زۆربه‌یان ئه‌ندامی داعش بوون
ئاژانس – شیروان محه‌مه‌دئه‌مین
تا ئێستا 680 تاوانبار له هه‌رێمی كوردستان بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، به‌ڵام به هۆی دهرنهكردنی مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم سزاكان جێبه‌جێ نه‌كراون و له‌مساڵیشدا سه‌رۆكی نوێی هه‌رێم ئیمزای ناكات و ئه‌و پرسه ده‌درێته ده‌ست ڕاپرسیی هاووڵاتییان.
به پێی یاسای سزادانی عێراقی، ژماره 111ی ساڵی 1969 كه ئێستا له هه‌رێمی كوردستان كاری پێ ده‌كرێت، 49 تاوان سزای له‌سێداره‌دانیان هه‌یه، له‌و ژماره‌یه 29 حاڵه‌تیان دادوه‌ر سه‌رپشكه له نێوان سزای له‌سێداره‌دان و زیندانیی هه‌تاهه‌تایی كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت، له 20 تاوانه‌كه‌ی دیكه ته‌نها سزای له‌سێداره‌دان هه‌یه، وه‌ك (كوشتنی به ئه‌نقه‌ست، تاوان دژی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت، ده‌سترێژیی سێكسی، كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، جاسووسی و خیانه‌تی گه‌وره، ڕفاندن، بازرگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ر، دزی ئه‌گه‌ر به زۆرلێكردن كرا).
هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌ك له تاوانباران له هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌م تاوانانه‌یان به‌سه‌ردا ساغ بووه‌ته‌وه و سزای له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركراوه، به‌ڵام سزاكه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌كراوه.
جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و سزایه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه كه ده‌بێت له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه مه‌رسومی جێبه‌جێكردنی سزاكه ده‌ربچێت كه له ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌و مه‌رسومه ده‌رنه‌كراوه.
حاكم ئومێد موحسین، وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان، بۆ “ئاژانس” وتی: “تا ئێستا 680 كه‌س له هه‌رێم، بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، كه زۆرینه‌یان به ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن و به هۆی ئه‌ندامێتییان له‌ناو داعش سزا دراون، به‌ڵام تا ئێستا مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیان بۆ ده‌رنه‌چووه.”
وتیشی: “سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ سزادراوانی سێداره ده‌سه‌ڵاتی لێبووردن، یان كه‌مكردنه‌وه‌ی سزا و به‌ندكردنی هه‌میشه‌یی و بڕیاری له‌سێداره‌دانی هه‌یه، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی تازه ده‌ستبه‌كار بووه تا ئێستا هیچ یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ی نه‌داوه و پێویسته بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانیش سزای سێداره جێبه‌جێ بكرێت.”
ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌زاره‌تی كار و كاروباری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ “ئاژانس” ده‌ڵێت: “پێده‌چێت ئاماری له‌سێداره‌دان زیاتر بێت له‌وه‌ی كه لای ئێمه هه‌یه، به‌ڵام له لایه‌ن دادگاوه 275 كه‌س بۆ وه‌زاره‌تمان نێردراون كه بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، له‌و ڕێژه‌یه‌ش 11 كه‌سیان ژنن، كه له ساڵی 2006 كه‌یسی سزادراوانی سێداره جێبه‌جێ نه‌كراوه، به‌ڵام چه‌ند كه‌یسێك له ڕابردوودا له‌سێداره‌دانیان جێبه‌جێ كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كارێكی زۆر دڕندانه‌یان ئه‌نجام دابوو، كه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه كاریگه‌رییه‌كی زۆری درووست كردبوو.”
وتیشی: “له ساڵانی 2010، 2012، 2014، 2018، 2019 چه‌ندین جار داوامان كردووه كه چاره‌نووسی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه حوکمی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه یه‌كلایی بكرێته‌وه، به‌ڵام وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه له ڕووی ئیداری و بۆ سزادراوانیش له ڕووی ده‌روونییه‌وه چاوه‌ڕوانییه‌كی زۆر ناخۆشه.”
به‌رپرسێكی باڵا له دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كه نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه بۆ “ئاژانس” وتی: “پێشتر كاتێك ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم گوازرایه‌وه بۆ نێچیرڤان بارزانی، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پێشووی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ڕاوێژكارانی خۆی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران دیراسه‌ی پرسی هه‌ڵگرتن یان مانه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دانی كرد، به‌ڵام نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام.”
وتیشی: “سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌مساڵ بڕیار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردن یان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له‌سێداره‌دان نادات و بڕیاره یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه له ڕێگه‌ی ڕاپرسیی خه‌ڵكه‌وه یه‌كلایی بكرێته‌وه و بۆچوونێكی تریش هه‌یه كه له ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌وه په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدات.”