عەبدولمەهدی دەسەڵاتی بەسەر هەموو هێزە ئەمنییەكاندا نییە
ئاژانس
سەرەڕای ئەوەی كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، بەڵام عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر هەموو یەكە ئەمنییەكاندا ناشكێت، كە تۆمەتبار دەكرێن بە كوشتنی خۆپیشاندەران، ئەو پرسە كێشەیەكی گەورەتری لە عێراق دەرخست كە هێزە ئەمنییەكان ڕێكخراو نین و بە پێی سەرچاوەیەكی ئەمنییش هەوڵێكی كودەتای سەبازی لە ناوچەی سەوزی بەغدا شكستی پێ هێنراوە.
لیژنەی وەزارەتی باڵای سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كە لێكۆڵێنەوەی پێ سپێردراوە سەبارەت بە كوژرانی خۆپیشاندەران لە بەغدا و پارێزگاكانی تر، لە ڕاپۆرتێكدا پێشنیاری كردووە بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ لە پۆستەكانیان دوور بخرێنەوە بە هۆی تێوگلانیان لە كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران هەرچەندە پێشتر سەرۆكوەزیران فەرمانی دا كە پەنا بۆ ئەو كارە نەبەن.
بە پێی لێكۆڵینەوەكان بەشێك لە فەرماندە ئەمنی و سەربازییەكان بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانیان پەنجەیان بە پەلەپیتكەی تفەنگەكانیاندا ناوە لە دژی خۆپیشاندەران.
لیژنە وەزارییەكە داوای كردووە كە لێكۆڵینەوە لە فەریق روكن جەلیل جەبار، فەرماندەی كردە سەربازییەكانی بەغدا و لیوا روكن محەمەد سەبری، یاریدەدەری بكرێت ئەوە جگە لە فەمارندەی چەندین یەكەی تری پۆلیس و هێزی تایبەت دەگرێتەوە تاوەكو لە پۆستەكانیان دوور بخرێنەوە بە هۆی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ خۆپیشاندەران.
لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكاندا چاوەڕوان نەدەكرا لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدیی میانڕەودا خۆپیشاندەر بكوژرێت، بەڵام ڕەوشەكە پێچەوانە بووەوە و ڕێژەی قوربانیی خۆپیشاندانەكان زۆر لە ڕێژەی خۆپیشاندانی حكومەتەكانی پێش خۆی زیاتر بوو كە ئەوەش دەری خست عەبدولمەهدی دەسەڵاتی بەسەر هەموو هێزە ئەمنییەكاندا نییە.
عەبدولمەهدی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ״بەشێك لە ئەفسەرانی هێزە ئەمنییەكان سەردانی باڵیۆزخانەكانیان كردووە، ئەوەش ڕێپێدراو نییە و نابێت دامەزراوەی سەربازیی بە ویستی كەسی كار بكات و ئەوەش لایەنگری جیاوازیی لە ناو دامەزراوەی سەربازیی لێ كەوتووەتەوە״.
مەترسیی ئەو هەنگاوە لەوەدا نەوەستاوە، كە سەرۆكوەزیران دەستی ناگات بە هەموو هێزە ئەمنییەكان، لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە كە خودی ئەو هێزە ئەمنییانە دەست بۆ كورسیی سەرۆكوەزیران بەرن كە باڵاترین دەسەڵاتی ئیداری و سیاسی و سەربازییە لە عێراقدا.
سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەرپرس، كە لەبەر هەستیاریی دۆخەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەرۆكوەزیران پشتی بە چوار یەكەی ئەمنی بەستووە بۆ پاراستنی ناوچەی سەوز كە بارەگای پەرلەمان و حكومەت و زۆربەی یەكە ئیدارییەكانی تێدایە لە پاش ئەوەی كە زانیاریی پێگەیشت كە پیڵانێك داندراوە بۆ ئەوەی كودەتای سەربازیی بەسەردا بكرێت و بە هۆیەوە یەكەی بنەبڕكردنی تیرۆری لە ناوچەی سەوز دوور خستەوە״.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: ״یاخیبوونی سەربازی لە ناو ناچەی سەوز ڕووی داوە و بەشێكیان لە دژی ئەوە بوون كە فیشەك بەرانبەر بە خۆپیشاندەران بە كار بهێنن و بۆ ڕێگری لە یاخیبوونیش سەرۆكوەزیران پەنای بۆ حەشدی شەعبیی بردووە״.
سەعران ئەعاجیبی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״فەرماندە و سەركردەی سەربازیی حزبی لە ناو دامەزراوەی سەربازیدا بوونیان هەیە و بە پێی بڕیاری سەركردە سیاسییەكان كار دەكەن نەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و ئەو دەستوەردانانەش دامەزراوەی سەربازیی بێهێز كردووە״.
وتیشی: ״بەشێک لە هێزە ئەمنییەكان فەرمانی عادل عەبدولمەهدییان جێبەجێ نەكردووە سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و بەو هۆیەوە خوێنێكی زۆری خۆپیشاندەران ڕژاوە״.