حه‌شدى شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ى لێ ده‌كات و پێشبینی ده‌كرێت پڕیشكی كێشه‌كانی به‌ر هه‌رێمیش بكه‌وێت
ئاژانس
ئاماده‌كاریى هێزه ئه‌منییه‌كانى عێراق بۆ ئازادكردنه‌وه‌ى شارى موسڵ له قۆناغى كۆتاییدایه، بێ ئه‌وه‌ى هه‌ست بە قه‌باره‌ى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبێكى سیاسى و ئه‌منى بكه‌ن له‌و ناوچه‌یەدا كه بوونى سوپاى توركیایه.
حه‌شدى شه‌عبی هه‌ر زوو هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى كرد كه ڕووبه‌ڕووى ئه‌و هێزه‌ى توركیا ده‌بێته‌وه و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت به پێچه‌وانه‌ى پێشبینییه‌كانه‌وه كێشه بۆ هه‌رێمى كوردستانیش درووست بكات.
بوونى یه‌كه‌یه‌كى سوپاى توركیا له نزیك ناحیه‌ى به‌عشیقه‌ى خۆرهه‌ڵاتى موسڵ له ساڵى 2015ـوه كرۆكى ناكۆكییه‌كى توندى دیپلۆماسى له نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره هێنایه كایه‌وه، كه حكوومه‌تى ناوه‌ندى ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به پێشێلكردنى سه‌روه‌ریى خاكى عێراق زانى و توركیاش ئه‌و لهشكركێشییهى بۆ هاوكاریكردنى سوننه و توركمانه‌كان زانى له دژى مه‌ترسیی داعش.
هه‌ر زوو حه‌شدى شه‌عبی كه شیعه‌كان زۆرینه‌ى پێك ده‌هێنن هه‌ڕه‌شه‌ى خۆیان له بوونى ئه‌و هێزه سه‌ربازییه‌ى توركیا كرد له نزیك موسڵ. له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه له حه‌وتى مانگى كانوونی یه‌كه‌مى ساڵى 2015 ده‌ریانكرد لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانى حه‌شدى شه‌عبی بوونى سوپاى توركیایان له نزیك موسڵ به هه‌ڕه‌شه زانى و ڕایانگه‌یاند: ״ده‌بێت ئه‌و هێزه بكشێته‌وه ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ره‌كان له به‌رده‌مماندا بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان كراوه‌یه.״
مه‌ترسیدارترین ئه‌گه‌رى به‌رده‌م حه‌شدى شه‌عبی هێرشكردنه سه‌ر سوپاى توركیایە له نزیك موسڵ، كه هاوكات بێت له‌گه‌ڵ ئازادكردنه‌وه‌ى ئه‌و شاره‌دا و چه‌ندین جاریش به‌رپرسانى حه‌شدى شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌و جۆره كاردانهوهوهیان كردووه.
تا ئێستا سوپاى توركیا ده‌ست به پاساوى پێشتریه‌وه ده‌گرێت بۆ بوونى ئه‌و هێزه‌ى له سنوورى به‌عشیقه كه مه‌شقپێكردنى حه‌شدى نیشتیمانى سوننه‌كانه كه له لایه‌ن ئه‌سیل نوجێفی پارێزگارى پێشووى نه‌ینه‌واوه سه‌ركردایه‌تى ده‌كرێت، كه به نه‌یارى شیعه‌كانیش هه‌ژمار ده‌كرێت.
به پێى ڕاپۆرتێك كه سایتى ئه‌لمۆنیتۆر بڵاوی كردووەته‌وه ئه‌و هێزه‌ى سوپاى توركیا هێزه سوننه‌كانى پڕچه‌ك كردووه و بوونیشیان له‌و سنووره به ״هاوسه‌رگیریى به‌رژه‌وه‌ندیى نێوان ئه‌نقه‌ره و هه‌رێمى كوردستان و خانه‌واده‌ى نوجێفى داده‌نێت كه دیارترین سیمبولى سوننه‌كانن له موسڵ.
ڕیناد مه‌نسوور لێكۆڵه‌ر له په‌یمانگاى كارنگى بۆ پرسه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به ئه‌لمۆنیتۆرى وتووه: ״به‌رژەوه‌ندیى توركیا و نوجێفى و هه‌رێمى كوردستان تا هێندێك هاوبه‌شه كه وای كردووه لێك نزیك ببنه‌وه، به‌تایبه‌ت له ئێستا و له قۆناغى دواى ئازادكردنه‌وه‌ى موسڵدا.״ پێ ده‌چێت ئه‌و هاوكێشه‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌ى په‌یوه‌سته به بوونى سوپاى توركیاوە له نزیك به‌عشیقه ئاوها ئاسان ڕێ نه‌كات، به‌تایبه‌ت گه‌ر پڕۆسه‌ى ئازادكردنه‌وه‌ى شاره‌كه ده‌ست پێ بكات كه حه‌شدی شه‌عبیی شیعه سوورن له‌سه‌ر به‌شداریكردن تیایدا و له هه‌مان كاتیش‌دا په‌نجه‌ى هه‌ڕه‌شه له دژى ئه‌و یه‌كه‌یه‌ى سوپای توركیا درێژ ده‌كه‌ن كه له سنووره‌كه‌یه.
د. ئیحسان شمه‌رى سه‌رۆكى ناوه‌ندى بیرى عێراقى پێی وایه پاساوى هاوكاریكردنى توركمانه‌كانى عێراق بۆ بوونى ئه‌و هێزه‌ى سوپاى توركیا له نزیك موسڵ بێهێز بووه و پرسه‌كه له‌وه گه‌وره‌تره كه به وته‌ى ناوبراو مه‌ترسیى گه‌وره‌ى لێ ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پڕۆسه‌ى ئازادكردنه‌وه‌ى شارى موسڵدا.
د ئیحسان شمه‌رى به ״ئاژانس״ى وت: ״بوونى ئه‌و هێزه كێشه‌ى گه‌وره‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه كه دوو ڕێگا له به‌رده‌م حكوومه‌تى عێراقیدایه بۆ ده‌ركردنیان له نزیك به‌عشیقه، كه یان ئه‌وه‌تا به دانیشتنى دووقۆڵى یه‌كلایی بكاته‌وه یان له ڕێگه‌ى ئه‌مەریكاوه گوشار بخاته سه‌رى، چونكه ئه‌نقه‌ره ویستى بۆ دواى ئازادكردنه‌وه‌ى موسڵ ههژموونكردنى ناوچه‌كه‌یه.״ به وته‌ى شمه‌رى بوونى سوپاى توركیا به پێچه‌وانه‌ى پێشبینیى كورده‌وه مه‌ترسییشه بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ده‌ڵێت: ״دژایه‌تیی توركیا بۆ ویستى كورد ئاشكرایه، ئه‌وه‌ش بۆ ئایینده مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان درووست ده‌كات.״