ڕێککەوتن لەگەڵیاندا دڵنیای نەکردوونەتەوە
ئاژانس
پێ ناچێت سەردانەکەی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا توانیبێتی هەموو هێزە شیعەکان قایل بکات بەوەی پەڕەی ڕیفراندۆم و کێشەکانی ڕابردوو دابخەن، ئەوان هێشتا بە گومانەوە لە دەستپێشخەری و هەوڵەکانی بۆ نزیکبوونەوە دەڕوانن.
سەردانەکەی بارزانی لە سەرەتاوە بووە جێگەی سەرسووڕمانی بەشێک لەو هێزە شیعانەی پێشتر بە هۆی پرسی ڕیفراندۆمەوە ناکۆک بوون لەگەڵ هەرێم، کە پێیان وا بوو بارزانی کاری بۆ جیاکردنەوەی هەرێمی کردووە.
سەردانی بارزانی بۆ گەڕەکی حەنانەی شاری نەجەف بۆ لای موقتەدا سەدر سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیروون پێ دەچێت تەنیا ڕووپۆشکردنی ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە بووبێت کە لە بنەڕەتدا ڕێککەوتن بووە لەگەڵ بەشێک لە هێزە شیعەکان بەبێ ئاگاداری ئەوانی تر.
ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە سەدر لە ململانێیەکی تونددا بوو لەگەڵ هەریەک لە هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتج و نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەسەر زۆرێک لە پرسەکان کە بارزانی بەر لە سەدر لەگەڵ ئەوان کۆ بووەوە.
جاسم بەیاتی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە «ئاژانس»ی وت: «مەترسی هەیە لەو ڕێککەوتنانەی کە مەسعود بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیران و بەشێک لە حزبە شیعەکان ئەنجامی داوە، لەوانە پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکومەتی عێراقی لە بەرانبەر چاوخشاندنەوەی بە بارودۆخی کەرکوک و هەناردەی نەوتدا».
وتیشی: «هێشتا بارزانی ویستی دابەشکردنی عێراقی ماوە و جێگەی متمانە نییە و هێشتا پاشەکشێی لەسەر پرسی جیاکردنەوەی هەرێم نەکردووە، ئەوە جگە لەوەی بەشێک لە هێزە شیعەکان زۆر ئاسانە دەستکەوتیان لێ بە دەست بێت».
هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەی پێشبینییەکانی ڕابردووە، کە بارزانی و هێزە شیعەکان لە شەڕێکی تونددا بوون، بەڵام پێ دەچێت بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان ئەو دوو لایەنە ناکۆکەی یەک خستبێت و بە نەمانی بەرژەوەندییەکان ڕێککەوتنەکەش نەمێنێت.
بەڵام هێشتا هەستی بێمتمانەیی لە نێوان بارزانی و هێزە شیعەکاندا هەیە کە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن.
محەمەد سەهیوود سەرکردە لە هاوپەیمانیی بینا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە بەڵێننامەی ئیمزاکراو بە بارزانی پڕ بکرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر دەست بۆ جیاکردنەوەی هەرێم نەبات و دۆخەکە ئاوەژوو نەکاتەوە، چونکە بارزانی ویستێکی جیابوونەوەی هەیە کە پێ ناچێت دەستبەرداری بێت و دەبێت هێزە شیعەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکەن».
وتیشی: «حکومەتەکانی ڕابردوو ئەزموونی ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستانیان هەبووە، کە هەموویان بە شێوەیەکی دۆستانە دەستیان پێ کردووە و بە ناکۆکی کۆتاییان هاتووە و خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنانە جێبەجێ نەکراون، ئەوەش بە هۆی پاشگەزبوونەوەی بارزانی لەو ڕێککەوتنانە».
ئەو سەردانەی بارزانی لە پاش ئەوە هات کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕکابەریی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری لە بەغدا بە یەکێتیی دۆڕاند، کە ئەوەش بەڵگە بوو بۆ ئەوەی کە بەشێک لە هێزە شیعەکان متمانەیان بە پارتی نییە و سەرەڕای ڕێککەوتنی سەرکردەکانیان پەرلەمانتارەکانیان دەنگیان بە پاڵێوراوەکەیان نەدا.
محەمەدد زەیدی لێکۆڵەری سیاسیی عێراقی پێی وایە عادل عەبدولمەهدی چەند دەستکەوتێکی خستووەتە بەردەم بارزانی، تا بیکاتە هاوپەیمانیی خۆی، کە بە هۆیەوە هەرێمیش قایل بوو نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بۆرییە نەوتییەکانەوە هەناردەی تورکیا بکڕێت بەبێ ئەوەی کورد هیچ مەرجێکی هەبێت.
وتیشی: «بارزانی هەوڵی ئەوە دەدات کە لە ڕێگەی نزیکبوونەوە لە هێزە شیعەکانەوە کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم بشارێتەوە یان لە قەیرانە ناوخۆییەکانی دەرباز بێت و پێ دەچێت بۆ ئەوەش بارزانی هەڵوێستی نەرمی عادل عەبدولمەهدی قۆستبێتەوە بەرانبەر بە کورد».