووه له‌و سنووره؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: ئێمه تیمه‌كانی خۆمانمان هه‌بوو و توركیاش تیمه‌كانی خۆیان هه‌بوو و به ئازادی هاتوچۆیان ده‌كرد و به ئۆتۆمبێلى تایبه‌ت، به‌ڵام من ده‌توانم ته‌نها ئه‌وه بڵێم كه ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی په‌كه‌كه كه خۆیان ڕاده‌ست ده‌كرد و داوایان ده‌كرد ڕاده‌ستی توركیا بكرێن ده‌یانتوانی ده‌ربچن.
ئاژانس: ڕوونتر پێمان بڵێ كێ له ده‌روازى ئیبراهیم خه‌لیل باڵاده‌سته، توركیا یان پارتی؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌بێت لایه‌نی عێراقی و هه‌رێم باڵاده‌ست بێت به‌ڵام لایه‌نی توركی زیاتر سوودمه‌نده له گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل، به‌داخه‌وه ده‌بوایه كورد له‌وێ باڵاده‌ست بوایه به‌ڵام به هۆی چاوچنۆكیی به‌رپرسانی گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسانی كورد ڕۆڵیان لاوازه، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی هه‌رێم ته‌نیا به یاسا كار بكه‌ن گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌كه‌وێته ده‌ستی هه‌رێم .
ئاژانس: هه‌ر له نه‌وه‌ده‌كاندا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خه‌ڵكی سنووری سلێمانی بوون و سنوورداش ده‌كرانه‌وه به‌شێكیان لێ ده‌ستگیر ده‌كرا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی یه‌كێتیی بوون، ئه‌وه چۆن بوو و چی‌یان لێ ده‌كرا؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: سیستمی سنوورداشكردن به ده‌ستی ئاسایش بووه، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هاووڵاتیی هه‌رێم بوون سنوورداش ده‌كرانه‌وه، به كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كران و ناویان له لایه‌ن ئاسایش تۆمار ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕه‌وانه‌ی ئاسایشی دهۆك ده‌كران له‌وێ من ئاگادار نه‌بووم چی‌یان لێ ده‌كردن.
ئاژانس: پێت وایه هه‌روا به ئاسانی پارتی ده‌ستبه‌دارى گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل بێت؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: پێم وا نییه پارتی ده‌ستبه‌رداری گومرگى ئیبراهیم خه‌لیل ببێت .
ئاژانس: ده‌وترێت وه‌زاره‌تی دارایی ئاگاداری داهاتی ته‌واوی خاڵه سنوورییه‌كه نییه؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: منیش زۆر جار وام ده‌وت، به‌ڵام وه‌زیرانی دارایی له پشكى یه‌كێتیی و گۆڕان پاكسازییان به ده‌ستی كه‌سانی گه‌نده‌ڵ ده‌كرد و به‌دواداچوونیان به كه‌سانی گه‌نده‌ڵ ده‌كرد، بیانوویان ده‌دۆزییه‌وه، ده‌بوو ڕێگه‌یان نەدابایه ئه‌م تهخشانوپهخشانه له گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل ڕوو بدات.
ئاژانس: دۆسیه‌ی ده‌ستگیركردن و تۆمهتباركردنت چی به‌سه‌ر هات؟ ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌ت له‌سه‌ره؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: ده‌توانن ئه‌م پرسیاره له دادگاكان و ده‌سه‌ڵاتدارانی بادینان بكه‌ن، ته‌نیا من ئه‌وه ده‌ڵێم هه‌ڕه‌شه‌كردن لێم به‌رده‌وامه و تاوه‌كو ئێستاش خۆمان ڕاگرتووه و خۆمان ده‌گونجێنین و ڕێگایه‌كی ترمان له به‌رده‌ومدا نییه، چونكى ناتوانم وڵاتی خۆم چۆڵ بكه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك ده‌ڵێن سه‌ید ئه‌كره‌م ته‌سلیم بووه و فه‌رده‌یه‌ك دۆلاری وه‌رگرتووه.
ئاژانس: پارتی هیچ پێشنیاری بۆ كردیت بۆ ئه‌وه‌ی بێده‌نگ بیت و بگه‌ڕێیته‌وه ئه‌و حزبه؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: زیاتر له 12 ساڵه من له‌ناو پارتی نه‌ماوم چونكه من هیچ هیوایه‌كم به پارتی نه‌مابوو، له ڕێگای خۆی لای داوه، ئێستاش به‌شێك زۆر له كه‌سوكار و دراوسێ و هاوڕێیه‌كانم پارتین، پهیوەندییشمان هه‌یه.
ئاژانس: هه‌ڵه‌ی حزبه‌كانی تر چییه له سنووری بادینان، كه ناتوانن ڕێ له هه‌ژموونى پارتی بگرن؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره قورسه به‌ڵام ته‌نیا ده‌توانم بڵێم ئۆپۆزسیون بادینانى چۆڵ كردووه.
ئاژانس: ده‌وترێت لایه‌نە سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم بادینانیان فه‌رامۆش كردووه و ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یان ته‌سلیمى پارتى كردووه، ئه‌وه ڕاسته؟
سه‌ید ئه‌كره‌م: له لایه‌كه‌وه ڕاسته و له لایه‌كی تریشه‌وه جێگای پرسیاره چونكه پارتی خاوه‌نى به‌رنامه‌ى خۆیه‌تى و له‌ناو خۆیدا پێداچوونه‌وه ده‌كات و ئینجا خراپ بێت یان باش، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی دیكه له‌ناو خۆیاندا یه‌ك نین و دژ به یه‌كن و بۆیه نه‌یانتوانی ببنه خاوەن به‌رنامه و سه‌ركه‌وتن تۆمار بكه‌ن له بادینان.