د. سهردار عهزیز
لە سەرەتای نەوەدەکان گفتوگۆیەکی هاکەزایی هەبوو لە سەر شاخ و شار، بەڵام لە بەر لاوازیی دونیای ڕۆشنبیریی کوردی هیچی ئەوتۆی لێ بەرهەم نەهات. سیاسەتی شاخ خەسڵەت و ئاگایی و ڕەفتار و مامەڵە و ئەکتەری جیاوازی هەیە لە سیاسەتی شار. بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ ماوەیەک، یان ڕەنگە هەتا ئێستاش، پرسی ئەوە لە ئارادا بوو کە ئایا ئێمە شارمان هەیە؟ ئەم پرسیارەش وەک زۆر پرسیاری تری جددی هێندەی لێ بەرهەم نەهات لەبەر نەبوونی هیچ ڕۆشنبیرێکی قووڵ و تایبەتمەند لە دونیای کوردیدا.
لە ئەدەبیاتی گەشە، یان ئەدەبیاتی دونیای سێ بە تایبەتی دیاردەی گواستنەوە لە گوندەوە بۆ شار دیاردەیەکی جێگەی بایەخە، لە هەر جێگەیەک بە هۆکاری جیاواز، بەڵام ئەمەش لای ئێمە جێگەی پرس نەبووە هەتا ئیستا. ئەمە لە کاتێکدایە کە زانکۆکانی کوردستان ساڵانە بە تەن خوێندکار لە بواری زانستە مرۆییەکانی وەک جوگرافیا، مێژوو، سیاسەت، کۆمەڵناسی، ئابووری، هەڵدەڕژێنن.
من لێرەدا دەمەوێت ختووکەی ئەم بابەتە بدەم کە ئێجگار بەرفراوانە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی هەیە. گریمانەکەی من ئەمەیە، کۆمەڵگەی کوردی، هەروەها کۆمەڵگەی عێراقی بە گشتی، زیاتر لە ٧٠٪یان شارنشینە، ئەم وەرچەرخانە خێرایە، هەموو شتێک لە دونیای ئێمەدا دەگۆڕێت، بەڵام ئێمە هەست بە ئەم گۆڕانکارییە ناکەین. من لێرەدا تەنها ڕووناکییەکی کز دەخەمە سەر ڕەفتاری سیاسی.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا جەنەڕال مەزڵوم لە گۆڤاری فۆرین پۆلەسی بابەتێکی نووسی لە سەر بژاردەکانی. ئەو هەرچەند بژاردەی ئاسانی نەبوو، بەڵام ناچاربوو کە خەڵک هەڵبژێرێت. ئەم ناونیشانە دەربڕی سیاسەتی شارە، جیاواز لە سیاسەتی شاخ. سیاسەتی شار، بە مانای ناچاربوون بە بەرپرسیارێتیی دێت بەرامبەر دانیشتوان، بەرامبەر خەڵکی ناو شار. ئەمە لە سیاسەتی شاخدا بەو جۆرە نییە. سیاسەتی شاخ بەرپرسیارێتیی تیادا نییە بەرامبەر خەڵك و دانیشتوان و شار. بەڵام ئەمە تەنها لە کاتی جەنگ و مەترسیدا نییە، سیاسەتی شار، ئەگەر لە کاتی شەڕدا ئەولەویەتی پاراستن و بەرگرییە، ئەوا لە ساتەوەختی ئاشتیدا بگرە زۆر سەختترە.
سیاسەت لە شاردا یانی حکومداری بە مانا فراوانەکەی. حکومداری یانی هێنانەئارای کۆمەڵێک میکانیزم کە ئەندامانی کۆمەڵگە بە جۆرێکی وەها هەڵبسوڕێن کە بتوانن دەستیان بگاتە داهات و سامانەکان هەتا بتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن. ئەمە لە میکانیزمی سوڕانەوەدا دەیبینین. سوڕانەوەی پارە، خۆراک، شمەک، هەروەها چێژ و پێداویستییەکان. درککردن بە ئەمە و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی کرۆکی هونەری حکومدارییە. هیچ کام لەمانە لە شاخدا بوونیان نییە. لە شاخ ئەوەند بەسە قارەمان بیت، ئیتر هەموو شتەکانی تر ڕێچکەی خۆیان دەگرن. لە شار قارەمان درووست نابێت، چونکە سەردەمی قارەمانبوون تێپەڕیوە. ڕەنگە لە میانەی لاوازیی دیموکراسی و لاوازیی ئاگایی و ناپەرپرسیارێتیی خەڵکدا قارەمان درووست بێت بە تایبەتی لە کایەی شەڕ و پۆپۆلیزمدا، بەڵام هەموو پاڵەوانی کاغەزی و شاشەیین.
ئەم هەویرە ئاو زۆر زۆر دەکێشێت، بۆیە لە خوارەوە کۆمەڵێک سەرەقەڵەم ئاماژە پێ ئەدەم و هەڵی ئەگرم بۆ ئەوەی بڕێک زیاتر بترشێت.
یەکەم، شار و شەڕ پێکەوە نایانکرێت. کورد هێشتا نەیتوانیوە شەڕەکانی شاخ تێپەڕێنێت، بۆیە شارەکانی هەڵدەئاوسێن بەڵام گەشە ناکەن. شار بە سروشت کراوەیی و پەیوەندی و پەیوەستی و جوڵە و پێداویستی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام شاری ژێر خێوی شەڕ ئەمانەی تیایدا چرۆ ناکات.
دووەم، شار ناوەندێکە، بۆ ئەوەی بژی، هەمیشە پێویستی بە بەهرەی نوێ و وزەی نوێ و نوێبوونەوەیە. سەیر نییە کە شاری مۆدرێن لە سایەی بۆرژوازی و سەرمایەداریدا گەشە دەکات. چۆن شار دەبێت بە ناوەند؟ شار کاتێک دەبێت بە ناوەند کە بنەما و ژێرخانەکانی تیادا بێت بۆ ئەوەی بەهرە و هونەری خەڵکانی بەهرەمەند و هونەرمەند بە مانا بەرفراوانەکەی بەرجەستە بکات.
سێیەم، شار دژ بە قۆرغکاری یان مۆنۆپۆلە. ئەگەر لە جێگەیەکدا کە ئازادی نەبوو گەشە و داهێنان و نوێبوونەوە و بیرکردنەوە نابێت. لە جێگەیەکی وەهادا ناتوانرێت باس لە شاری سەردەمییانە بکرێت. دەکرێت ئۆردووگایەکی گەورە بێت.
دیارە بێگومان گەشە و دیموکراسی و بوونی تەکنەلۆجیا و زانیاری، زیادبوونی دیموگرافیا، شلبوونەوەی دونیا، زۆر هۆکاری تر، وەها دەکەن کە شار وەک شاری جاران نەبێت. بە شاربوونی کوردستان لە ئاستی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕۆڵی سەرەکیی دەبێت کاتێک زۆربەی داهات لە شارە، بە تایبەتی شارە گەورەکان. ئەمە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارە، نەوت، نیولیبرالیزم، بەرخۆری، نەخۆشیی هۆڵەندی و زۆر هۆکاری تر.