״ئۆتۆمبێلی هەرێم له بەنزینەوە بۆ غاز״
ئاژانس – جه‌مال سه‌رگه‌تى
گرانبوونى نرخى به‌نزین له هه‌رێمى كوردستان و خراپیى جۆره‌كه‌ى واى كردووه شۆفێران په‌نا به‌رنه به‌ر گۆڕینى ئۆتۆمبێله‌كانیان له به‌نزینه‌وه بۆ غاز، ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌رزانتر له‌سه‌ریان ده‌كه‌وێت و نرخى غازیش جێگیره.
ماوه‌یه‌كه نرخى به‌نزین به‌زر بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى لاى شۆفێرانى هه‌رێمى كوردستان درووست كردووه، هه‌روه‌ها خراپیى كوالێتیى به‌نزین وای كردووه كه شۆفێران سیستمى كارپێكردنى ئۆتۆمبێله‌كانیان له به‌نزینه‌وه بگۆڕن بۆ غاز.
عوسمان عومه‌ر ماوه‌ى زیاتر له 20 ساڵه پیشه‌ى فیته‌رى ده‌كات له شارى سلێمانى، ئه‌و ته‌مه‌نى 47 ساڵه، له باره‌ى گۆڕینى ئۆتۆمبێلى به‌نزین بۆ غاز به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״له ماوه‌ى ڕابردوودا وه‌ك خۆم چه‌ندین ئۆتۆمبێلى به‌نزینم گۆڕیوه بۆ غاز، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داواكاریى شۆفێران بووه كه به هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى به‌نزین و خراپیى كوالێتییهكهوهیه.״
وتیشى: ״ئه‌و گۆڕینه‌ش بڕهپاریهكى زۆرى تێ ده‌چێت كه خۆى له حه‌وتسه‌د دۆلارى ئه‌مەریكى ده‌بینێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌بێت چه‌ندین به‌شى ئۆتۆمبێله‌كه بگۆڕین تاوه‌كو غازه‌كه بتوانێت كار به ئۆتۆمبێله‌كه بكات״.
خراپبوونى فیولپهمپى ئۆتۆمبێله‌كان به هۆى به‌نزینه‌وه، واى له شۆفێره‌كان كردووه، زیاتر بیر له‌وه بكه‌نه‌وه په‌نابه‌رنه به‌ر ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كانیان به غاز كار پێ بكه‌ن.
داره‌وان حه‌مه‌سه‌عید شۆفێرى ته‌كسی بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״وه‌ك شۆفێران زۆر نیگه‌رانین له به‌رامبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى به‌نزین و هه‌روه‌ها خراپیى جۆرى ئه‌و به‌نزینه كه ده‌بێته هۆى خراپیی فیولپه‌مپ، بۆیه شۆفێران په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كانیان له به‌نزینه‌وه بگۆڕن بۆ غاز ״.
وتیشى: ״غاز ههرزانە نرخیشى جێگیره، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه ئاگادار بین ئه‌و گۆڕینه كارێكى خراپه، ده‌بێته هۆى ته‌قینه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه كه ئه‌وه‌ش له ئه‌و كه‌سانه‌مان وه‌رگرتووه كه كارى گۆڕینى ئۆتۆمبێلى به‌نزین بۆ غاز ده‌كه‌ن.״
ئه‌و شۆفێره وتیشى: ״داوا ده‌كه‌م هیچ شۆفێرێك ئه‌و كاره نه‌كات چونكه سه‌ركه‌وتوو نابێت و هیواشى خواست حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نرخى به‌نزین هه‌رزان بكات و هه‌روه‌ها كوالێتیى باش هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات״.
گۆڕینى سیستمى ئۆتۆمبێل له به‌نزینه‌وه بۆ غاز، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى سوودى ماددیى هه‌یه مهترسییشى هه‌یه، به‌شێك له شاره‌زایان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، مه‌ترسیى ئه‌و گۆڕینه ئه‌گه‌رى ته‌قینه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلى لێ ده‌كرێت.
سامان كه‌ریم ته‌مه‌نى 39 ساڵه، ئه‌و ماوه‌ى زیاتر له 20 ساڵه كارى فیته‌رى ده‌كات له شارى سلێمانى، باس له خراپیى گۆڕینى ئۆتۆمبێلى به‌نزین ده‌كات بۆ غاز، به ״ئاژانس״ى ڕاگه‌یاند: ״ئه‌و كاره له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو ده‌كرا به‌ڵام ئێستا هیچ شۆفێرێك ئه‌و كاره ناكات، چونكه كارێكى مه‌ترسیداره، له هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت چه‌ند كه‌لوپه‌لێكى ئه‌و ئۆتۆمبێله بگۆڕدرێت، به‌ڕاى من به گۆڕینیشى سه‌ركه‌وتوو نابێت و ده‌بێته هۆى ته‌قینه‌وه‌ی غازه‌كه و پاشان ئۆتۆمبێله‌كه״.
وتیشى: ״هه‌ندێك كات له ئێستاشدا شۆفێران زۆر به كه‌مى سه‌ردانمان ده‌كه‌ن كه بزانن له چ شوێنێك كارى گۆڕینى ئۆتۆمبێلى به‌نزین ده‌كه‌ن بۆ غاز، به‌ڵام ئێمه وه‌ك شاره‌زا له بواره‌كه‌دا ئامۆژگارییان ده‌كه‌ین كه ئه‌و كاره نه‌كه‌ن چونكه سه‌ركه‌وتوو نابێت، كارێكى باش نییه״.
به پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گومرگی مه‌رزی باشماغ، ته‌نیا له سێ مانگی ڕابردوودا، زیاتر له 219 ته‌نكه‌ر به‌نزین ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، له مه‌رزی په‌روێزخانیش له سێ مانگی ڕابردوودا 26 ته‌نكه‌ر ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه.