كۆمپانیاكانی سلێمانی و هەولێر لەگەڵ ئێرانییەكاندا ڕێک ناكەون
ئاژانس – شیروان محەمەد ئەمین
ماوەی شەش مانگە گەشتی فڕۆكەی گەشتیاریی نێوان ههرێم و كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگیراوە و تەنیا گەشتی بازرگانی ئەنجام دەدرێت و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی هەرێمیش لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتی فڕۆكەوانیی ئێران ناگەنە ڕێكکەوتن.
نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بۆ هاتوچۆی گەشتیاریی ئێران و هەرێم، گرفت لە نێوان كۆمپانیاكانی گەشتیاریی هەولێر و سلێمانی هەیە، تا كارەكانیان تەواو نەكەن هیچ فڕۆكەیەكی گەشتیاری لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتوچۆ ناكات و تەنیا گەشتی بازرگانی دەستی پێ كردووەتەوە״.
وتیشی: ״هەر یەكە لە كۆمپانیاكانی هەولێر و سلێمانی داوایان لە كۆمپانیای فڕۆكەوانیی ماهان كردووە، ڕێكکەوتنیان لەگەڵدا بكات و بۆ ئەوەش هەفتەی ڕابردوو ئەو كۆمپانیایانە بە جیا سەردانی ئێرانیان كرد، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێكکەوتن.״
هاوكات تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״وەك فڕۆكەخانە هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی گەشت بۆ ئێران ڕێك دەخات، لە نێوان ماهان و كیاپەرواز هەندێك ڕۆتیناتی خۆیان ماوە لای فڕۆكەوانیی ئێران و عێراق كە تەواوی بكەن.״