وته‌بێژى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌ریى عێراق بۆ ئاژانس: ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه له ناوى پاڵێوراوانی په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ین
ئاژانس: حه‌سه‌ن شه‌نون
فارس بهكوع وته‌بێژى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌ریى عێراق ئاشکرای ده‌كات، كه 4%ى پاڵێوراوه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق ڕه‌ت كردووه‌تەوە و جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌شدارییان له هه‌ڵمه‌تى ئه‌نفالدا كردووه ڕێیان پێ نادرێت ببنه پاڵێوراوى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و ده‌شڵێت: ״به پێى یاسا ده‌بێت ناوى پاڵێوراوانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان‌مان پێ بگات تا لێكۆڵینه‌وه و وردبینیى له ناوه‌كانیاندا بكه‌ین״.
له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا فارس بهكوع كه هاوكات ئه‌ندامى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رییه، ئاماژه به‌وه ده‌كات به پێى یاساى ده‌سته‌كه ده‌بوو نووسینگه‌یان له هه‌رێمى كوردستان بكردایهتەوه و ده‌شڵێت: ״هێشتا به‌شێك له به‌رپرسانى به‌عس له فه‌رمانگه‌كاندا ماون״.
ئاژانس: سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت لهوهوە ده‌ست پێ بكه‌ین كه چۆن وردبینى له دۆسیه‌ى پاڵێوراوه‌كاندا ده‌كه‌ن؟
فارس بهكوع: سه‌ره‌تا ناوه‌كان له لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه به ده‌ستمان ده‌گات به ڕیزبه‌ندیى ئه‌بجه‌دى به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى لیست و حزبی و هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى تیابێت و له پاش ئه‌وه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى زانیارییه‌كان وردبینى له ناوه‌كاندا ده‌كات، كه سه‌رجه‌م زانیارییه تایبه‌ته‌كانى تیایه سه‌باره‌ت به ئه‌ندامانى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى ڕ‌ژێمى پێشوو یان به‌رپرسه حزبییه‌كانیان و له پاشان له‌گه‌ڵ دۆسیه‌یه‌كدا هاوپێچى به‌ڵگه‌نامه‌كانى سه‌ر ئه‌و پاڵێوراوه ئاماده ده‌كرێت، كه له ده‌زگایه‌كى ئه‌منیى سه‌ركوتكه‌رى به‌عس كارى كردبێت، یان به‌رپرسیارێتیى هه‌بووبێت له حزبی به‌عسدا.
ئاژانس: لێره‌دا كاره‌كان ده‌وه‌ستێت؟
فارس بهكوع: نه‌خێر، دواتر ئه‌و دۆسیانه ڕه‌وانه‌ى لیژنه‌یه‌كى تر ده‌كرێن كه تایبه‌ته به یاساناسان تا ئه‌وانیش وردبینى له دۆسیه و به‌ڵگه‌نامه‌ى سه‌ر ئه‌و پاڵێوراوه‌دا بكه‌ن و له قۆناغى كۆتاییدا ده‌گات به ده‌ستى ده‌سته‌ى گشتیى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى، ئه‌وان بڕیارى كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ده‌ن كه ئه‌و پاڵێوراوه یاساى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس یان لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى ده‌یگرێته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌بێت به‌ڵگه‌ى ته‌واوى له‌سه‌ر بێت.
ئاژانس: چۆن به ناوه‌كاندا پاڵێوراوه‌كان جیا ده‌كه‌نه‌وه، له كاتێكدا پاڵێوراو هه‌یه ناوى سیانى و ته‌نانه‌ت چوارییشی هاوتاى ناوى كه‌سێكى تره كه گومانى له‌سه‌ره؟
فارس بهكوع: به‌ڵێ، كێشه‌یه‌ك هه‌یه له لێكچوونى ناوه‌كاندا و بۆ ئه‌وه بانگهێشتى پاڵێوراوه‌كه ده‌كرێت بۆ ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى تا وردبینى له زانیارییه‌كانیدا بكرێت و دڵنیا بینه‌وه له ناسنامه‌كه‌ى و بۆ ئه‌مه‌ش 600 پاڵێوراومان بانگهێشت كردووه بۆ لێكۆڵێنه‌وه له ناسنامه‌كه‌ى.
ئاژانس: به دیاریكراوى كێن ئه‌و پاڵێوراوانه‌ى كه ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى له هه‌ڵبژاردنه‌كان دووریان ده‌خاته‌وه؟ تۆمه‌ته‌كان چین؟
فارس بهكوع: ئه‌وه‌ى كه هه‌یه تۆمه‌ت نییه ڕاستر ڕێوشوێن و كۆتوبه‌نده له دژى هه‌ر كه‌سێك له ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانى وه‌ك هه‌واڵگرى و ئه‌منیى عام و ده‌زگاى سیخوڕیى به‌عس كاری كردبێت یان ئه‌ندامى حزبی به‌عس بووبێت، له چه‌ند پۆستێكى سیاسیى باڵاى ئه‌و حزبه‌دا، هه‌ركاتێك ئه‌وه له‌سه‌رى ئاشكرا بوو ڕاسته‌وخۆ و به شێوه‌یه‌كى یه‌كجاریی له هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه خۆجێیه‌كان دوور ده‌خرێته‌وه.
ئاژانس: هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه بۆ لێكۆڵینه‌وه له زانیارى سه‌ر پاڵێوراوه‌كانى هه‌رێم؟
فارس بهكوع: هه‌موو پاڵێوراوه‌كان له باكوور هه‌تا باشوورى عێراق له لایه‌ن ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رییه‌وه لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كانیان ده‌كرێت كه پاڵێوراو بن بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان یان په‌رله‌مانى عێراق.
ئاژانس: ئه‌ى وردبینى له ناوى پاڵێوراوانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا بۆ ناكه‌ن؟
فارس بهكوع: به پێى یاسا ده‌بێت ناوى پاڵێوراوانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان‌مان ئاڕاسته بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانناردووه تا وردبینی بكه‌ین.
ئاژانس: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى به‌شدار بوون له پڕۆسه‌ى ڕیفراندۆمدا و سكاڵاى یاساییان له لایه‌ن حكومه‌تى عێراقى یان په‌رله‌مانى عێراقه‌وه له دژ تۆمار كراوه، ئه‌وانه ده‌توانن به‌شدار بن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وه‌ك پاڵێوراو؟
فارس بهكوع: ئه‌و پرسه‌یان په‌یوه‌ندیدار نییه به ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رییه‌وه به‌ڵكو ئه‌و سكاڵا یاساییانه له لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه تاوتوێ ده‌كرێت و هه‌ر ئه‌وانیش بڕیار ده‌ده‌ن كه ئه‌و پاڵێوراوه دوور بخه‌نه‌وه یان نا.
ئاژانس: هه‌تا ئێستا ژماره‌ى ئه‌و پاڵێوراوانه چه‌ندن كه له لایه‌ن ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رییه‌وه دوور خراونه‌ته‌وه؟
فارس بهكوع: ئێمه 7367 پاڵێوراومان هه‌یه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى په‌رله‌مانى عێراق و هه‌ڵبژاردنى خۆجێیه‌كانى داهاتوو و 4%یان ڕێوشوێنه‌كانى لێپرسنه‌وه و دادوه‌رى گرتوونیه‌تییه‌وه و له خۆپاڵاوتن دوور ده‌خرێنه‌وه.
ئاژانس: هه‌رچه‌نده ئێوه ده‌ڵێن وه‌ك ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ى به‌رپرسانى پێشووى به‌عس ده‌كه‌ین، به‌ڵام باس له‌وه ده‌كرێت ڕێژیهكى زۆر له ئه‌ندامانى پێشووى به‌عس له دامه‌زراوه حكومییه‌كاندا هێستا بوونیان، هه‌یه ئه‌وه بۆ؟
فارس بهكوع: به‌ڵێ، هه‌ندێك كه‌س هه‌ن كه چه‌ند پله‌یه‌كى دیاریكراوی حزبییان هه‌بووه له حزبی به‌عسدا و ڕێیان پێ دراوه له دامه‌زراوه حكومییه‌كاندا به‌شدار بن له پڕۆسه‌ى ئیداره‌داندا، چونكه یاساكه‌مان بۆ نموونه ڕێى به ئه‌ندام فیرقه‌ى به‌عس داوه كه بگه‌ڕێته‌وه بۆ كاره‌كه‌ى، به‌ڵام ئه‌وانه‌ش ڕێیان پێ نادرێت له وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رگرى و ده‌ره‌وه و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراقدا كار بكه‌ن.
ئه‌وه جگه له‌وه‌ى به پێى یاساكه ئه‌ندام شوعبه‌ى حزبی به‌عس خانه‌نشین كراوه و ڕێى پێ نادرێت نه له ئیداره‌ى دامه‌زراوه حكومییه‌كاندا كار بكات نه كارى سیاسى بكات.
ئاژانس: ژماره‌یه‌كى زۆر هه‌ن كه ئه‌ندامى فه‌وجى خه‌فیفه یان وه‌ك ده‌وترێت ״جاش و موسته‌شار״ بوون له سه‌رده‌مى حزبی به‌عسدا ئه‌ى له‌وانه ناكۆڵنه‌وه؟ دۆسیه‌كانیان له لاى ئێوه هه‌یه؟
فارس بهكوع: ئێمه به پێى یاسا لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌كه‌ین كه یاساكه به یاساغ ناوى بردوون، تا ئێستا ئه‌وانه‌ى له‌و جۆره فهوجانهدا كاریان كردووه به كه‌سانى یاساغ هه‌ژمار نه‌كراون ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت كه ئه‌ندام بوون له ده‌زگا سهركوتكهرهكاندا.
ئاژانس: به‌ڵام به‌شێكى زۆریان به‌شدارییان كردووه له پڕۆسه‌ى ئه‌نفالدا دژ به كورد له سه‌رده‌مى ڕ‌ژێمى به‌عس ئه‌ى ئه‌وه تاوانى گه‌وره نییه؟
فارس بهكوع: ئه‌وه‌ى به‌شدارى له هه‌ڵمه‌تى ئه‌نفالدا كردووه ئه‌ندامى ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانى به‌عس بووه و هه‌ركامیان له‌وانه خۆیان بپاڵێون بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان دووریان ده‌خه‌ینه‌وه و ڕێیان پێ ناده‌ین به‌شدار بن.
ئاژانس: به پێى زانیارییه‌كانى ئێمه ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌كات كه هاوكار و هاوبه‌شی حزبی به‌عس و به‌رپرسه‌كانى بوون له ڕووى ئابوورییه‌وه یان به پاره‌ى ئه‌و ڕژێمه پڕۆژه‌ى ئابوورییان ئه‌نجام داوه و ئێستاش به‌رده‌وامن، ئه‌وه چۆن ده‌كرێت؟
فارس بهكوع: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى گشتیمان هه‌یه به ناوى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى به‌دواداچوون كه ئه‌ركى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارییه له‌سه‌ر ئه‌و پارانه‌ى كه هیى ڕ‌ژێمى پێشووى به‌عس بوون تا بزانێت پاره‌كان چه‌نده و هه‌ڵى بسه‌نگێنێت و زانیارییه‌كان ده‌نێرێت بۆ وه‌زاره‌تى دارایی و وه‌زاره‌تى داد و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران بۆ گرتنه‌به‌رى ڕێوشوێنى پێویست له‌و باره‌یه‌وه.
ئاژانس: كورد هه‌یه له‌و كه‌سانه بووبێت كه هاوبه‌شی ئابووریى حزبی به‌عس بوون؟
فارس بهكوع: ئێمه ته‌نها سه‌یرى ناوه‌كان ده‌كه‌ین نه‌ك پێكهاته و نه‌ته‌وه‌كه‌ى، بۆیه نازانین ئه‌و كه‌سە كورده یان عه‌ره‌ب یان چى.
ئاژانس: بۆچى تا ئێستا نووسینگه‌ى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى له هه‌رێمى كوردستان نییه؟ ئایا له‌و بارەیه‌وه پێشنیارتان بۆ هه‌رێم كردووه؟
فارس بهكوع: پرسه‌كه په‌یوه‌ندیى به هه‌ماهه‌نگیى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه هه‌یه به‌ڵام خاڵێكى ڕوون و ئاشكراى یاسایى هه‌یه كه ڕێ ده‌دات به‌وه‌ى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى نووسینگه له سه‌رجه‌م شاره‌كانى عێراق بكاته‌وه به هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه و ئێستاش له سه‌رجه‌م شاره‌كان نووسینگه‌مان هه‌یه ته‌نها له شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان نه‌بێت، چونكه ئه‌و پرسه په‌یوه‌ندیى به بڕیارى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه هه‌یه.
ئاژانس: ڕێوشێنهكانى ئێوه بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى پاڵێوراوه‌كان مایه‌ى تانه‌لێدانه له دادگا؟
فارس بهكوع: به‌ڵێ پاڵێوراوى دوورخراوه مافى خۆیه‌تى كه تانه له بڕیارى دوورخستنه‌وه بدات له لایه‌ن ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى له ڕێگه‌ى دادگاى عێراقه‌وه و به‌م دواییه‌ش زیاتر له 70 بڕیارى تانه له‌و باره‌یه‌وه پێشكه‌ش به دادگا كراوه.
ئاژانس: گومان له ڕاستیى ئه‌و زانیارییانه ده‌كرێت كه ئێوه له‌سه‌ر بنه‌ماى زانیارى له‌سه‌ر كه‌سه‌كان كۆ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه چۆن ده‌گاته ده‌ستتان؟
فارس بهكوع: له‌وه‌ى ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و دادوه‌رى پێك هێنراوه ئه‌و زانیارییانه‌ى كه پێمان ده‌گات لێى ده‌كۆڵینه‌وه، زۆربه‌ى زانیارییه‌كان له ڕێگه‌ى سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ت به ده‌سته‌ى لێپرسینه‌وه و داوه‌رى یان له ڕێگه‌ى هاووڵاتییان و بهڵگهنامهكانیانهوه ده‌گاته ده‌ستمان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ئه‌ندامى حزبی به‌عس بوون و یاساكه ده‌یانگرێته‌وه ده‌یانه‌وێت به‌شداریى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن.