ئاژانس – ڕاوێژ کامەران
شنیار نەجیب یەکێکە لەو کچانەی هەرچەندە تازە لە بواری هونەری دەرکەوتووە، بەڵام جێدەستی دیارە و لە زۆرێک لە کۆنسێرت و لایڤ میوزیکەکان لە شاری سلێمانی دەبیندرێت، شنیار لەم دیمانەیەدا لەگەڵ “ئاژانس” باس لە کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات.
ئاژانس: سەرەتای دەستپێکی کاری هونەریت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
شنیار: من لە تەمەنی ٧ساڵییەوە دەستم کردووە بە کاری هونەری و کاری هونەریی منداڵانم کردووە و ٤ ڤیدیۆ کلیپی منداڵانم هەبووە کە لە تەلەفزیۆنەکان بڵاو کراوەتەوە و بە پاڵپشتیی خێزانەکەشم تا ئێستا لە کاری هونەری بەردەوامم، کاتێک بڕیاری ئەوەشم دا کە کاری هونەری بکەم هەستم بە جیاوازییەکی زۆر کرد و بوومە کەسێکی جیاواز کە کۆمەڵێک خەڵک تەماشام دەکات و گوێم لێ دەگرێت و چاوم لێ دەکات، بۆیە ئەوەش بەرپرسیاریەتییەکی گەورە بوو چونکە هەموان دەستم بۆ ڕادەکێشن، ئەم شتانە لە سەرەتادا کەمێک قورس بوو بەڵام بە پێی کات لێی تێگەیشتم و لەگەڵی ڕاهاتم.
ئاژانس: تۆ زیاتر لە بواری هونەریی فۆلکلۆر کار دەکەیت، بیرت لەوە نەکردووهتەوە بە ستایلی مۆدێرن و خێرا گۆرانی بڵێیت؟
شنیار: کارەکانی من زیاتر کارە کولتوورییەکانە، چونکە من گرنگیم بە هونەری فۆلکلۆر داوە، هەر بۆیە زیاتر گۆرانییە کۆنەکان دەڵێمەوە و گۆرانی مۆدێرن و خێرا لەگەڵ دەنگ و کەسایەتیی من ناگونجێت، بۆیە بەنیاز نیم بەو جۆرە گۆرانی بڵێم، لە ئیستاشدا تا ڕادەیەک کارکردن بۆ کچان ئاسانترە، بەڵام لەوەشدا ناعەدالەتی هەیە و ئاسانکاری بۆ کچانێک دەکرێت کە دەنگیان هیچ خۆش نییە، بەڵام چونکە نمایشی جەستە و جلوبەرگیان دەکەن و ئێکسسواراتە تورکییەکانیان دەردەخەن، هاوکاری و یارمەتی زۆر دەکرێن.
ئاژانس: بەدەر لە کاری هونەری کەس لە ژیانتدا هەیە؟ مەرجت بۆ ئەو کەسە چییە کە شووی پێ دەکەیت؟
شنیار: هیچ خۆشەویستم نییە و مەرجم بۆ هاوسەری داهاتووم ئەوەیە کە ڕێز لە هونەرەکەم بگرێت، چونکە گەر ڕێز لە هونەرەکەم بگرێت ڕێزی لە کەسایەتیی من گرتووە، هونەر لای من زۆر گرنگە و وەک ئاووهەوا وایە بۆ من، ئامادەم زۆر قوربانی بۆ بدەم و گەر پێویست بکات لە پێناوی هونەردا ئامادەم شوو نەکەم، مەرجەکەم بەس ئەوەیە ڕێز لە هونەرەکەم بگرێت و کەسێکی ڕاستگۆ و دڵپاک بێت.
ئاژانس: وەک هونەرمەندێک تا چەند گرنگی بە مانەوەی جەستە و ڕووخساری خۆت دەکەیت بە جوانی؟
شنیار: گرنگترین شت بەلای منەوە مانەوەی کێشمە و زۆر مەبەستمە بە تەندروستی بمێنێتەوە، هەر بۆیە بە هیچ جۆرێک گۆشتی سوور و شتی چەور ناخۆم، تەنها سنگی مریشک و ماسی دەخۆم، جگە لەوەی بەردەوامیش وەرزش دەکەم و قاوە و زەڵاتە زۆر دەخۆم، من بۆ وەرزش زیاتر وەرزشی دەنگ دەکەم، بۆ ئەوەی تۆنەکانی دەنگم بکرێتەوە و بەردەوام ڕایان بهێنم، بۆ پێستیش بۆ ئەوەی گرنگی پێبدەم کە کاتێک ماکیاژم کرد دواتر بە ئاوی سارد پاکی دەکەمەوە چونکە متمانەم بەو بەرهەمە کیمیایانە نییە کە بۆ پاککردنەوەی ماکیاژ هەیە، جگە لەوەی شەوانیش بەر لە خەوتن کرێمی ڤازلین بەکار دەهێنم بۆ پێست و زۆر سوودم لێ بینیوە.
ئاژانس: بەدەر لە کاری هونەری حەز و خولیات چییە و بە چی دیکەوە سەرقاڵیت؟
شنیار: زۆر حەز بە دیزاینکردن دەکەم، جا دیزاینی جلوبەرگ بێت یان ناوماڵ، جگە لەوەی زۆریش حەز بەوە دەکەم کە کەسێک بڕازێنمەوە ماکیاژی بۆ بکەم، ئێستاش لە ڕێکخراوێک مامۆستای میوزیکم و یارمەتیی منداڵانی هەژار دەدەین و نێوانیشم لەگەڵ منداڵ زۆر باشە و زۆر حەز دەکەم کە لە بواری منداڵاندا کار بکەم، لەنێو منداڵانیشدا زۆر خۆشەویستم، جگە لەوەی کاری لایڤ میوزیک دەکەم لە کاتی بۆنە تایبەتەکاندا، زۆر حەز بە گەشتیش دەکەم بە تایبەت بۆ شاری ئیستەمبووڵ کە زۆر هەست بە ئارامی دەکەم تێیدا و حەزی پێدەکم، دڵخۆشترین کاتیش بەلای منەوە ئەو کاتانەن کە بەرهەمێکی هونەریم دەبێت و خەڵك لێی ڕازی دەبێت، جگە لەوەی هەموو ئەو کاتانەی لەگەڵ خێزانەکەم بەسەری دەبەم خۆشترین کاتەکان لام.
ئاژانس: تا چەند لە کارەکەتدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوویتەتەوە؟
شنیار: وەک هەر کچە هونەرمەندێکی دیکە ڕووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و ناڕەحەتی بوومەتەوە، قسە هێندراوەتە سەر خێزانەکەم، کەسە نزیکەکانی خۆم توانجیان داوە و کارەکەمیان پێ قبووڵ نەبووە، ئەو شتانەش زۆرجار وای کردووە کە لە کارەکەم ساردم بکاتەوە چونکە به کورتییەکەی هونەر لێرە پێی دەوترێت (لۆتییەتی)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومە بەسەر ئەو ئاستەنگانە زاڵ بم و بەردەوام بم.