خۆپیشاندانەكان بەرەو جەنگی ناوخۆیی مل دەنێن
ئاژانس – بەغدا
لە ماوەی دوو هەفتەدا هاوكێشەی خۆپیشاندانەكانی عێراق هەڵگەڕایەوە، موقتەدا سەدر كە پێشتر پاڵپشتیی داخوازیی خۆپیشاندەرانی دەكرد، لە ڕێگەی ״كڵاوشینەكانی״ هەوادارییەوە كەوتنە گیانی خۆپیشاندەران، كە ئەوەش سەرەتای مەترسییەكە بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی شیعەكان.
لە پاش ڕێككەوتنی لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح سەبارەت بە دانانی محەمەد عەللاوی بە سەرۆكوەزیرانی نوێ، موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر هەڵوێستی سەدوهەشتا پلە پێچەوانە بووەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكان، لە كاتێكدا پێشتر پاڵپشتیی ناڕەزایەتییەكانی دەكرد و ماوەی دوو هەفتەیە لە ڕێگەی لایەنگرەكانییەوە كە بە كڵاوشینەكان ناسراون هێرش دەكاتە سەر خۆپیشاندەران.
ئەو گۆڕانكارییە لە كاتێكدایە خۆپیشاندەران پاڵاوتنی محەمەد عەللاوی ڕەت دەكەنەوە كە لایەنە شیعەكان لەسەری ڕێك كەوتوون و سەدریش پشتیوانیی دەكات و بۆ ئەوەش ڕێڕەوی خۆپیشاندانەكانیان زیاتر كرد.
كڵاوشینەكانی لایەنگری سەدر هێرشیان كردە سەر بارەگای چێشتخانەی تووركی لە بەغدا كە بە قەڵای خۆپیشاندەران ناسرابوو و درووشمی خۆپیشاندەرانیان لێ كردەوە.
سێشەممەی ڕابردوو سەدر لە پەیامێكدا داوای لە كڵاوشینەكان كرد خوێندنەگە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بپارێزن، بەڵام پەیامەكە بەرەو سەركوتكردنی خۆپیشاندەران پەرەی سەند.
عیسام عەلی، یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكانی بەغدای پایتەخت بە ״ئاژانس״ی وت: ״كڵاوشینەكانی لایەنگری سەدر هەڵیان كوتاوەتە سەر ماڵ و نەخۆشخانەكان بە مەبەستی گەڕان بە دوای خۆپیشاندەراندا و هەركەسێكیش درووشم لە دژی محەمەد عەللاوی بڵێتەوە دەستگیری دەكەن، سەدر دەیەوێت كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنێت لە پاش ئەوەی گەرەنتیی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی وەرگرت.״
وتیشی: ״كڵاوشینەكان چەقۆ و دەمانچەیان پێیە و هێزە ئەمنییەكانیش ڕۆڵی سەیركەریان هەیە.״
لە بەرانبەردا سەلام هادی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی سائیروون كە سەر بە ڕەوتی سەدرە بە ״ئاژانس״ی وت: ״لایەنی دەرەكی هەوڵ دەدات كێشە بخاتە نێوان خۆپیشاندەران و سەدرەوە بۆ ئەوەی وڵات بەرەو شەڕی نێوان شیعەكان ببەن و ئەو وێنانەش كە بڵاو كراونەتەوە گوایە لایەنگرانی سەدرن بە چەكەوە یان كۆنن یان كارمەندی هێزە ئەمنییەكانن و كڵاوشینەكان دەیانەوێت خۆپیشاندەران بپارێزن لە كەسانێك كە دەیانەوێت خۆیان بخزێننەوە ناویانەوە.״
ئەوەی ئەو قەیرانەی ئاڵۆزتر كرد پەیامی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكان بوو كە داوای كرد گیانی خۆپیشاندەران بپارێزرێن لەوانەی كە هێرش دەكەنە سەریان كە ئەوەش بە ناڕاستەوخۆ لە دژی سەدر بوو.
حسێن غورابی، چالاكوانی مەدەنی لە پارێزگای زیقار بە ״ئاژانس״ی وت: ״مەرجەعییەت تاكە پاڵپشتی ئێمەیە بۆ داواكارییەكانمان، لە كاتێكدا گرووپە چەكدارەكان دەیانەوێت لەناومان ببەن و كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن.״
ئەوە یەكەم جارە شەقامی شیعی لە بەغدا و شارە زۆرینە شیعەكانی دیكە بەسەر دوو بەرەی نەیاری یەكدا دابەش بن كە هێرش بكەنە سەریەك كە ئەگەر هەیە ئەو ڕەوشە ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێت ناكۆكییەكان بەرەو جەنگی ناوخۆیی شیعە ببات.
ئەحمەد عوبێدی، شرۆڤەكاری سیاسیی عێراقی بە ״ئاژانس״ی وت: ״موقتەدا سەدر هەوڵی دا خۆپیشاندانەكان بە پێی پلانێك كۆتایی پێ بهێنێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی كاری تێكدەرانە لە ناویاندا تا پاساو بە هێزە ئەمنییەكان بدات دەست وەربدەن و كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن.״
وتیشی: ״ئەگەر خۆپیشاندەران بە هاوشێوەی كڵاوشینەكان پەنا بۆ چەك بەرن ئەوە دۆخەكە بەرەو شەڕی نێوان شیعەكان دەڕوات و ڕەوشێكی مەترسیدار دێتە پێشەوە.״