چێژی بە تۆپی پێ بەخشییەوە بەڵام “وازهێنانی بەكۆمەڵ” ڕووی تێ كرد
ئاژانس، سەلام هانەدنی
ئەو یانەیەی چەند مانگێك لەمەوبەر، گوڕ و تینی بەخشییەوە بە تۆپی پێی كوردستان و یاریگاكانی پڕكردەوە لە هاندەر، لە ئێستادا بەدەست قەرزارییەوە دەناڵێنێت و بەرپرسەكانیشی بە كۆمەڵ دەستیان لە كاركێشاوەتەوە، بەكورتییەكەی “سەیدسادق لە لێواری مەرگدایە”.
“سەیدسادق” وەرزی ڕابردوو توانی سەرنجی وەرزشكارانی كوردستان بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، ئەویش بە پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز و كۆكردنەوەی هاندەرێكی زۆر. هەزاران هاندەر لە یارییەكانی ئەو یانەیەدا ئامادە دەبوون، هاواری هاندەرانی سەیدسادق هەمیشە یاریگاكانی دەهێنایە لەرزین، بەڵام ئێستا دۆخەكە تەواو پێچەوانەیە.
بەپێی زانیارییەكانی ئاژانس، سەرۆكی یانەی سەیدسادق و ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێ و چەند بەرپرسێكی دیكەی یانەكە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، هۆكارەكەیشی دەگێڕنەوە بۆ “قەرزاریی” و نەبوونی توانای دارایی بۆ بەردەوامیدان بە چالاكییەكانیان.
وەرزی ڕابردوو تیپی تۆپی پێی یانەكە توانی خۆی بگەیەنێتە ڕیزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، بەڵام ئێستا بەهۆی وازهێنانی بەكۆمەڵی بەرپرسەكانییەوە پێناچێت بتوانن بەشداریی لەو خولەدا بكەن.
نزار ئەسعەد، ڕاهێنەری دەستلەكاركێشاوەی تیپی تۆپی پێی سەیدسادق، بە ئاژانسی وت “سەرۆكی یانەكە، بەرپرسی ڕاگەیاندن و بەرپرسی بەشی مەلەوانی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە و كارەكانی یانەكە ڕاگیراون، بۆیە ئێمەش كارەكانمان بۆ بەڕێوە ناچێت، ئیدارەی یانەكە بە تەواوی هەڵوەشاوەتەوە”.
بە وتەی ڕاهێنەرە دەستلەكاركێشاوەكە، “یانەكە زیاتر لە 20 ملیۆن دینار قەرزارە، ئەگەر كەسانی خەمخۆر فریای نەكەون، ئەوا شتێك نامێنێت بە ناوی یانەی سەیدسادقەوە”.
بەڵام جێگری سەرۆكی یانەكە، كە بەردەوامە لە كاركردن، ئاشكرای دەكات بەڵێنێكیان پێدراوە، كە لەمەودوا هاوكاریی یانەكەیان بكرێت.
نزار قەجاری جێگری سەرۆكی یانەی سەیدسادق، بە ئاژانسی وت “لەگەڵ كۆمەڵێك لە یاریزانەكان و كەسانی دڵسۆز لە هەوڵداین و بەڵێنێكمان پێدراوە، كە بۆ لەمەودوا هاوكاری یانەكە بكرێت و ڕزگاری بێت لەم تێكچوون و تێكشكانە”.
یانەی سەیدسادق لە ساڵی 1998 دامەزراوە، زیاتر لە 100 یاریزانی هەیە لە وەرزشەكانی تۆپی پێ، مەلەوانی و كۆنگ فۆ.