ڕیفراندۆم بەرپرسانی ئەمنیی وڵاتانی لە هەرێمی کوردستان کۆ کردەوە
ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
سەردانی بەلێشاوی بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی وڵاتانی جیهان و دەوروبەر بۆ هەرێمی کوردستان بۆ گوشار خستنەسەر بەرپرسە حزبییەکانیان بە دەستەرداربوون لە ڕیفراندۆم مەترسی لەسەر سەروەریی هەرێم درووست کردووە تەنانەت بەرلەوەی بگاتە سەربەخۆیی.
تێپەڕنەبوونی ئەو وەفدانە بە دیداری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێشتا هەرێم پەیوەندییەکانی دەرەوەی بە دامەزراوەیی نەکردووە و بۆ پەیوەندیی باز بەسەر ئەو فەرمانگەیەدا دەدرێت.
لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هەریەک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکاندا کۆ بوونەوە بۆ هاندانیان بۆ ڕاگرتنی ڕیفراندۆم و بڕیاریشە هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) سەردانێکی هاوشێوە بۆ هەرێم ئەنجام بدات بە هەمان مەبەست.
ئەو سەردانانە بە لای بەشێک لە چاودێرانەوە دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پرسێکی ناوخۆیی کە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەروەریی سیاسیی هەرێم بەر لە درووستبوونی دەوڵەتەکەی بەزێندراوە.
مەحمود حاجی عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەروەریی هەرێمی کوردستان لەژێر سەروەریی عێراقدایە و دەڵێت: ״عێراقێک تا ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی سیادەی خۆی بپارێزێت، هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە چونکە تا ئێستا هەرێمێکین، ئەوەتا دوو بڕیاری پەرلەمانی کوردستان و بڕیارێکی پەرلەمانی عێراق هەیە بۆ دەرچوونی هێزەکانی تورکیا لە شیلادزێ و ئامێدی، بەڵام تورکیا ئامادە نییە هێزەکەی لا ببات״.
مەحمود حاجی عومەر بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە هەردوو دیوەکەدا مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە کە پێشێلی سەروەری کراوە، بە دیوێکیاندا ئەگەر ڕێگری لە هاتنی بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بکرێت ئیتر کەسانی ئەمنی و عەسکەری بن یان سیاسی ئەوە ڕەنگە پشتت تێ بکەن و لە حاڵەتی پێویستدا هاوکارت نەبن و بە دیوێکی تریشدا ئەوە خراپە کە تەداخولاتی سیاسی و ئەمنی بکەن، تورکیا هەواڵگرییەکەی لە هەرێمدا چالاکە و کەس نییە ڕێگریی بکات، بۆیە ئەگەر سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم بە دامەزراوەی نیشتیمانی نەکرێت ئەو تەداخولاتانە هەر بوونی دەبێت״.
هاوکات تەلار لەتیف ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ئێستاوە پێشێلی سەروەریی هەرێم کراوە و پێویستیان بەوە هەیە ڕێگری لێ بکەن و دەڵێت: ״پەیوەندیی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی مەترسیدار دەبێت، ئەمە دەرگاکردنەوەیە بۆ تەداخولاتی وڵاتانی دراوسێ ئابووریی ئێمە لە لای تورکیایە ״.
تەلار لەتیف بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەو حوکمەی تا ئێستا دامودەزگاکانی حکومەت بە دامەزراوەیی نەکراون، بۆیە ئەو بەرپرسانەی دەرەوە بە ئاسانی دێن و دەچن ئەمەش پێشێلی سەروەریی هەرێمە״.
شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی پارتییش دان بەوەدا دەنێت کە دەستوەردانی سیاسی لە لایەن وڵاتانەوە هەیە بۆ سەر هەرێم.
شوان شێخ ئەحمەد بە ״ئاژنس״ی وت: ״ئەوە جێگەی داخە ئەوەیە کە بەرپرسە ئەمنی و سیاسییەکانی وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە کە دێنە هەرێم پێشێلی سەروەریی هەرێم دەکەن و دەچنە لای حزبەکانیش، لە کاتێکدا ئێمە پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێممان هەیە، پێویست بەوە ناکات ئەو بەرپرسانەی دەرەوە بەو شێوەیەی ئێستا مامەڵە بکەن״.
سەردان و کۆبوونەوەی ئەو وەفدە بیانییانە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حزبی بە ڕێگای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا تێپەڕ نابێت، ئەوەش ڕەخنەی سەر ئەو دامەزراوەیەی زۆرتر کردووە .
زانا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەبەر ئەوەی لە هەرێمی کوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە دامەزراوەیی نەکراوە و ئیشی خۆی ناکات، سەڵاحییاتی بڕیاردانی نییە و ئیشی تەنها هەماهەنگییە، لەبەر ئەوە ئەوە وەفدانە دێن لەگەڵ حزبەکان دادەنیشن و پەیوەندیی حزبەکان لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەهێزترە و مەکتەبی سیاسیی حزبەکان دەتوانن بڕیارەکان یەکلایی بکەنەوە״.
زانا عەبدولڕەحمان دەڵێت: ״فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕوویەکی حزبیی وەرگرتووە و بە دەست پارتییەوەیە، ״فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وەک کادرێکی پارتی دەردەکەوێت و مانۆڕ دەکات نەک وەک بەرپرسی فەرمانگەکە، فەرمانگەکە لە سەرەتاوە بە شێوەی تەندرووست دانەنراوە و هاوسەنگیی سیاسیی تێدا نییە״.
بەڵام ئەو کێشەیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کاتییە و پێی وایە لە دوای درووستبوونی دەوڵەت دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بەو پرسەی پەیوەندیی دەرەوە بە دامەزراوەیی دەکرێن.
شوان شێخ ئەحمەد، دەڵێت: ״کە لە وادەی سەربەخۆیی نزیک بووینەوە، ئەوکاتەی دەوڵەتمان درووست کرد زۆر بە ئاسانی دەتوانی دامودەزگاکانی حکومەت بە موئەسەساتی بکرێن، بەڵام ئەوەش کاتی دەوێت״.
ئاریان ڕەئوف پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان پێی وایە بۆشایی دامەزراوەیی هەیە لەهرەێم و کەسەکان ڕۆڵ دەبینێت بەبەراورد بە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە.
ئاریان ڕەئوف بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە هۆی ئەوەی ئەو پەرتەوازەییە هەیە لەنێو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا، هەر حزبێک وەلائیان بۆ شوێنێک و بۆ مەرجەعێک هەیە ئاسانە بۆ بەرپرسانی ئەمنی و سیاسیی وڵاتان تەراتێن بکەن بەناو سیاسەتی هەرێمدا و سیاسییەکانی هەرێم بکڕن.״
هەروەها وتیشی: ״لە بەرانبەر ئەوەیە کە بەرپرسە ئەمنی و سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە بەرژەوەندییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، چونکە موئەسەساتی حکومی بوونی نییە و ئەمەش مەترسییە و هەڕەشەیە لەسەر ئاییندەی هەرێمێکی وەکو ئێمە״.