ئاژانس
خانمە بەشداربووی پڕۆگرامی کوردئایدڵ غەزەل موستەفا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆکلیپێکی نوێیە کە بە نیازە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بڵاوی بکاتەوە.
ڤیدۆکلیپەکەی غەزەل بە ناوی (نیشتمان)ە کە لەگەڵ هونەرمەند ڕێباز شەمامی بە شێوازی دوێت بەرهەمی دەهێنن.
ڕێباز شەمامی لە بارەی بەرهەمەکەوە بە “ئاژانس”ی وت: “بەرهەمە نوێیەکەمان لە تێکست و ئاوازی حەمەساڵح فاڕابییە و لە لایەن ئەفشین شوکرییەوە کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کراوە، کە دواتر کلیپیشی بۆ دەکەین.”
ڕێباز وتیشی: “بەرهەمەکە کارێکی نیشتیمانییە، بەڵام تاکەکاری غەزەل موستەفا نابێت و چەند بەرهەمێکی هونەریی دیکەشمان بە دەستەوەیە.”
ڕێباز شەمامی ئاماژەی بەوە دا کە بە نیازن لە دوو مانگی داهاتوودا لەگەڵ غەزەل موستەفا بێنە شاری سلێمانی و کۆنسێرتێکی گۆرانی ئەنجام بدەن.
غەزەل موستەفا خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە پاش بەشداریکردنی لە پڕۆگرامی کوردئایدڵ و سەرکەوتنی بۆ قۆناغی کۆتایی پڕۆگرامەکە، ناوبانگێکی زۆری بە دەست هێنا.