ڕیفراندۆم گۆڕانی ههڵوێستی وڵاتانی لهسهر ههرێم دهرخست
ئاژانس
لە كاتێكدا شەڕی دژی ڕێكخراوی داعش هەنگاوهەنگاو لە كۆتایی نزیك دەبێتەوە؛ وا دەردەكەوێت كە وڵاتانی هاوپەیمانیش ئیشیان بە هێزە شەڕكەرەكان لە دژی ئەو ڕێكخراوە نامێنێت و هەوڵی پەراوێزخستنیان دەدەن، بە پێی ئاماژەكان كوردیش یەكێك دەبێت لەو هێزە پەراوێزخراوانه، ئەو پەراوێزخستنەش هاوكات دەبێت لەگەڵ پشتێكردنی سیاسی كە پێشبینی دەكرێت بەرانبەر بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانیان ڕوو بدات كە دیارترینیان لە كەیسی ڕیفراندۆمدایه.
ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی هەفتەی ڕابردووی نێوان ڕێكیس تیلەرسۆن و مەسعود بارزانی دەری خست كە سەردەمی ڕەتكردنەوەی داواكاریی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە لە دوای كەمبوونەوەی مەترسیی داعش و ڕۆڵی هەرێم تیایدا.
بە پێی هەواڵێكی سەرۆكایەتیی هەرێم لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا بەرپرسە ئەمهریكییەكە داوای لە بارزانی كردووە كە ڕیفراندۆم دوا بخات و كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكات.
ئەو شێوازەی گفتوگۆیە لەسەر داواكاریی هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووی نزیكی شەڕی داعشەوە لە نێوان بەرپرسانی هەرێم و هاوتاكانیان لە وڵاتان بوونی نەبووە.
پێ دەچێت دووركەوتنەوەی مەترسیی داعش پێكەوە پاڵپشتی سەربازی و سیاسیی وڵاتانی دەرەوەش لە هەرێم دوور بخاتەوە.
لەگەڵ دەركەوتنی گرووپی داعش وەك هێزێكی شەڕكەر لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 كورد بوو بە بەهێزترین هێزی شەڕكەر لە دژی ئەو گرووپە، كە بە هۆیەوە وڵاتان چەك و هێزی سەربازیی خۆیان بۆ گواستەوە بە مەبەستی هاوكاریكردنی.
ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی ئاماژە بەوە دەكات كە قۆناغی دوای شەڕی داعش جیاواز دەبێت لە قۆناغی پێش شەڕی داعش، چونكە بە بڕوای ئەو گۆڕانكاریی نوێ دێتە كایەوە كە تیایدا وڵاتانی جیهان زۆر ئیشیان بە كورد نامێنێت.
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״هاوپەیمانییەتی دژی داعش هاوپەیمانییەتییەكی بابەتییە و هەر لایەنە بەرژەوەندییەكی تایبەت بە خۆی هەیە، كە بە بڕوای ئەو بەرژەوەندییەكە بۆ قۆناغ و ماوەیەكی دیاریكراوە، بە هاتنەدی ئامانجەكە هاوپەیمانییەتییەكەش هەڵدەوەشێتەوە و پەیوەندییەكان بە جۆرێكی تر بەردەوام دەبن״.
ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتیی پێشبینیی ئەوە دەكات كە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دونیا لاوازتر بێت، چونكە بە بڕوای خۆی هیچ پڕۆژەیەك بۆ گۆڕینی سنووری سیاسی لە ناوچەكەدا نییە و ئەمهریكا و ئەورووپاش لەگەڵ ئەوە نیین وڵاتانی ناوچەكە پارچەپارچە بكرێن.
عەدنان عوسمان هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە كە كورد ئەو گرنگیپێدانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیوەندیی بە شەڕی دژی داعشەوە هەیە و پێی وایە له ڕابردووشدا هەرێم بۆ وڵاتان گرنگ نەبووە تا دوای داعش.
عەدنان عوسمان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دوای شەڕی داعش گۆڕانكاری ڕوو دەدات و وڵاتانی جیهان ئەوەندە پێویستیان بە هێزی كورد نامێنێت،״ بەڵام ئەو پێی وایە ئەمە بەو مانایەش نایەت كە جیهان گرنگیی بەم ناوچەیە نەدات و پەراوێزی بخات.
لە مانگی 10ی ساڵی 2015وە ناكۆكیی قووڵ لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هاتووهتە ئاراوە، ئەم كێشانەش بە بڕوای چاودێرانی سیاسی كاریگەریی خراپیان لەسەر ناوبانگ و پێگەی كورد درووست كردووە،.
لە كاتێكدا كە نوێنەرایەتیی وڵاتی ئەمهریكا و ئەورووپا هەوڵی زۆریان دا ناكۆكییەكانی هەرێم نەگاتە ئەم ئاستەی ئێستای و هەوڵی نێوەنگیریی زۆریان دا، بە پێچەوانەوە ناكۆكیی نێوان لایەنەكان ئەوەندەی تر قووڵبوونەوەی بە خۆیەوە بینی، بەڵام ئەم ناكۆكییانە كاریگەری نەكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە دژی داعش و بە بەهێزی مانەوە.
لە ئێستادا ئەم كێشە ناوخۆییانە كاریگەریی خراپی لەسەر پێگە و ناوبانگی كورد لە دەرەوە درووست كردووە، بۆیە ئەگەر هەیە لە دوای شەڕی داعش كورد بەم دۆخەی ئێستایەوە ئەوەندەی تر لاواز بێت ولە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا گرنگیی پێ نەدرێت.
ئەوەی هاوكێشەكە لە هەرێم ئاڵۆزتر دەكات پرسی ڕیفراندۆمە كە جگە لە ئەمهریكا ئەو وڵاتانەشی لێ هاتوووتە دەنگ كە پێشتر لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوكاری هەرێم بوون.
لە ماوەی ڕابردوودا هەریەك لە ئێران و توركیا و ئەڵمانیا و حكوومەتی عێراقی دژایەتیكردنی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند، لە كاتێكدا زۆربەی ئەو وڵاتانە لە كاتی شەڕی دژ بە داعشدا پاڵپشتی سەربازی و سیاسیی هەرێم بوون.