ئاژانس، دۆیچەڤێللە و سی ئێن ئێن:
هەرچەندە تاكو ئێستا تەنها یەك لەسەر سێی یارییەكانی خولی ئیسپانیا ئەنجامدراون و 26 هەفتەی دیكە ماون، بەڵام پرسیارێك هەیە كە زۆربەی میدیاكانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە: ئایا پاڵەوانی ئەم وەرزەی لالیگا یەكلابۆتەوە؟ یاخود بە دەربڕینێكی تر: بەرشەلۆنە بۆتە پاڵەوانی وەرزی 2017/2018؟
گومان لەوەدا نییە، كە بەرشەلۆنە لەماوەیەكی زۆر كەمدا توانی بە جیاوازییەكی گەورە پێش ركابەرە ئەزەلییەكەی واتە ریاڵ مەدرید بكەوێت، پاش یەكسانبونەكەی یانەی شاهانە لەگەڵ ئەتلەتیكۆ مەدرید، جیاوازیی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید لە 12 هەفتەی یەكەمی خولەكەدا بەرزبۆوە بۆ 10 خاڵ.
هاوكات بەرشەلۆنە بەهەمانشێوە بە 10 خاڵ لەپێش ئەتلەتیكۆ مەدرید و بە 12 خاڵیش لەپێش سیڤیلیەوەیە، ئەوەی تاكو ئێستا ململانێیەكی بەهێزی یانە كەتەلۆنییەكە دەكات، یانەی ڤالنسیایە كە خاوەنی 30 خاڵە و تەنها چوار خاڵ لەدوای كەتیبەكەی ڤالڤێردییەوەیە.
ئەم ژمارانەیش ئاماژەن بۆ یەك خاڵی بنەڕەتی، ئەویش ئەوەیە كە بەرادەیەكی زۆر بەرشەلۆنە لە بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیاوە نزیكە، ئەگەرچی تۆپی پێ هەرگیز كاری ئەستەم نازانێت و دوورنییە هەموو شتێك پێچەوانە ببێتەوە.
سایتی دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانی باسی لەو هۆكارانە كردووە، كە وای لە زۆرێك لە چاودێران كردووە پێیانوابێت نازناوەكە بۆ بەرشەلۆنە یەكلابۆتەوە، لەهەمانكاتدا سایتی سی ئێن ئێنی ئەمەریكیش ئەو خاڵانەی خستۆتەڕوو كە ریاڵ مەدرید بەهۆیەوە دەتوانێت قەرەبووی ئەو 10 خاڵە بكاتەوە.
سەرباری ئەوەی ئامار و داتاكان لەبەرژەوەندیی یانەی بەرشەلۆنەن، لەهەمانكاتدا ئاستی بەرزی ئەو یانەیە و هەستانەوەی تیپەكە پاش دۆڕاندنە گەورەكەیان لە جامی سوپەری ئیسپانیادا، بەڵگەی ئەوەن میسی و هاوڕێكانی لەسەر ریتمی بردنەوەكانیان بەردەوام دەبن.
لەو 17 یارییەی بەرشەلۆنە لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەكاندا ئەنجامی داون، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە. كەتیبەكەی ڤالڤێردی لە كۆی 12 یاریی لالیگادا توانیویانە لە 11 یاریدا سەركەوتن بەدەست بێنن و تەنها لەیەك یاریدا كەوتونەتە داوی یەكسانبونەوە، ئەویش بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بوو.
لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپایشدا، لەچوار جەولەی یەكەمی قۆناغی گروپەكاندا بەرشەلۆنە لە سێ یاریدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و تەنها یەك یەكسانبونی هەبووە. سەبارەت بە جامی شای ئیسپانیاش، یەك یاریی كردووە و ئەویشی بردۆتەوە.
ئەگەر بەرشەلۆنە بتوانێت پارێزگاریی لە رێژەی گۆڵەكانی بكات و بەردەوام بێت لەسەر ئەو ئاستە، ئەوا زۆر قورس دەبێت كە لەهەفتەكانی دیكەی لالیگادا توشی شكست و یەكسانبوون ببێت.
سەرباری رۆیشتنی نیمار داسیلڤای بەرازیلی و ناجێگیریی ئاستی لویس سوارێزی ئۆرۆگوایی، بەڵام بەرشەلۆنە تاكو ئێستا 33 گۆڵی لە لالیگادا تۆماركردووە، كە دەكاتە 2.75 گۆڵ بۆ هەر یارییەك. لەبەرامبەردا تەنها چوار گۆڵی لێكراوە.
هاوكات ئەندرێ تێرشتگینی ئەڵمانی گۆڵچی یانەكەیش لەبەرزترین ئاستی خۆیدایە، وەكچۆن لیۆنێل میسی ئەرجەنتینیش توانیویەتی 12 گۆڵ لە 12 هەفتەی یەكەمدا تۆماربكات.
لەگەڵ ئەو ئاستە بەرزەی میسی دا، هێرشبەران و هێڵی پێشەوەی ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیكۆ مەدریدیش بەرادەیەك ئاستیان دابەزیوە، كە هەمووی دەچێتەوە خزمەتی یانە كەتەلۆنییەكە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی ریاڵ مەدرید، كە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی وەرگرت، لەم وەرزەدا تەنها یەك گۆڵی تۆماركردووە، كەریم بنزیمەش بەهەمانشێوە یەك جار تۆڕی تیپی بەرامبەری هەژاندوە، لایەكەی دیكەی سێگۆشەكەیش واتە گاریس بەیڵ كە ئێستا پێكانی هەیە خاوەنی دوو گۆڵە لەم وەرزەدا.
بەمشێوەیەش كەواتە «بی بی سی»یەكەی ریاڵ مەدرید بەهەرسێكیان نەیانتوانیوە پێش پاولینیۆی بەرازیلی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەرشەلۆنە بدەنەوە، كە بە تەنها خاوەنی چوار گۆڵە.
دابەزینی ئاستی بی بی سی، هاوكاتە لەگەڵ «رۆژووگرتن»ی ئەنتوان گریزمانی فەرەنس هێرشبەری ئەتلەتیكۆ مەدرید، كە لە 27ی ئەیلولەوە نەیتوانیوە گۆڵ تۆماربكات.
ریاڵ مەدرید لە 12 یارییەكەی ئەم وەرزەدا تەنها حەوت بردنەوەی تۆماركردووە، لەگەڵ سێ یەكسانبون و دوو دۆڕاندن، واتە بەكۆی گشتی 12 خاڵی لەدەستداوە، واتە هەر هەفتەیەك یانەی شاهانە خاڵێكی لەدەستداوە. لەكاتێكدا لە 12 هەفتەی سەرەتای وەرزی رابردوودا تەنها شەش خاڵیان لەدەستدابوو، بە 30 خاڵیشەوە پلەی یەكەمی ریزبەندییان گرتبوو، بە جیاوازیی چوار خاڵ لەپێش بەرشەلۆنەوە بوون.
كەتیبەكەی زینەدین زیدان بە درێژایی 38 هەفتەی وەرزی رابردوو، كە لەكۆتاییدا نازناوەكەیان بردەوە تەنها 21 خاڵیان لەدەستدابوو.
ئەگەرچی وەرزی رابردوو لەدوای 12 هەفتە یاریكردن بەرشەلۆنە چوار خاڵ لەدواوە بوو، بەڵام تاكو كۆتایی وەرز نەیتوانی پێش ریاڵ مەدرید بكەوێتەوە. ئایا ریاڵ مەدرید ئەم وەرزە دەتوانێت قەرەبوی ئەو 10 خاڵە بكاتەوە؟
سێ هەفتەی یەكلاكەرەوە لە رۆژانی داهاتوودا دێنە پێشەوە، هەفتەی داهاتوو بەرشەلۆنە یارییەكی قورسی هەیە و دەبێتە میوانی ڤالنسیای دووەمی ریزبەندی، لەكاتێكدا ریاڵ مەدرید لەنێو یاریگای خۆیدا میوانداریی مەلەگە دەكات. ئەمە هەلێكی زێڕینە بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ و هاوڕێكانی بتوانن جیاوازییەكە كەمبكەنەوە. چونكە هەفتەی دوای ئەوە، بەرشەلۆنە ئەركی سوك دەبێت بەرامبەر سیلتاڤیگۆ و ریاڵ مەدریدیش دەچێتە یاریگا قورسەكەی ئەتلەتیك بلباوەوە.
سێیەمین هەفتەش بۆ هەردوو یانە قورس دەبێت، بەرشەلۆنە بەرامبەر ڤیاریاڵ، ریاڵ مەدریدیش بەرامبەر سیڤیلیە.
ئاست و ئەنجامی ریاڵ مەدرید لەم سێ هەفتەیەدا دەریدەخات كە كەتیبەكەی زیدان تاكو چەند توانای هەستانەوەیان هەیە.
ریاڵ مەدرید بە بەراورد بە وەرزی رابردوو، تەنها لەهێڵی هێرشبردندا كێشەی هەیە، بۆیە ئەگەر رۆناڵدۆ بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و كەریم بنزیمەش هاوكاریی زیاتری یانەكە بكات، ئەوا هێڵی بەرگریی یانەكە توانیویانە ئاستێكی پێویست نیشان بدەن.
یانەی شاهانە بە 12 هەفتەی وەرزی رابردوو 34 گۆڵیان هەبوو، بەڵام ئەم وەرزە تەنها 22 گۆڵیان هەیە، لەكاتێكدا لەرووی بەرگرییەوە باشترن، بۆ نمونە وەرزی رابردوو 10 گۆڵیان لێكرابوو، بەڵام ئەم وەرزە تەنها 9 گۆڵ. بۆیە كێشەی سەرەكیی یانەكە لە هێڵی پێشەوەیە و بەگەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ ئاستە بەرزەكەی رەنگە ریاڵ مەدریدیش هەستێتەوە.