له كه‌مپه‌كاندا به نهێنی كارى ڕێكخستن ده‌كه‌ین
سازدانى: هێمن حه‌سه‌ن
قه‌حتان عه‌لی سه‌رۆكی پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزدی (پادێ) كه یه‌كه‌م پارتى ئێزدییه ئاماژه به‌وه ده‌كات، له شنگال هێرش ده‌كرێته سه‌ریان و ڕێگەش ناده‌ن ئه‌ندامانیان سه‌ردانى شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و ده‌شڵێت: ״پارتى ڕێگا نادات بارەگامان له هه‌ولێر و دهۆك بكه‌ینه‌وه، به نهێنى له كه‌مپه‌كاندا كارى ڕێكخستن ده‌كه‌ین״.
پادێ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه مۆڵه‌تى له حكوومه‌تى عێراقى وه‌رگرتووه وه‌ك یه‌كه‌م پارتى ئێزدى كه به وته‌ى خۆیان ئامانجیان به‌شداریكردنه له هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا.
قه‌حتان عه‌لی له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا ئاشكرای ده‌كات كه به ڕه‌سمى داوایان له حكوومه‌تى عێراقى كردووه هه‌ڵبژاردن له شنگال ئه‌نجام نه‌درێت و ده‌شڵێت: ״ئه‌گه‌ر پارتى ئێزدییه‌كانى له ده‌ستى داعش بپاراستایه ئێستا ڕووبه‌ڕووى حه‌شدی شه‌عبی ده‌بووینه‌وه.״
ئاژانس: سه‌ره‌تا له‌و پرسه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی حزبه‌كه‌تان چه‌ندی پێ چوو؟ له به‌غدا هیچ پرسیار و مه‌رجێكیان هه‌بوو سه‌باره‌ت به سرووشتی حزبه‌كه‌تان؟
قه‌حتان عه‌لی: چه‌ند مانگێكی خایاند تاوه‌كوو مۆڵه‌تی پارته‌كه‌مان وه‌رگرت، مه‌رجی حكوومه‌ت ئه‌وه بوو كه سێسه‌د ئه‌نداممان هه‌بێت و بڕهپارهیهكیش وه‌ك بارمته بده‌ین، مه‌رجه‌كانمان جێبه‌جێ كردوون، ئه‌وانیش مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی حزبیان پێ داین، به‌ڵام هیچ مه‌رجێكیان له‌سه‌ر شێوازی كاركردن و سیاسه‌تی ئێمه نه‌بوو.
ئاژانس: له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تتان پێ دراوه؟
قه‌حتان عه‌لی: نا له حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستان مۆڵه‌تمان وه‌رنه‌گرتووه، چونكه پێویستمان به‌وه نییه له هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌ت وه‌ربگرین، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم و پارتی و یه‌كێتییش مۆڵه‌تیان له حكوومه‌تی عێراق وه‌رگرتووه، جگه له‌وه‌ش هه‌رێم به‌شێكه له عێراق، به پێی یاسای ئه‌حزابی ساڵی 2016 پارته‌كانی هه‌رێمیش مۆڵه‌تیان له به‌غدا وه‌رگرتووه.
ئاژانس: به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆی خۆی هه‌یه و یاسا و مه‌رجی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، ئێوه‌ش كاركردنتان له هه‌رێمی كوردستانه نه‌ك له به‌شه‌كانی تری عێراق، به هۆى ئه‌وه‌وه كێشه‌تان بۆ درووست نابێت؟
قه‌حتان عه‌لی: ئێمه ئێستا جارێ هه‌ر له شنگالین، وازمان لێ ناهێنن و هێرشمان ده‌كه‌نه سه‌ر، ده‌مانه‌وێت له ناوچه‌كانی هه‌رێم كاری سیاسیی خۆمان بكه‌ین، به‌ڵام ڕێگه‌مان پێ ناده‌ن كاری سیاسی بكه‌ین.
ئاژانس: كێ ناهێڵێت كار بكه‌ن؟
قه‌حتان عه‌لی: ئێمه قسه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی پارێزگای سلێمانی كرد بۆ كردنه‌وه‌ی باره‌گا و كاری سیاسی، ئه‌وان زۆر هاوكارییان كردین و كێشه‌مان نییه، به‌ڵام له هه‌ولێر و دهۆك پارتی ناهێڵێت كاری سیاسی بكه‌ین و باره‌گا بكه‌ینه‌وه.
ئاژانس: بۆچی؟
قه‌حتان عه‌لی: وەڵڵا مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه پارتی وه‌كوو حزبێكی ده‌سه‌ڵاتدار یه‌ك حزبی كوردی قبووڵ ناكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت خۆی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها بێت، باوه‌ڕی به تاكحزبی هه‌یه.
ئاژانس: له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه‌تان كردووه؟
قه‌حتان عه‌لی: نه‌خێر ڕێگه ناده‌ن قسه‌شیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئێمه له سه‌ره‌تاوه ئامادەییمان ده‌ربڕیوه له‌گه‌ڵ هه‌موو پارته‌كانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ بكه‌ین تاكوو ئه‌و كێشانه‌ی له شنگال هه‌ن چاره‌سه‌ر بكه‌ین، له‌گه‌ڵ پارته‌كانی تر كێشه‌مان نییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه پارتی ناهێڵێت.
ئاژانس: كاری سیاسیی ئێوه به ته‌نیا له شنگال ده‌بێت یان له ناوچه‌كانی تری هه‌رێمیش ده‌بێت؟
قه‌حتان عه‌لی: له هه‌ر شوێنێك ئێزدیی لێ بێت ئێمه كاری سیاسیی تێدا ده‌كه‌ین، بۆیه ئێمه به نیازین له هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێم كاری سیاسی بكه‌ین، هه‌روه‌ها له ئه‌ورووپاش كاری خۆمان ده‌كه‌ین.
ئاژانس: ئێوه ته‌نیا له شنگالن یان هاتوچۆ بۆ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كه‌ن؟
قه‌حتان عه‌لی: ئێمه له چیای شنگالین، به داخه‌وه ڕێگه به هیچ ئه‌ندام و به‌رپرسێكی پارته‌كه‌ی ئێمه نادرێت سه‌ردانی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، پارتی ڕێگه‌ی هاتوچۆی گرتووه و ڕێگه به خه‌ڵكی ئێمه نادرێت بگه‌ڕێنه‌وه گونده‌كانی خۆشیان.
ئاژانس: به نیازن به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بكه‌ن؟
قه‌حتان عه‌لی: ئێمه داوامان له حكوومه‌تی عێراق كردووه هه‌ڵبژاردن له شنگال نه‌كرێت، چونكه زیاتر له سه‌دا حه‌فتای گه‌لی ئێزدی له كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندان، هه‌ر كاتێك گه‌لی ئێمه گه‌ڕانه‌وه شنگال و سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان، ئه‌و كاته ده‌توانرێت هه‌ڵبژاردن بكرێت و ئێمه‌ش به‌شداریی بكه‌ین، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه.
ئاژانس: ئه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم به‌شدار ده‌بن؟
قه‌حتان عه‌لی: ئه‌گه‌ر ڕێگه‌مان پێ بدرێت به‌ڵێ به‌شداری ده‌كه‌ین.
ئاژانس: هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناوچه‌ی شنگال به بڕوای ئێوه ئاڵۆزی و شه‌ڕ درووست ناكات؟
قه‌حتان عه‌لی: هێزی پارتی به نیاز بوو جووڵه بكات بۆ ناو گونده‌كانی شنگال، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی ڕێگه‌یان لێ گرتن، چونكه حكوومه‌تی عێراق بڕیارێكی هه‌یه كه ڕێگه نادات هێزی پارتی بچێته گونده ئێزدییه‌كانه‌وه.
ئاژانس: ئه‌ی هه‌ڵوێستی ئێوه له‌سه‌ر چوونی حه‌شدی شه‌عبی چییه بۆ شنگال؟
قه‌حتان عه‌لی: ئێمه دژی ئه‌وان نیین، ئه‌وه بڕیاری حكوومه‌تی عێراقه و ئێمه‌ش دژی حكوومه‌ت نین، ئه‌مڕۆ به ده‌یان فه‌رمانده و ئه‌فسه‌ری ئێزدی له‌ناو حه‌شدی شه‌عبیدان و ناوچه‌كانی خۆیان ڕزگار ده‌كه‌ن، جگه له‌وه‌ش هێزێكی پێنجسهدكهسی چوونه ناو حه‌شدی شه‌عبییەوە كه پێشتر پێشمه‌رگه‌ی پارتی بوون، پێشتریش چه‌ند فه‌رمانده‌یه‌كی تر چوونه ناو ئه‌و گرووپه‌وه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ده‌زانن پارتی ڕێگره له به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی گه‌لی ئێزدی بۆ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان.
ئاژانس: بۆچى ئێزدییه‌كان ده‌چنه ناو حه‌شدی شه‌عبییه‌وه؟
قه‌حتان عه‌لی: هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ساڵی 2014 پارتی شنگالی دایه ده‌ست داعش و خه‌ڵكی ئێمه‌ی بۆ داعش به‌جێ هێشت، دوای ئه‌وه خه‌ڵكی شنگال متمانه‌ی به هێزی پارتی نه‌ماوه، چونكه ئه‌وان گه‌لی شنگالیان نه‌پاراست، ئه‌گه‌ر له ڕابردوو پارتی گه‌لی ئێمه‌ی بپاراستایه، ئێستا ئێمه ڕووبه‌ڕووی حه‌شدی شه‌عبی و هه‌ر هێزێكی تر ده‌بووینه‌وه کە بیه‌وێت خاكی شنگال داگیر بكات.
ئاژانس: له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه په‌یوه‌ندیتان چۆنه؟ ده‌وترێت ئێوه باڵێكی تری په‌كه‌كه‌ن؟
قه‌حتان عه‌لی: په‌كه‌كه هێزێكی كوردییه و ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان نییه، په‌كه‌كه ساڵی 2014 گه‌لی ئێزدیی پاراست، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه كاره‌ساته‌كه گه‌وره‌تر ده‌بوو، ئێمه سه‌ر به په‌كه‌كه نیین، پارتی ئێمه سه‌ربه‌خۆیه و كاری سیاسیی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و هێزی چهكدارییشمان نییه، به‌ڵام پشتمان به فه‌لسه‌فه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به‌ستووه.
ئاژانس: گره‌نتیی ئه‌وه‌تان هه‌یه ده‌نگی زۆرینه‌ی ئێزدییه‌كان به ده‌ست بهێنن؟
قه‌حتان عه‌لی: به‌ڵی گه‌رەنتی هه‌یه، خه‌ڵك خۆی داوای كردووه حزبێكی ئێزدیی هه‌بێت، خاوه‌ن جه‌ماوه‌رێكی باشین، درووستكردنی پارته‌كه‌ی ئێمه له‌سه‌ر داوای خه‌ڵكی شنگال بوو، له كاتی به‌ستنی كۆنگره‌دا به سه‌دان كه‌س به‌شداریی كردووه.
ئاژانس: له كه‌مپی ئاواره‌كاندا بوونتان هه‌یه و هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌وان لایه‌نگری ئێوه‌ن؟
قه‌حتان عه‌لی: وەكوو كاری ڕێكخستن به‌ڵێ هه‌مانه، به‌ڵام به ئاشكرا كار ناكه‌ین و به نهێنییه، چونكه له لایەن پارتییه‌وه ڕێگریمان لێ ده‌كرێت و ڕێگه ناده‌ن بچینه ناو كه‌مپه‌كانه‌وه.
ئاژانس: ڕاتان له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی ئێزدییه‌كان چییه له شنگال كه ئێزدییه‌كان به‌ڕێوه‌ی به‌رن؟
قه‌حتان عه‌لی: ئه‌وه ئامانجی ئێمه‌یه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین شنگال بكرێته هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ و گه‌لی ئێزدی خۆی به‌ڕێوه به‌رێت و گرێدراوی حكوومه‌تی عێراقى بێت.
ئاژانس: بۆ هه‌رێمێك بێت سه‌ر به عێراق بێت، بۆ سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت؟
قه‌حتان عه‌لی: گه‌لی ئێزدی ئه‌وه‌ی ناوێت، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم هیچی بۆ شنگال نه‌كردووه و نه‌یپاراست.
ئاژانس: بودجه‌تان له كوێوه دابین ده‌كرێت؟ خۆتان یان ئابوونه یان چی؟
قه‌حتان عه‌لی: میلله‌تی ئێمه هاوكاریمان ده‌كات، تا ئێستا هیچ هاوكارییه‌كمان وه‌رنه‌گرتووه، خه‌ڵكی خۆمان هه‌یه له ئه‌ورووپا هاوكاریمان ده‌كات، به‌ڵام عێراق له چوارچێوه‌ی یاسای ئه‌حزاب له‌مه‌ودوا هاوكاریمان ده‌كات وه‌ك چۆن هاوكاریی پارته‌كانی تر ده‌كات.