فڕۆكەكان بەشی فڕۆكەخانەكان ناكەن
ئاژانس – حەسەن شەنون
پێدەچێت عێراق هاوشێوەی وڵاتانی تر بیەوێت كەرتی فڕۆكەوانی بەهێز بكات لە ڕێگەی كردنەوەی چەند فڕۆكەخانەیەك لە شارە جیاوازەكاندا، ئەو هەنگاوە بۆ ڕەخنەگرانیشی ڕكەبەری بێسودی پارێزگاكانە بۆ بوونی فڕۆكەخانە لە كاتێكدا گوڕی هاتوچۆ تیایاندا بێهێزە.
وێنەكانی نێو فڕۆكەخانەی ناسڕیە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقی لە ماوەی ڕابردوودا گەرم كرد كە بەم دواییە كرایەوە و ببووە جێگەی گاڵتەپێكردن بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییەكانیەوە.
كردنەوەی ئەو فڕۆكەخانەیە بە كەموكورتییەكانیەوە هاوكات بوو لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەتی عێراقی بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەی تر لەو شارانەی تا ئێستا فڕۆكەخانەی تیا نەبووە.
لە 12ی مانگی ڕابردوودا دەستەی فڕۆكەوانیی عێراقی ئاشكرای كرد كە بەنیازە چەند فڕۆكەخانەیەك لە شارە جیاوازەكانی عێراق بكاتەوە، لەوانە شاری موسڵ كە هێشتا شەڕی دژ بە داعشی تیایە.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 دا عێراق ئابڵووقە ئابورییە نێودەوڵەتییەكانی لەسەر لاچوو كە بە هۆیەوە گەشتە فڕۆكەوانییەكانیشی بۆ جیهانی دەرەوە زیادی كرد و هاوكاتیش گەشتی ئایینی بۆ شاری نەجەف ڕووی لە زۆربوون كرد كە بەو هۆیەشەیەوە فڕۆكەخانەیەك لەو شارە زۆرینە شیعەیە لە ساڵی 2008 كرایەوە.
بە دوایدا فڕۆكەخانەی هاوشێوە لە شارەكانی ناسڕیە و زیقار كرانەوەو و بەردی بناغەی فڕۆكەخانەی كەربەلاش داندرا و لەبابل و كوتیش گرێبەست ئیمزا كرا بۆ هەمان مەبەست و فڕۆكەخانەی سەربازیی دیوانیەش كرایە فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی.
هاوكات بڕیارە لە شارەكانی دیالە و موسڵیش فڕۆكەخانە بكرێتەوە.
نازم ساعدی، ئەندامی لیژنەی خزمەگوزارییەكان و ئاوەدانكردنەوەی پەرلەمانی عێراق پێی وایە ڕكەبەریی پارێزگاكانی عێراق بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری ئەو شارانەیە و هێڵی فڕۆكەخانەكانیش بوونەتە سەرچاوەیەكی گەورەی داهات.
نازم ساعدی بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەرەڕای ئەو لایەنە باشانەی كردنەوەی فڕۆكەخانە لە شارەكان مەترسیی ئەوەش هەیە كە گۆڕینی فڕۆكەخانە سەربازییەكان بە فڕۆكەخانەی مەدەنی لە عێراقدا دامەزراوەی سەربازیی بێهێز بكات و خودی كازم فنجان وەزیری گواستنەوەی عێراقیش هەمان مەترسی هەبووە كاتێك بانگهێشتی لیژنەكەمان كرد״.
سەرەڕای هەوڵی پارێزگاكان بۆ درووستكردنی فڕۆكەخانە بەشێكیان مەرجەكانی بوون بە فڕۆكەخانەیان تیا نییە و بوونەتە جێگەی گاڵتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.
سامر كوببە، بەڕێوەبەری كۆمپانیای فڕۆكەوانیی عێراقی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئامانج لە كردنەوەی ئەو فڕۆكەخانانە بەرزكردنەوەی ئاستی فڕۆكەوانیی عێراق و بەهێزكردنی ئابووری عێراقە״.
سامر كوببە وتیشی: ״دەستەی فڕۆكەوانیی عێراق بۆتە خاوەنی 32 فڕۆكەی مەدەنی نوێ بەڵام لە هەمان كاتدا بە بەراود بە درووستكردنی فڕۆكەخانەكان فڕۆكەكانمان كەمن كە لایەنی كەم هەر فڕۆكەخانەیەك پێویستی بە چوار فڕۆكە دەبێت״.
حكوومەتی عێراقی دەیەوێت لە ڕێگەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكان سەرچاوەكانی داهات دابەش بكات و داهاتی حكوومەتیش زیاد بكات.
سەلام سمەیسم، پسپۆڕی ئابووری عێراقی جەخت لەوە دەكاتەوە نزیكی مەودای شارەكانی عێراق لە یەكترییەوە وا دەكات كە پێویست بە بوونی ئەو ژمارە زۆرەی فڕۆكەخانەكان نەكات و دەپرسێت: ״ئایا ئەو پارێزگایانەی كە فڕۆكەخانەیان تیادا دەكرێتەوە پەیوەندی نێودەوڵتییان هەیە وا بكات كە پێویستییان بە فڕۆكەخانە بێت؟״
سمەیسم بە ״ئاژانس״ی وت: ״دەكرێت هەموو پارێزگایەك لە ئاییندەدا فڕۆكەخانەی خۆی هەبێت، بەڵام سووربوونی بەشێك لە پارێزگاكان بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانە وەك ئیرەیی بوو لە بەرامبەر كردنەوەی فرۆكەخانە لە شارەكانی تر ئەوەش پاساو نییە بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان״.