ئاژانس – سامان عومەر
بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی ڕەنگەكان لە شاری هەولێر ململانێی هەر دوو بەرەی ئیسلامی و عەلمانیی لە هەرێم تووندتر كردەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتواش دەڵێت: ״فێستیڤاڵی ڕەنگەكان حەرامە، بەڵام فەتوامان لە دژی نەداوە و نایدەین.״
شێخ حەسەن موفتی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״فێستیڤاڵی ڕەنگەكان حەرامە، بەڵام وەك ئەنجوومەنی باڵای فەتوا هیچ دانیشتن و فەتوایەكمان لەو بارەیەوە نەداوە و نایدەین، بەڵام مەعلومە كە هەر تێكەڵبوونێكی كوڕ و كچ بە كۆمەڵ بە پێی شەرع حهرامه، بەڵام ئێمە شتی گرنگتر هەیە قسەی لەبارەوە بكەین.״
وتیشی: ״فێستیڤاڵ و كەیفوخۆشی و ڕشتنی ڕەنگی جۆراوجۆر و وەرزشكردن هیچ ئیشكالێكی شەرعیی نییە ئەگەر تێكەڵ نەبن، بەڵام سەرنج و تێبینی و ڕەخنەمان هەیە لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی ڤێستیڤاڵەكە، كە تێكەڵی و خەرجكردنی پارەی تێدایە.״