ڕاگەیاندنی فیدراڵییەتەكەیان دوا كەوتووە
ئاژانس
ئەگەرچی وا بڕیار بوو لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا كورد لە سوریا فیدراڵییەت بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكانی ژێر دەستی ڕابگەیەنێت، بەڵام ڕاگەیاندنەكە دوا كەتووە و بەرپرسانی پارتی یەكێتیی دیموكرات ״پەیەدە״ ئاشكرای دەكەن، ڕاگەیاندنی فیدراڵییەتەكە نزیكە، ئاماژە بەوەش دەدەن کە تەنها ئاڵا و دیاریکردنی سنوورەکەیان ماوە یەکلایی بکەنەوە.
لە دەستپێكی سەرهەڵدانی جەنگ لە سوریا كورد توانی زۆربەی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە دەست ڕژێمی سوریا و گرووپە توندڕەوەكان ئازاد بكات، دواتریش سێ هەرێمی (كۆبانێ و عەفرین و جزیرە)ی تێدا دامەزراند و بە هاوبەشی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەدا بەڕێوەی دەبەن.
هەریەكە لە كانتۆنەكانی كۆبانێ و عەفرین و جزیرە دەبێتە سیستەمی هەرێمی فیدراڵیی ڕۆژئاوای كوردستان و تیایدا حكوومەت و پەرلەمان ڕادەگەیەنرێت و هەرێمەكە بە پێی دەستوورێك بەڕێوە دەبرێت.
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک ״تەڤدەم״ بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند: ״تا ئێستا مەبەستی ئێمە لە دیپلۆماتی و سیاسەت ناساندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە، بەڵام دەمانەوێت لەم قۆناغە تێپەڕین، دەبێت بە یەكەوە بۆ دیاریكردنی نەخشەی داهاتووی سوریا تێكۆشان بكەین״.
ئەگەرچی دەبوو لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا ئەو فیدراڵییەتە ڕابگەیەندرایە، بەڵام ڕاگەیاندنی ئەم هەرێمە فیدراڵییە بە شێوەیەكی سەرەكی كارەكانی لە كۆتاییدایە و ئەگەر هەیە لە كۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی 11 ڕابگەیەندرێت. هاوکات هەفتەی ڕابردوو سەرەتای پڕۆسەکە لە حەسەکەوە دەستی پێ کرد کە بریتی بوو لە سەرژمێریکردنی دانیشتووانەکەی.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، لە ئێستادا دوو كەس بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی ڕۆژئاوای كوردستان دیاری كراون، چونكە بە پێی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بەڕێوە دەچێت، پیاوێكی عەرەب و ژنێكی كورد بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمەكە دیاری كراون.
ئەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنتڕۆڵی كورددایە و لە لایەن سیستەمی فیدارڵیی ڕۆژئاوای كوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت لە 17%ـی خاكی سوریا پێك دەهێنێت و پەیەدە و هاوپەیمانەكانی بەڕێوەی دەبەن كە لە كورد و عەرەب و توركومان و سریانی و ئێزدی پێك هاتوون.
لەو ڕووەوە، توركیا بە ئاشكرا و لەژێر پەردەش ئێران و سوریا دژایەتیی ئەو هەرێمە فیدراڵییە دەكەن، بەڵام ئەمەریكا و ڕوسیا وێڕای ئەوەی كە لە لێدوانەكانیان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی سوریان، هاوكات بە فەڕمییش پشتیوانی لە كورد دەكەن لە سوریادا.
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم باس لەوە دەكات كە بە پێی ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی لەگەڵ دەوڵەتانی دونیا كردوویانە تا ئێستا هیچ هێز و دوڵەتێك نییە بە ئاشكرا دژایەتیی سیستەمی فیدراڵی بكات و لە هەمان كاتیشدا هیچ هێزێكیش بە ئاشكرا پشتگیریی سیستەمی فیدراڵی ناكات.
بەشار ئەسەد، سەرۆكی ڕژێمی سوریا، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند كە ئەوان سیستەمی فیدراڵی لە باكووری سوریا ڕەت دەكەنەوە و هەموو كوردیش لەگەڵ ئەو سیستەمە نییە، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد بەشی زۆری دانیشتووانی باكووری سوریا عەرەبن نەك كورد.
بە بڕوای ئاڵدار خەلیل، ڕژێم ناچارە ئەمڕۆ یان سبەی ئەو چارەسەرییەی ئەوان قبووڵ بكات، ڕوونیشی دەكاتەوە كە ئەوان سەبارەت بە سیستمی فیدراڵی تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكی ئەرێنییان نەبیستووە، بەڵام بە وتەی خۆی دەزانن ئەگەر وەڵامی ڕژێم بۆ خۆسەرییش ئەرێنی بێت، ئەرێنیبوونی وەڵامەكەی بۆ سیستمی فیدراڵی تۆزێك قورس دەبێت.
بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردنەكەش لەو ناوچە جوگرافییانە دەبێت كە بە دەست كوردەوەیە، سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو بەشەی كوردستان نوێنەرایەتیی خۆیان دەبێت لە پەرلەمانەكەدا.
ئاڵدار خەلیل دەشڵێت: ״لە بواری پراتیكییەوە بۆ پێشكەوتنی سیستەمەكە هەندێك كار ماون بكرێن، بۆ ئەوەی كاتێك كانتۆنەكانی كۆبانێ و عەفرین بە یەك بگەن، سیستمی فیدراڵی هێزێكی گەورەتری دەبێت، ئێستا ناتوانم بڵێم لەو بەروارەدا هەنگاوی كۆتایی دادەنێین״.
مانگی ٣ـی ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی شارەوانیی لە کانتۆنی جزیرە و ١٣ شارەوانیی تری ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا و جگە لە پارتەکانی سەر بە ئەنەکەسە، تەواوی پارتەکانی تر نوێنەریان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبوو.
ئەو ناوچانەی لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بخرێنە چوارچێوەی فیدراڵییەوە، دەكەونە باكووری سوریا كە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنیان لە لایەن شەڕڤانانەوە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان دەستی پێ كردووە.
غەریب حەسۆ، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند كە ئامادەكارییەكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی فیدراڵی باكووری سوریا بە دەستوور و پەرلەمانەوە بەردەوامە و ڕۆژانە گفتوگۆ و كۆڕ و سیمینار دەكرێت و لیژنە و شاندی جۆراوجۆری بۆ پێك هێنراوە.
حەسۆ باس لەوە دەكات لەشكركێشی توركیا بۆ جەرابلووس یەكێك لەو هۆكارانەیە كە ڕاگەیاندنی سیستەمی فیدراڵیی دوا خستووە، بەڵام جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەستبەرداری پڕۆژەكەیان نەبوون و هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و دەستوور دەكرێت.
نوێنەرەكەی پەیەدە ئەوەشی وت، لە ئێستادا شارۆچكەی مەنبەج یەكێكە لە هۆكارەكانی دواكەوتنی ڕاگەیاندنی هەرێمی فیدراڵیی سەرتاسەری ڕۆژئاوای كوردستان بە هۆی لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر جەرابلووس كە دەیەوێت منبەجیش لەژێر دەستی كورد دەربێنێت.
وتیشی: ״ئەوەی تا ئێستا بۆ فیدراڵیی ڕۆژئاوا یەكلایی نەكراوەتەوە، چەند پرسێكە، لەوانە دانانی ئاڵایەكی نوێ كە لەگەڵ ئاڵای سوریادا هەڵبكرێت، هەروەها شوێنی سەرەكیی پەرلەمانی ڕۆژئاوا و سنووری ئیداریی ناوچەكانی سیستمە فیدراڵییەكە.״
نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان ڕوونی دەكاتەوە، دەبێت پرسی سنووری هەرێمەكە لە سنووری توركیاوە بێت كە تا شاری عەزاز درێژ دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ سوریا تا ئێستا ئەوە پەیوەستە بە شەڕ لە دژی چەتەكانی داعش.