״مه‌ترسیدارترین مادده‌ی هۆشبه‌ر له شارەکە به‌رهه‌م هێنراوه״
ئاژانس – عیماد جه‌باری
مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك ته‌نیا لە به‌كارهێناندا نەماوە، به‌ڵكو له شاره‌كه‌دا چه‌ندان كارگهش هه‌بوون، به‌شێك له‌و كارگانه‌ش ״مه‌ترسیدارترین״ جۆری مادده‌ی هۆشبه‌ریان درووست كردووه، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند كارگه‌یه‌كدا گرتووه.
له پێنج مانگی ڕابردوودا، دوو كارگه‌ی درووستكرنی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه و خاوه‌نه‌كانیشیان ده‌ستگیر كراون، له 24ی نیسانی ڕابردووش، له گه‌ڕه‌كی ڕه‌حیماوای كه‌ركوك، ده‌ست به‌سه‌ر كارگه‌یه‌ك و 126 كارتۆن حه‌بی هۆشبه‌ردا گیراوه.
عه‌قید فاروق عه‌بدولكه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك به ״ئاژانس״ی وت: ״له ماوه‌ی 5 مانگی ڕابردوودا دوو كارگه‌ی درووستكردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه و خاوه‌ن كارگه‌كانیش ده‌ستگیر كراون، له شه‌وی 24ی نیسانی 2017، له‌سه‌ر زانیاریی ورد و دوای به‌دواداچوون به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كانی دیكه‌دا، دوایین كارگه‌ی درووستكردنی مادده‌ی هۆشه‌به‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، له شه‌قامی سۆنهگۆڵی گه‌ڕه‌كی ڕه‌حیماوا، تێیدا جۆره حهپێكیان به‌كار هێناوه بۆ درووستكردنی مه‌ترسیدارترین جۆری مادده‌ی هۆشبه‌ر״.
وتیشی: ״له كارگه‌كه‌دا ده‌ست به‌سه‌ر 126 كارتۆنی گه‌وره‌ی ئه‌و حه‌پانه و دوو ئامێر گیراوه، له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێكی پاتڕۆڵی جام ڕه‌ش، دوو كه‌سیش ده‌ستگیر كراون، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ 5 كه‌سی دیكه‌ش ده‌رچووه و یه‌كێكیان ژنه״.
به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك ئاماژەی بەوە کرد، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیر كراون، كورد بوون و ئه‌زموونیان له ئێران هه‌بووه، به پێی دانپێدانانی خۆیان دوو ساڵ له كه‌ركوك ئه‌و كاره‌یان كردووه.
عه‌قید فاروق عه‌بدولكه‌ریم ده‌ڵێت: ״یه‌كێك له ده‌ستگیركراوه‌كان خاوه‌نی خانووه‌كه بووه و له ئێران ئه‌زموونی درووستكردنی ئه‌و كاره‌ی وه‌رگرتووه، ئه‌وه‌ی دیكه‌ش زاوای بووه و وه‌كو هاوكار له‌گه‌ڵیدا كاری كردووه، هه‌ردووكیشیان كورد بوون و به پێی دانپێدانانه‌كانی خۆیان ماوه‌ی دوو ساڵه ئه‌م كاره‌یان كردووه له كه‌ركوك״.
هه‌ر له‌م ساڵدا كارگه‌یه‌كی دیكه‌ی درووستكردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له ناوچه‌ی سێكانیانی باكوری كه‌ركوك له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كی هه‌ولێر ئاشكرا بووه .
به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك له‌و باره‌یه‌وه وتی: ״ئه‌و كارگه‌یه له ژێرزه‌مینی خانوویه‌كی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه، له‌وێش مه‌ترسیدارترین مادده‌ی هۆشبه‌ر درووست كراوه״.
هه‌رچه‌نده كێڵگه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك نییه، به‌ڵام شاره‌كه بووه‌ته پردی په‌ڕینه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له نێوان باكوور و باشووری عێراق.
عه‌قید فاروق عه‌بدولكه‌ریم، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، له كه‌ركوكدا هیچ كێڵگه‌یه‌كی حه‌شیش و كارگه‌یه‌كی ئاشكرا بۆ درووستكردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر نییه، به‌ڵكو مادده‌كان له سنووره‌كانه‌وه دێنه شاره‌كه‌وه و دواتر مامه‌ڵه و بازرگانی پێوه ده‌كرێت، به پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاكه‌شی، كه‌ركوك بووه‌ته پردی په‌ڕینه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له نێوان باكوور و باشوور و به پێچه‌وانه‌شه‌وه.
له چوار مانگی ڕابردوودا، ژماره‌یه‌ك كه‌س به تۆمه‌تی بازرگانیكردن و به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك ده‌ستگیر كراون و به‌شێكیان چاوه‌ڕوانی سزاكانیانن.
عه‌قید فاروق بۆ ״ئاژانس״ ئاشكرای كرد، له ماوه‌ی 4 مانگی ڕابردوودا (37) كه‌س له بازرگان و به‌كارهێنه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ناو كه‌ركوكدا ده‌ستگیر كراون و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه و به‌شێكیان له چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی سزاكانیاندان.
به پێی یاسای مادده‌ی هۆشبه‌ر له عێراق، بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه سزاكه‌ی ده‌گاته له‌سێداره‌دان و به‌ندكردنی هه‌تاهه‌تایی، به‌كارهێنه‌ری مادده‌كه‌ش سزاكه‌ی له ساڵێك به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌یه.
له دوایین فه‌رمانی لێبووردنی گشتیدا، به وته‌ی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیس ژماره‌یه‌كی زۆر له ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد كراون، به‌شێكیشیان به هۆی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه له زین داندا بوون.
به‌ڕێوه‌به‌ری هۆبه‌ی نه‌هێشتنی مادده‌ی هۆشبه‌ر له كه‌ركوك ئاماژه‌ی به‌وه كرد، یه‌كێك له‌و ئازادكراوانه جارێكی تر به هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر كراوه‌ته‌وه و له ئێستادا له زینداندایه.
وتیشی: ״له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا له گه‌ڕه‌كی شۆراوی شاره‌كه‌دا، ده‌ستمان گرت به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێكی گه‌وره‌ی بارهه‌ڵگردا، بارێكی زۆری له حه‌بی هۆشبه‌ر پێ بووه و شۆفێره‌كه‌ی دانی به‌وه‌دا ناوه، حه‌به‌كانی له ئۆتۆمبێلێكی دیكه وه‌رگرتووه، له باشووری عێراقه‌وه هێناویه‌تی بۆ پارێزگاكه״.
ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە ״ئاژانس״ی وت: ״بوونی كەركوك بە سەرچاوەی هەناردەی ماددەی هۆشبەر بۆ شارەكانی دیكە، تەنها تۆمەتە بۆ ناشرینكردنی پارێزگاكەیە ئەگینا لە كەركوكدا نە كارگەیەكی گەورەی ئاشكرا هەیە و نە كێڵگەیەكی چاندنی حەشیش بوونی هەیە.״
وتیشی: ״هاتنەژوورەوەی ئەو ماددانە بۆ ناو كەركوك لە سنوورەكانی كوردستان و باشووری عێراقەوە دێت، ئەوەش بە هۆی كرانەوەی سنوورەكان و نەبوونی چاودێریی.״
ئاماژەی بەوەش كرد، بەكارهێنان و مامەڵه‌كردن بە ماددەی هۆشبەرەوە نەبووەتە دیاردە لە شارەكەدا و تەنها حاڵەتە، ئامارەكانی پۆلیسیش لە بارەی دەستگیركردنی بەكارهێنەرانییهوە گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن.
بە پێی ئامارێكی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاساییشی كەركوك (یەكێتیی، پارتی) كە هەردوكیان نووسینگەی تایبەتیان بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر هەیە، لە ساڵی ڕابردوودا 50 كەسیان دەستگیر كردووە كە مامەڵەیان بە ماددەی هۆشبەرەوە كردووە و بەشێكیشیان تەنها بەكاریان هێناوە.
لە ڕێككەوتی 10ی ئەم مانگە، هێزەكانی ئاساییش لە هەڵمەتێكیاندا دوو كەسیان دەستگیر كرد كە مامەڵەیان بە ماددەی هۆشبەرەوە دەكرد.
فەرهاد حەمە عەلی، وتەبێژی ئاساییشی كەركوك بە ״ئاژانس״ی وت: ئەو كەسانەی دەستگیر كرابوون بڕی 3 كیلۆ ماددەی حەشیش لە جۆری كریستاڵیان پێ بوو كە بەنیاز بوون بیفرۆشن.״
ئاشكراشی كرد كە دەستگیركردنیان لەسەر زانیاری ئاساییشی هەولێر بووە لە پاش دەستگیركردنی كەسێك و دانپێدانانی لەسەر ئەم دوو كەسەی كەركوك .
وتەبێژەكەی ئاساییش ئاماژەی بەوەش كرد، لە لێكۆڵینەوەكانیاندا دانیان بەوەدا ناوە كە ئەو ماددانەیان لە پێنجوێنەوە هێناوه‌ته ناو شاری كەركوك.